گۆڕانكاری، پێویستە..

10:53 - 2024-04-16
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
124 خوێندراوەتەوە

د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا

 

یەکێک لەو دیاردانەی كە لەگەڵ درێژەكێشانیدا گومان لە بوونی گەندەڵی دەكرێت، دانانی بەرپرسە ئیدارییەكانە لە پۆستێكدا بۆ ماوەیەكی دوورو درێژو بێ هیچ گۆڕانكاری و ئاڵوگۆڕێك. لە كابینەكانی حكومەتدا ئەم دیاردەیە، زۆرجار بە زەقی بەرچاو كەوتووە، بە رادەیەكیش جێی ناڕەزایی بووە كە هەندێجار ئەو تانەیە لە هێزە بەشداربووەكانی حكومەت بدرێت كە قەیرانی عەقڵ و كادری پسپۆریان هەبێت! دەنا سروشتی نییە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی، فەرمانگەیەك، دەزگایەك، 12 بۆ 16 ساڵ پۆستێك مۆنۆپۆڵ بكات، یان كە بشگۆڕدرێت لە پایەی ئیداریی تردا پۆستی پێبدرێتەوە.

 

گۆڕانكاری پێویستە، ئەمە داواكاری و تانە و ناڕەزاییش نییە، زانست سەلماندوێتی

لایەنێكی بابەتەکە هەر قۆرغكردن نییە، هەر ئەو تانەیەش نییە كە رەوایە، بەڵكو رەچاونەكردنی بنەمای زانستیی سنووری وزە و بەخششی تاكەكانە لە بوارێكی بەرپرسیارێتیی دیاریكراودا. زۆر توێژینەوەی زانستی و مەیدانی لەبواری دەروونناسی، كۆمەڵناسی، كارگێڕی، ئەوەیان سەلماندووە كە مانەوەی كاربەدەستان لە هەر پۆستێكی بەڕێوەبردندا بۆ ماوەیەكی زەمەنیی دوورودرێژ دەبێتە هۆی خاڵیبوونەوەیان لە بەخشش و داهێنان و تەنانەت دڵسۆزییش. لەروانگەی قوتابخانەی ژاپۆنییەوە بێت لەبواری كارگێڕیدا، ئینتماشی دەچێتەسەر!، واتە ئەو كاربەدەستە وەك رۆتینێكی وەزیفی لەگەڵ بەرپرسیارێتییەكانیدا رەفتار دەكات و تایبەتمەندێتیی ئاستی باڵای كارگێڕی Top-Level Management لەدەستدەدات، بەوەش نەك خزمەتی گشتیی پێناكرێت، بەڵكو پەنا بۆ هەموو رێوشوێنێكی گەندەڵیكردن دەبات، كە ئەوەش بە دوو ئامانجە، یان مانەوە لە پۆستدا لە ئەنجامی سایكۆلۆژیای ترس لە زیادبوونی دەنگی ناڕەزایی و نەمانی بەهای لەشوێنی كاردا، یان پچڕینی زۆرترین دەسكەوتی تایبەتی وەك گوزارشتێك لەسایكۆلۆژیای مەترسیی لادان و دوورخستنەوەی لەناكاو، بۆیە بە رستەیەك دەڵێین: گۆڕانكاری پێویستە، ئەمە داواكاری و تانە و ناڕەزاییش نییە، زانست سەلماندوێتی.

وتارەکانی نوسەر