رۆڵی ژنان لە راپەڕینی ئازاری1991 دا

01:35 - 2025-03-11
دووتوێ
159 جار خوێندراوەتەوە

 شاناز هیرانی
گەر سەیری ئەرشیف و تۆمارە ڤیدیۆییەكانی رۆژانی راپەڕین بكەین، ژمارەیەكی یەكجار زۆر كچ و ژن دەبینرێن كە چۆن هاوشانی پێشمەرگەكان، ئازایانە بەرەوڕووی رژێم دەبنەوە و بە هاندان و هوتاف و پاڵپشتییكردن و وتنەوەی دروشم و سروودی نیشتمانی دەچنە پێشەوە

بە درێژایی مێژوو، هەمیشە ژنان رۆڵی گرنگ و كارایان هەبووە لە خەباتی گەلی كورد و ئازادیی خاك و نیشتمان. لە راپەڕینی بەهاری 1991یشدا، ژنان جگە لەوەی هاوشانی برا و كوڕ و باوك و هاوسەرەكانیان، چوونە ریزی پێشەوەی ئاپۆرای جەماوەریی راپەڕییو، بەشێكی زۆریان چەكیشیان كردە شان و لە گرتن و  پاكکردنەوەی دامودەرگاكانی بەعسدا بەشدار بوون. بەشێك لەو ژنانە لەناو رێكخستنە نهێنییەكانی شار و شانەی چەكداری بوون و بە كردەوە بەشداربوون لە بەرنامە و پلانی راپەڕیندا. 
گەر سەیری ئەرشیف و تۆمارە ڤیدیۆییەكانی رۆژانی راپەڕین بكەین، ژمارەیەكی یەكجار زۆر كچ و ژن دەبینرێن كە چۆن هاوشانی پێشمەرگەكان، ئازایانە بەرەو ڕووی رژێم دەبنەوە و بە هاندان و هوتاف و پاڵپشتییكردن و وتنەوەی دروشم و سروودی نیشتمانی دەچنە پێشەوە، كە ئەوكاتە جۆش و خرۆشێكی زۆری دەدا بە خەڵك بەشداربن لەو راپەڕینە. بۆیە ژنان نەك هەر بەشداربوون، بەڵكو لایەنێكی گرنگیی سەركەوتنی راپەڕینەكە بوون.
زۆجاریش بەهۆی ئەرشیف نەكردن و لەناوچوونی بەڵگەنامەكان و نەمانی دۆكۆمێنتەكان لەسەر ئەو بابەتە، مافی ئەو ژنانە لەو تۆمارە مێژووییە خوراوە. دڵنیام چەندین ژن شەهید بوون و بوونەتە قوربانی. تەنانەت هەندێكیان رۆڵی سەركردایەتیان گێڕا لە ئاراستەكردنی جەماوەر و یارمەتیدانی پێشمەرگە. بۆیە ژنان لەو راپەڕینەدا، بە خوێن  و گیانفیدایی و خەباتیان، پشكێكی گەورەیان لەو مێژووەدا هەیە و بەدرەوشاوەیی دەمێنێتەوە.

#هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان