وردتر

پڕۆژەی زۆرینە لە عیراقدا شكستی هێناوە!

09:19 - 2022-05-17
لەشکر حەمە ساڵح
479 خوێندراوەتەوە

لە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردووەوە، دۆخێكی سیاسیی تایبەت لە عیراقدا هاتۆتە ئاراوە كە تا رادەیەكی زۆر بارودۆخەكەی لە چەقبەستن نزیك كردۆتەوە.
لایەنە سەرەكییەكان لەسەر هەڵوێستی خۆیان سوورن و ئامادە نین یەكتری قبوڵ بكەن و لەسەر لانیكەمی پڕۆژەیەكی هاوبەش رێكبكەون، چونكە لە بنچینەوە لەسەر ئالیەتی پێكهێنان و كاركردنی كابینەی داهاتووی حكومەت جیاواز و دژ بەیەكترین.
تەنانەت دەوترێت، هەندێك لایەن، بەتایبەتی ئەوانەی خۆیان بە (زۆرینە) دادەنێن، بەنیازی تۆڵەسەندنەوە و پاكتاوكردنی نەیارەكانیانن، جا لەڕووی سیاسییەوە بێت، یان لەڕووی جەستەیی و ئەمنی و سەربازی و تەنانەت ئابووریشەوە.
بەشێوەیەكی گشتی، لە بارودۆخی ئەمڕۆی عیراقدا دوو بەرەی ناكۆك كۆنترۆڵی هاوكێشەكەیان كردووە كە بریتین لە هەردوو بەرەی (زۆرینە) و (تەوافوق). ئەو پەرلەمانتارانەی وەك كاندیدی سەربەخۆ متمانەیان بەدەستهێناوە، هەم قەبارەیان گەورە نییە، هەمیش ئەزموونی ئەوتۆیان نییە سوود لەو دەرفەتە وەربگرن كە بۆیان هاتۆتە پێشەوە.
بەرەی (زۆرینە) خۆیان بەبراوەی هەڵبژاردن دەزانن و دەیانەوێت مافی پێكهێنانی حكومەتێك وەربگرن كە گوایە بۆ (رزگاركردنی نیشتمان)ە لەو دۆخە ناهەموارەی تێیدایە، بەبێ ئەوەی بیشارنەوە ئەوەی ئەوان دەیكەن رەنگە ببێتە مایەی پەراوێزخستنی هەندێك لایەن كە پەراوێزخستنیان كردەیی نەبێت. 
دوو گرفتی گەورە لە بەردەم بەرەی (زۆرینە) دا هەن. یەكەمیان ئەوەیە، ئەو بەرەیەی گوایە (زۆرینە)ن، ئەو زۆرینەیەیان نییە كە بتوانن بەبێ بەرەكەی تر، یان لانیكەم بەبێ پەرلەمانتارە سەربەخۆكان، وەك (زۆرینە) ی فیعلی و راستەقینە مامەڵە بكەن و لەمپەرەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی (زۆرینە) هەر بە (زۆرینە) تێپەڕێنن.
گرفتی دووەمی بەرەی (زۆرینە) ئەوەیە كە عینادن و لەسەر قسە و بۆچوونی خۆیان سوورن، نەرم و كراوە نین، بەڵكو رەق و داخراون. وەك چۆن ناتوانن حكومەتی زۆرینە دروست بكەن، ئاوهاش ناشتوانن هەماهەنگی لەگەڵ بەرەكەی تردا بكەن بۆ گەڕانەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقی، یان لانیكەم چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەو باردودۆخە بخەنەڕوو. ئەوەی دەیكەن، كات كوشتن و یاریكردنە بەهەست و سۆزی خەڵك.
یەكێك لەو رێگەیانەی بەرەی (زۆرینە) ویستی سوودی لێوەربگرێت، مانەوەی حكومەتی ئێستای عیراق بوو بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی بۆ جێبەجێكردنی هەندێك ئەجێندا و بەرنامەی تایبەت بەو پێیەی بەشێكی زۆری پۆستە باڵا و هەستیارەكانی حكومەتیان بەدەستەوە، بەڵام بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەدانانی سنوورێك بۆ كابینەی كاربەڕێكەر.
ئەو بڕیارە مافی پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسا و هەندێك بڕیار و بابەتی گرنگ و هەستیاری لە حكومەتەكەی كازمی سەندۆتەوە، خودی ئەو حكومەتەشی بە كاربەڕێكەر داناوە كە پێویست ناكات متمانەی لێوەربگیرێتەوە، نەك وەك ئەوەی (زۆرینە) دەیویست یاساكانی ئاسایشی خۆراك و تەنانەت بودجە و سەندنەوەی متمانە لە وەزیرەكان و دانانی جێگرەوە تێپەڕێنێت.
بۆیە ئەو بەرەیەی بانگەشەی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی دەكرد، هەم لە بواری پێكهێنانی حكومەتی نوێدا، هەمیش لە بەرنامە سیاسییەكانیدا شكسی هێناوە، بەڵام هێشتا دان بەڕاستییەكاندا نانێت و دەیەوێت سوودی زیاتر لە كات وەربگرێت.

وتارەکانی نوسەر