ئەمڕۆ (57) ساڵ بەسەر دامەزراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانیدا تێپەڕ دەبێت و پێدەنێتە (58) ساڵەی تەمەنی. بەم بۆنە پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبای ئاڕاستەی گەلەکەمان بە گشتی و بەتایبەت موزیسییانانی کورد و یەکە بە یەکەی ئەندامانی تیپی مۆسیقای سلێمانی دەکەم، کە بوونی ئەم تیپە هێمایە بۆ شارستانییەتی نەتەوەی کورد.
نەتەوەکەمان تیپێکی میوزیکی هەیە
مافی هەموو تاکێکی کوردە، ئەمڕۆ لە کوردستاندا شانازی بە خۆیەوە بکات و بڵێت من لەو نەتەوەیەم سەڕەرای بوونی زوڵم و زۆرداری و بێ دەوڵەتی، نەتەوەکەمان تیپێکی میوزیکی هەیە، کە هێمایە بۆ زیندوویی و خەبات و بەرخۆدانی گەلێکی ماف خوراو.
بێگومان ئەم هێما زیندووەش لە خۆوە نییە و باکگراوندێکی فەلسەفی و زانستیی و کەلتوری لە پشتە.
گەورە راوێژکاری میوزیکی جیهانی (سایمۆن ماندی) لە کتێبی میوزیک و جیهانگەراییدا دەڵێت:(میوزیک زۆر لەوە مەزنترە کە بۆ کات بەسەربردن و پڕکردنەوەی کات بەکاربهینرێت، تەنانەت لە وڵاتەکانی دوای قۆناغی پیشەسازیش میوزیک یەکەیەکی بەهێزی چوونە ناو یەک و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی بووە). لە جیهاندا میوزیک بەشێکی پێویستی پێکهاتەی کۆمەڵایەتییە، هەروەها پێگە و بونیادی سەرەکی ناسنامەیە چ بۆ تاک چ بۆ کۆمەڵ هەر لەبەر ئەم هۆیەشە میوزیک رۆڵێکی بەرفراوانتر لە کات بەسەربردنی هەیە.
بەهرەمەندانی بە سەلیقە و لێهاتوو
لەم روانگەیەوە بۆیە موزیسیانان و بەهرەمەندانی بە سەلیقە و لێهاتووی تیپی مۆسیقای سلێمانی، هەمیشە ئەدگار لە سروشت و ئیلهامی نەریتی نەتەوەکەیان هەڵێنجاوە، وەک پەیامبەرێکی راستگۆ، گۆرانی و مۆسیقایان بە پێویستییەکی حاشا هەڵنەگر بۆ زاخاوی هزری کەسایەتیی کوردیی زانیوە و هەر لەوئاستەشدا بەرهەمە هونەرییەکانیان پێشکەشکردووە.
جیهانی ساکار و خۆشەویستیی و جوانیی - جیهانی ئەوین و دڵداری و گوزارشت لە خەم و ئازارەکانی نەتەوە - رەنگاڵەی ئامێرەکان و دەنگەکان، ئەمانە هەوێنی ئێستاتیکای کارەکانی تیپی مۆسیقای سلێمانین.
بێگومان سەرجەم کارەکانی ئەم تیپە لە دروشمە زیندووەکەیەوە سەرچاوەی گرتووە: (رووەو هونەرێکی کوردیی رەسەن و هاوچەرخ)ە . هەموو بەرهەمەکان، ئاوێزانی هزری تایبەتی دانەرەکانیانن و لە خۆوە دروست نەبوون، بەڵکوو عەقڵێکی مەعریفی هونەریان لە پشتە.
لەم یادەدا بە راشکاوی رایدەگەیەنین، سەرەڕای بوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بوونی وەزارەتێکی تایبەت بە کەلتور و رۆشنبیری، ئێمەی هونەرمەندان بەگشتی و بە تایبەت هونەرمەندانی بواری میوزیک لەمڕۆدا، لە تاریكترین سەردەمی خۆماندا هونەر پراكتیك دەكەین، دۆخی بوونی زەمینە سازی و بازاڕ و بەكاڵا بوونی هونەرێکی بێ ئاست، دوور لە بەهای زانستی و شکۆ و داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و فەرامۆش كردنی هونەری بە بەها و دڵکار، بە تایبەت لە باشوری كوردستان، کە ئێمە بۆ خۆمان پێی دەڵێین: ساتی هەڵکوڕمانی هونەر، کە ئەمەش بۆ ئایندەی کەلتوری رەسەنی میللەتەکەمان زۆر ترسناکە، بە جۆرێکە هەموو هونەرمەندانی خەمخۆری بێ تاقەت و وەرەس کردووە.
