ئەگەر سەدرییەکان بایكۆت بشکێنن

10:58 - 2024-04-18
فەرید دڵشاد
83 خوێندراوەتەوە

فەرید دڵشاد

ماوەی دووساڵە موقتەدا سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی عیراق دووركەوتۆتەوە و بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی كردووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە 2021 لیستەكەی براوە بوو، بەڵام نەیتوانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی دروستبكات، كە خۆی بانگەشەی بۆ دەكرد. 
هەرچەندە سەدر جەختی لەوە كردەوە، كە بەشداری لە هیچ هەڵبژاردنێكی داهاتوودا ناكات و بەڵێنەكەشی بردە سەر و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2023ی بایكۆت كرد، بەڵام لەمساڵدا سەدر و رەوتەكەی چەند جموجوڵێكیان كردووە ئەوە دەردەخەن، كە بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ پڕۆسەی سیاسی عیراق لەسەر مێزی گفتۆگۆ دانراوە.

گۆڕینی ناوی  رەوتی سەدر بۆ رەوتی نیشتمانی شیعە، ئاماژەن بۆ ئەگەری گەڕانەوەی سەدرییەکان بۆ ناو پرۆسەی سیاسی 

چالاكبوونەوەی فراكسیۆنی سەدر و كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانییان، قسەكردن بە ئامێری بێتەل لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی رەوتەكەی، سەردانیكردنی سەدر بۆلای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عیراق، بەم دواییانەش گۆڕینی ناوی  رەوتی سەدر بۆ رەوتی نیشتمانی شیعە ئاماژەن بۆ ئەگەری گەڕانەوەی سەدرییەکان بۆ ناو پڕۆسەی سیاسی و بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا بكات، بەمەش هاوكێشە سیاسییەكان دەگۆڕێن.
زۆرجار سەدر هەڵوێستەكانی لەناکاو گۆڕیوە، ئێستاش هەستیكردووە ناوچەكە گۆڕانكارییەك بەخۆیەوە دەبینێت بەتایبەتی زەقبوونەوەی ململانێكانی ئەمریكا و ئێران، دەیەوێت بێتەوە ناو پڕۆسەی سیاسی.
ئەوان گەیشتوون بەو راستییەی بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی زیانی لێداون، بەتایبەتی بەشێك لە سەركردە و  لایەنگرەكانیان تۆران و دابڕان، هەربۆیە دەیەوێت جارێكی تر گڕوتینێك بە رەوتەكەی بداتەوە و لە دابەشبوون بپارێزێت.
ئاماژەكان بەو ئاڕاستەیەن کە سەدر خۆی ئامادەكردووە بۆ دەستپێكردنەوەی گەڕێكی تری ململانێكان لەگەڵ لایەنە شیعە ركابەرەكانی، هەندێك سەرچاوەش باس لەوە دەكەن  سەدر چاوی بە چەند گروپێكی شیعە كەوتووە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هاوپەیمانی لەگەڵ بكەن، كاریش لەسەر ئەوە دەكات یاسای هەڵبژاردنەكان بگۆڕێت و هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێت، هەرچەندە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت قورسە، بەڵام پێناچێت سەدر دەستبەرداری پڕۆژەی حكومەتی زۆرینە بووبێت و نایەوێت هەموو لایەنەكان بەشداربن، ئەوەشی لە دوایین پەیامیدا بەروونی راگەیاند و وتی» لەگەڵ گەندەڵكاران بەشداری حكومەت ناكەم»، بەلام  دوور نییە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كە بڕیارە ساڵی 2025 بكرێت بایكۆت بشكێنێت و دەشیەوێت سوود لە ناكۆكی نێوان ماڵی شیعە وەربگرێت، چونكە  ئەوانیش لەناو خۆیاندا لەسەر زۆرێک لە کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان هاو هەڵوێست نین و بەش بەش بوون، رەنگە لەم دۆخەدا سەدرییەکان ببنە زۆرینە، چونکە پێگەی جەماوەرییان لە لایەنە شیعەکانی دیکە فراوانترە.

وتارەکانی نوسەر