مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
بەرجەستەی هونەریی لە ئەدەبی منداڵاندا بە رەگەزێکی سەرەکی دادەنرێت کە رۆڵی هەیە لە سەرنجڕاکێشانی ئاگایی منداڵان و پاڵپشتیکردنی خەیاڵیان. ئەدەبی منداڵان بەوە دەناسرێتەوە کە توانای ئاوێتەکردنی دەقە ئەدەبییەکانی هەیە لەگەڵ رەگەزە هونەرییەکاندا وەک وێنە روونکردنەوەییەکان، ئەمەش ئەزموونێکی گشتگیر پیشاندەدات، کە دەبێتە هۆی ورووژاندنی هەستەکان و یارمەتیدەریش دەبێت بۆ تێگەیشتنی ناوەڕۆکی بابەتەکان بەشێوەیەکی قووڵتر.
وێنە روونکارەکان، توانای منداڵان بۆ خەیاڵکردنی کەس و رووداوەکان زیاتر دەکەن، ئەمەش پەیوەندبوونیان بەو جیهانە خەیاڵییەی کە نووسەر پیشکەشیکردووە ئاسانتر دەکات، چونکە هەر رەنگە و هەر شێوە و هێڵکارییەک، واتا و هێماگەریی خۆی هەیە، وا لە منداڵ دەکات بیرۆکە سەرەکییەکەی چیرۆکەکە قبوڵ بکات، بۆ نمونە وێنە روونەکان گوزارشت لە خۆشی و بەختەوەریی دەکەن، لەکاتێکدا وێنە تاریکەکان واتای خەم و نیگەرانیی دەگەیەنن.
سەرەڕای ئەمانەش بەرجەستەکردنی هونەریی، دەکرێت هۆیەکی فێرکردنی کارا و لەباربێت، وێنە دەتوانێت چەمکە فێرکارییەکان روونتربکاتەوە، وەک پیتەکان، ژمارەکان، شێوەکان، بە خستنەڕوویان بەشێوازی چیرۆکیی. ئەم شێوازە هاوکاری منداڵ دەبێت بۆ فێربوون بەشێوازێکی چێژبەخش، توانای مەعریفی و زمانییشیان زیاتر دەکات.
لیکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە، ئەو منداڵانەی بەرکەوتەیان لەگەڵ ئەو جۆرە ئەدەبی منداڵانەیەدا هەیە کە بەرجەستەی هونەری جۆربەجۆریان کردووە، زیاتر حەزی پەرەپێدانی کارامەییە داهێنەرکارییەکانیان هەیە، بە شێوازێکی باشتر. هاندەریانن بۆ بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و دەربڕین لە خۆیان و ئەوەی لە ناخیاندایە بە شێوازێکی هونەریی کە ئەمەش یارمەتیان دەدات بۆ بنیاتنانی کەسێتییەکی بەهێز و پێکهێنانی شوناسی خۆیان.
گرنگی بەرجەستەکردنی هونەریی لە زۆر رووەوە دەکرێت قسەی لەسەر بکرێت، کە لێرەدا هەوڵدەدەین لە چەند خاڵێکدا کۆیان بکەینەوە:
1 - فراوانکردنی خەیاڵ: وێنە روونکردنەوەییەکان رۆڵێکی زیندوو دەگێرن لە فراوانکردنی خەیاڵی منداڵان، هانیان دەدات بۆ خەیاڵکردنی کەسایەتی و رووداوەکان، بە جۆرێک وایان لێدەکات جیهانی خەیاڵیان زۆر روونتر بێت لە زیهنیاندا، ئەمەش وادەکات وێنەیەکی تەواکارییان پێ ببەخشێت.
2 - ئاسانکاریی تێگەیشتن: وێنە روونکارییەکان رۆڵیان هەیە لە روونکردنەوەی چەمکە ئاڵۆزەکان و رووداوە گرنگەکان، ئەمەش دەقەکان زیاتر رووندەکەنەوە، کاتێک منداڵان وێنەیەک دەبینن کە دەربڕین لە بیرۆکەیەکی تایبەت دەکات، بەلایانەوە ئاسانترە کە پەیامە بنەڕەتییەکانی نێو چیرۆکەکە تێبگەن.
3 - پاڵپشتییە سۆزدارییەکان: رەنگ و پێکهاتەی وێنەکان رەنگدانەوەی هەستە جۆربەجۆرەکانن، کە وا لەمنداڵان دەکەن ئاوێتە بن لە رووی سۆزدارییەوە لەگەڵ چیرۆکەکاندا.
4 - فێربوونی چەمکەکان: دەکرێت وێنەکان رەگەزە فێرکارییەکان پێکەوە ببەستن، لە دووتوێی چیرۆکێکدا، ئەم شێوازە چێژبەخشە و فێربوونیش ئاسان و رەوان دەکەن.
5 - بەهێزکردنی یادگە: کۆکردنەوەی وێنە و دەق، توانای منداڵان بۆ بیرهاتنەوەی رووداوەکان باشتر دەکەن. وێنەکان وا دەکەن چیرۆکەکان زیاتر کارلێککراوبن، بەجۆرێک وا لە منداڵان بکەن ئاسانتر رووداوەکانی چیرۆکەکانی بیر بێتەوە لە دواتردا.
6 - گەشەپێدانی توانای زمانیی: لە رێگەی پێکەوە گرێدانی وشەو وێنەوە، منداڵان دەتوانن گەشە بە کارامەییە زمانییەکانیان بدەن، لە شێوازی جیاوازدا لە واتای وشەکان تێبگەن، ئەمەش یارمەتیدەریان دەبێت بۆ ئەوەی باشتر دەربڕین لە خۆیان بکەن.