هەناسە

زانستگە و مەیخانەی دڕکەپەتکی مرۆڤ

10:38 - 2024-04-24
مەحمود شێرزاد
120 خوێندراوەتەوە

تا ئێستا زانست پێی وابوو (دڕکەپەتک) کاری ئەوەیە لە نێوان ئەندامەکان و شانەکان و خانەکانی لەش و مێشکدا پەیوەندیی دوولایەنە دروست بکا، بەڵام لە گۆڤاری (ساینس)دا توێژینەوەیەکی ناوەندی (ریکین) ی ژاپۆن کە کار لەسەر مێشکی مرۆڤ دەکا، بڵاوبۆتەوە و تێیدا دکتۆر (تاکیۆکا) و تیمە ئەکادیمییەکەی بەو بەرەنجامە گەیشتوون دڕکەپەتک دەتوانێ سەربەخۆ لە مێشک کار بکا و هەروەها یادگەی تایبەتی خۆی هەیە، ئەمەش شۆڕشێک لە بواری پزیشکی و چارەسەریی زۆربەی نەخۆشییەکان و بە تایبەتی لەبواریی زانست و ئاگاییدا دروست دەکا.
لە زانستی یۆگادا (دڕکەپەتک) بە پلەی یەکەم گرینگی پێدراوە، لەبەر ئەوەی یۆگییەکان لە بنەڕەتەوە باشیان ناسیووە، بۆ نموونە دانیشتن و وەستان بە پشتی رێکەوە لە هەموو راهێنان و ئامۆژگارییەکی یۆگادا هەیە، چەماندنەوە و لارکردنەوەی دڕکەپەتک بە کاری زۆر خراپ باسکراوە، چونکە دەبێتە هۆی لاوازبوونی جەستە و ئاگایی، یۆگییەکان دەڵێن ئەگەر بڕبڕەی پشتمان بچەمێتەوە یان خواری بکەینەوە بەرە بەرە پەیوەندیی نێوان زەین و ئەندامەکانی جەستەمان لاواز دەبێ، هەروەها ئاستی درک و تێگەیشتنمان دادەبەزێ، لەبەر ئەوەی وزە و ئاگایی کەند و کۆسپی بۆ دروست دەبێ و وزە و ئاگایی ناتوانێ بە ئاسانی لە کلێنچکەوە تا تەوقی سەر لە هاتووچۆ دابێ.
یۆگییەکان دەڵێن لە دڕکەپەتکی مرۆڤدا ئارامی، شادی و چێژیی راستەقینە هەیە، یانی ئەم سێ حاڵەتە لە یۆگادا لە دەرەوەی مێشک و هۆڕمۆنەکانەوە باس دەکرێن، کە مرۆڤ دەتوانێ بە راهێنانەکانی یۆگا و بە تایبەتی بە جێبەجێکردنی ئاشتانگا یۆگا (هەشت قۆناغی یۆگا) ی حەکیم پاتانجالی ئەزموونییان بکا، بەڵا‌م ئارامی و شادی و چێژی کاتی پەیوەندیی بە لەش و غوددەکان و هۆڕمۆنەکانەوە هەیە، بە قەولی دکتۆر جۆی دیسپێنزا رووداێکی کیمیایین لە لەشدا. کەچی ئەم سێ حاڵەتەمان بەشێوەی ئاگایی تێدایە و یۆگا ئەمەی دۆزیوەتەوە.

 

لە دڕکەپەتکی مرۆڤدا ئارامی، شادی و چێژیی راستەقینە هەیە

 

یەکێک لەم راهێنانانەی لەم بوارەدا زۆر گرینگە پێی دەگوتری دانیشتنی (سوکهاسانا) یانی دانیشتن بە شێوەی ئاسان، لە کوردەواریدا پێی دەگوترێ چوارمەشقی و کورد لە سەردەمی سۆمەریی و پێش سۆمەرییەکانیشەوە وا دانیشتووە، رەنگە هیچ نەتەوەیەکیتر لەسەر زەوی نەبێ ئەم جۆرە دانیشتنە لای کەلتور و داب و نەریت بێ، ئێمە پێش هاتنی قەنەفە و کورسی لای گەورەکان و لای میوان و لە مەجلیسەکاندا دەبوو چوارمەشقی دابنیشین، یەکێک لەو بەڵگانەی دەیسەلمێنێ یۆگا سەرەتا لە داوێنی زاگرۆس سەریهەڵداوە ئەم شێوازە دانیشتنەیە.
لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستدا لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی تەسەوفدا (سوامی ساتیاناندا ساراسواتی) گوتی: (یۆگا لە ئێرانەوە بەرەو هیندستان هاتووە و لێرە لە بەڵای رۆژگار پارێزراوە). قسەکەی بە تەواوی راستە، بەڵام ئەو کات ئێران نەبوو، ئەو ناوچەیە کوردستان بوو.
لە کۆتاییدا پێشنیاز دەکەم هەمیشە ئاگات لێ بێ بە پشتی رێکەوە دابنیشی یان بوەستی و هاوکات با هەناسەت ئارام و قووڵ بێ. بەمشێوەیە لەشساغتر، تەمەندرێژتر و ئارام و دڵخۆشتر دەبی.  

وتارەکانی نوسەر