بەهۆی نەبوونی سیاسەتێکی روون بۆ هونەر، لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە بە تایبەت لایەنی پەیوەندیدار، رەوتی هونەر رێچکە پیرۆزەکەی خۆی ون کردووە
نەبوونی پاڵپشتی دارایی و مەعنەوی
بەهۆی نەبوونی سیاسەتێکی روون بۆ هونەر، لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە بە تایبەت لایەنی پەیوەندیدار، رەوتی هونەر رێچکە پیرۆزەکەی خۆی ون کردووە، نەبوونی پاڵپشتی دارایی و مەعنەوی، وای کردووە هونەرمەند هەست بەوە بکات دەست نراوەتە بینە قاقای و لە چاڵێکداین دەنگمان بەکەس ناگات.
خوێنەری ئازیز دیارە قەیران لەهەر وڵاتێکدا هەبێت کاریگەری بۆ سەر گەشەسەندنی هونەر و بەتایبەت بۆ میوزیک زیاتر دەبێت، چونکە میوزیک و گۆرانی لە ئاشتەوایدا و وردتر لە (دامەزراوەیی و بە دیدی ئاسایشی نەتەوەی و بەرنامە بۆ داڕیژاراو و زەمینە سازی)، باشتر گەشە دەکات.
لەگەڵ بوونی ئەم بەربەستانەشدا. بەڵێن بە ئێوە و گەلەکەمان دەدەین لەسەر و توانای خۆمان و بە قوربانیدان نەهێڵین ئەم سومبولە جوانەی هونەری کوردستانمان بنەوێت، لە گەڵ ئەم بەربەستانەش لە ئێستادا چوار بەرهەمی تۆمارکراوی نوێمان ئامادەیە بۆ کلیپ و چەندین بەرهەمی هونەری ناوازەی تریش لە هەگبەی ئەندامە دڵسۆزەکانی ئەم تیپەدان، ئەم تیپە دەبوو ئێستا دامەزراوەیەکی هونەری تەواو باڵا دەست بوایە و ناوەندی پەیوەندیدار بە حوکمی ئەزموون و مێژووی تیپەکە پێویست بوو بە هەندەوە گوێی لە داواکارییە هونەرییە رەواکانی ئەم تیپە بگرتایە!!
لە خۆبردویی ئێوەیە
جێی خۆیەتی لێرەوە پڕ بەدڵ سوپاسێکی گەرمی هەموو ئەوانە بکەین کە هەر لە سەرەتایی دامەزراندنی ئەم تیپەوە تا ئەمڕۆ مەعنەوی و مادی پاڵپشتمان بوون لە (جەماوەری ئازیزی کوردستان، كەسایەتی، كۆمپانیا، مێدیا، هەندێک رێکخراوی حکومی و ناحکومی، سۆشیال مێدیا و هەموو بیستەرانمان لە كوردستان و دەرەوەی كوردستان).
لێرەوە سەری رێز و نەوازش بۆ هونەرمەندانی کۆچکردووی تیپ دادەنەوێنین، هەروەها هیوای تەمەن درێژیش بۆ مامۆستا ئازیز و ئەندامە دێرینەکانی ئەم تیپە دەخوازین پێیان دەڵێین: بەڕاستی ئازایەتی و جوامێری و بەهرەمەندی و توانا و سەلیقە و لە خۆبردویی ئێوەیە، ئەم بناغە پتەوەتان بۆ هونەری کوردی داڕشت کە ئێستا ئێمەی هونەرمەندان و نەتەوەیەک شانازیتان پێوە دەکەین.
*سەرۆکی تیپی مۆسیقای سلیمانی
تیپی مۆسیقای سلێمانی