بۆچی کۆنفرانسە زانستییەکانی زانکۆکان گرنگن؟

09:50 - 2025-01-29
پ.ی.د.پاڤێ جەمیل ئەحمەد
215 خوێندراوەتەوە

پ.ی.د پاڤێ جەمیل


وەبەرهێنان لە سازدانی کۆنفرانس و پاڵپشتیی لە ئامادەبوونی توێژەران، هەنگاوێکی پێویستە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی پێشکەوتنی زانستی و گەیشتن بە گەشەسەندنی بەردەوام لە بوارە جیاجیاکاندا


کۆنفرانسی ئەکادیمی، یەکێکە لەو پایە بنەڕەتییانەی کە زانکۆکان پشتی پێدەبەستن بۆ پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و بەرزکردنەوەی پەیوەندیی ئەکادیمی نێوان توێژەران و پسپۆڕان و زانکۆکان و ئەو رێکخراو و لایەنانەی گرنگی بە پێشکەوتن دەدەن لەبوارەکانی ژیاندا. ئەو کۆنفرانسانە سەکۆیەکی گرنگ پێکدەهێنن بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و زانیاری، بەو پێیەی دەرفەت بۆ توێژەران دەرەخسێنن کە ئەنجامی توێژینەوەکانیان بخەنەڕوو، تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی بوارەکانی پسپۆڕی خۆیان بکەن، هەروەها دەربارەی نوێترین رەوتە زانستی و تەکنۆلۆژییەکان فێر بن و ئاگادار بن. 
لەڕێگەی ئەم رووداوانەوە، ژینگەی توێژینەوە هاندەدرێت و توانای ئەکادیمی بەشداربووان پەرەپێدەدرێت، ئەمەش بەشدارە لە بەرزکردنەوەی کوالیتی خوێندن بەتایبەتی خوێندنی باڵا، هەروەها کوالیتی بوارەکانی تر

کۆبوونەوە زانستییەکان ژینگەیەکی بەپیتن
کۆنفرانسە ئەکادیمییەکان دەرفەتێک بۆ زانکۆکان دەڕەخسێنن بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی ئەکادیمی خۆیان بە گەیشتن بە هاوکاریی نێودەوڵەتی، بەو پێیەی کۆبوونەوە زانستییەکان ژینگەیەکی بەپیتن بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و بنیاتنانی هاوبەشی نێوان دامەزراوە ئەکادیمییە جیاوازەکان. بەهۆی ئەم کۆنفرانسانەوە تۆڕە زانستییەکانی نێوان توێژەران فراوانتر دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی پەرەپێدانی پڕۆژەی توێژینەوەی هاوبەش کە بەشدارن لە بەرهەمهێنانی زانیاریی نوێ بە بەهای زانستی بەرز. 
بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکاندا، رێگە بۆ توێژەرانی گەنج دەکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەزموونی نوێ و کارلێککردن لەگەڵ پسپۆڕان لە پسپۆڕییەکانیان، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی توێژینەوە و بەرزکردنەوەی پیشەی ئەکادیمییان.

دەرفەتێک بۆ پەیوەندیکردن
جگە لە پێشخستنی توێژینەوەی زانستی، کۆنفرانسەکان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ زانکۆکان بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوەی نوێی زانستی و زانیاری بۆ پڕۆژەی توێژینەوەکانیان. 
ئەم بۆنانە دەرفەتێکە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ بەخشەر و ئەو لایەنانەی کە سپۆنسەری پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دەکەن  بە تواناکانیان کە بەدوای پڕۆژەی توێژینەوەی داهێنەرانەدا دەگەڕێن بۆ پشتگیریکردنیان، دواتر زانکۆکان بەشێوەیەکی زانستی و بە پێشکەشکردنی توێژینەوە بە شێوەیەکی زانستی و پیشەیی و دروستبوونی بیروڕای نوێ و بیرکردنەوەی نوێ  لەم کۆنفرانسانەدا.
کۆنفرانسە زانستییەکان بەشدارن لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ئەکادیمی، چونکە رێگە بە توێژەران دەدەن توێژینەوەکانیان لە گۆڤارەکانی زانستی پێداچوونەوەی هاوتادا بڵاوبکەنەوە، ئەمەش بەشدارە لە فراوانکردنی بنکەی زانیاری کە لەبەردەستی ئەکادیمی و خوێندکاراندایە. هەروەها ژینگەیەکی گونجاو بۆ گفتوگۆی زانستی دەڕەخسێنێت کە ئاسۆی نوێ بۆ بیرکردنەوەی رەخنەیی و شیکاری دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی باشترکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن و پەرەپێدانی پلانی ئەکادیمی لە زانکۆکاندا.
سەرەڕای سوودە زۆرەکانی کۆنفرانسە ئەکادیمییەکان، تەحەددای رێکخستن و بەشداریکردنیان تێدا هەیە. زۆر جار  کۆنفرانسەکان، لە رێکخستن و ئامادەبوون و گواستنەوەیە، بەتایبەتی بۆ توێژەرانی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو، بەڵام ئەو گۆڕانکارییە دیجیتاڵیانەی کە ئەمڕۆ لە جیهاندا روودەدەن، پێویستیی پەرەپێدانی کۆنفرانسی مەجازیی سەپاندووە کە رێگە بە بەشداریکردنی فراوانتر بدات بەبێ سنووردارکردنی جوگرافی و دارایی. 
لەم چوارچێوەیەدا کۆنفرانسی مەجازی، بووەتە بەدیلێکی زۆر باش و کاریگەر کە رێگە بە زانکۆ و توێژەران دەدات چالاکانە بەشداری لە دیالۆگە ئەکادیمییەکانی جیهانیدا بکەن، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە گەشتکردن بێت، ئەمەش بڵاوبوونەوەی زانیاری زانستی لەسەر ئاستێکی فراوانتر بەرز دەکاتەوە.
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین کە کۆنفرانسە ئەکادیمییەکان نوێنەرایەتی توخمێکی جەوهەری دەکەن لە بەرزکردنەوەی رۆڵی زانکۆکان وەک ناوەندی توێژینەوە و داهێنانی زانستی. 
زانکۆکان لە رێگەی بەشداریی چالاکانەوە، لەم کۆنفرانسانەدا دەتوانن پەرە بە ئاستی ئەکادیمیی خۆیان بدەن و کوالیتی توێژینەوەکانیان بەرز بکەنەوە و بەشداریی بکەن لە پێشخستنی زانست لەسەر ئاستی جیهان. 
بۆیە وەبەرهێنان لە سازدانی کۆنفرانس و پاڵپشتیی لە ئامادەبوونی توێژەران، هەنگاوێکی پێویستە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی پێشکەوتنی زانستی و گەیشتن بە گەشەسەندنی بەردەوام لە بوارە جیاجیاکاندا.

* راگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی

وتارەکانی نوسەر