بەکاربردنی رواڵەتکاریی و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی

10:11 - 2024-05-26
د. سورێن ئەبوبەکر عەبدوڵڵا
280 خوێندراوەتەوە

نووسینى:
د. سورێن ئەبوبەکر عەبدوڵڵا*

تیۆر و واقیعی کۆمەڵایەتی دووانەیەکی دانەبڕاون و یەکتری بەرهەمدە‌هێننەوە، کاتێک چەمکی نادادپەروەیی کۆمەڵایەتی دێتە بەرباس چەندین تیۆر و بابەت و گفتوگۆیی زانستی گریمانە دەکرێت. لەم روانگەیەوە لە چوارچێوەی تیۆری چینی بەختەوەر بە سوود وەگرتن لە چەمکی (بەکاربەری ڕواڵەتکاری) خوێندنەوەیەکی کورت بۆ بەشێک لە رەفتار و دیاردە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگە دەکەین، لێرەدا بەسوود وەرگرتن لە تێزەکەی (کارل مارکس) کە واقیعی کۆمەڵایەتی و ئابووریی لە پەیوەندییەکی دوولایەنە رێکدەخات ئەویش لە خستنەڕووی شیکردنەوەی قۆناغی سەرمایەداریدا، کە پێیوایە هەلومەرج و پەیوەندییە ئابوورییەکانی (چینی کۆمەڵایەتی) بۆ تاک دیاری دەکەن.
لە دیدی مارکس هۆکاری ئابووری جێی بایەخە بۆ شیکردنەوەی واقیعی چینە کۆمەڵایەتییەکان و چۆنیەتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی، هەڵبەت مەبەست لە هەموو ئەو رەفتارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەیە کە ڕەنگدانەوەی چینە جییاوازەکانی کۆمەڵگایە، چونکە تاک لەهەریەک لەم چینەکۆمەڵایەتیانە رەفتاری کۆمەڵایەتی و ئابووریی جییاوازی بەخۆی دەبێت، جییاوازی چینەکان بە هۆکاری لایەنی ئابووری (داهات، بەرهەم، زێدە بەها و بەکاربردن)دەبێتە هۆی دروستبوونی ململانێ لە نێوانیاندا کاتێک نادادپەروەریەکی ئاشکرا لە نێوان چینەکۆمەڵایەتییەکان دورست دەبێت. 
ئەم تیۆریە بەرئەنجامی تێزەکانى بیرمەندی کۆمەڵناسی ئابووری (سورشتاین ڤبلن)ە ، کە پێیوابوو رەفتاری ئابووری تاک وەک هەر رەفتارێکی تری مرۆی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو ژینگە و هەلومەرجەی تێدایەتی و خۆشی لەگەڵدا دەگونجێنێت، ئەمە وەڵامدانەوەیەکی پێچەوانەبوو بۆ  بیرمەندانى ئابووریی کلاسیک کە بڕوایان وابوو یاسا ئابوورییەکان یاسای گشتین و کۆنترۆڵی هەموو جموجۆڵێکی ئابووریی دەکەن. لێرەوە (ڤبلن) ئاڕاستەیەکی جییاوازی بۆ ئابووریی پێشنیارکرد تا گەشە بە شیکردنەوە نوێکانی بدات، کە ڕۆڵی تاک و ژینگەیی دامەزراوەکان بەرز بنرخێنێت لە چالاکیە ئابوورییەکاندا. 
لە روانگەی ڤبلنەوە چینی بەختەوەر ئەو توێژەن کە دەستیان گرتووە بەسەر سەرمایە و بازرگانی و بارن بەسەر کۆمەڵگاوە و لە پەراوێزی کۆمەڵگا دەژین نەک لە چەقی کۆمەڵگادا، کە هەموو بوارەکانی ژیانکردن وەک تەکنۆلۆجی و بەرهەمهێنان و سەرمایە قۆرخ دەکەن. ئەمە بۆ ئێستای کۆمەڵگەیی کوردیی زۆر شتمان پێدەڵێت، چونکە ئەو توێژە هیچ زێدەکەیان نەخستۆتە سەر پڕۆسەی پەرەسەندنى ئابووریی و کۆمەڵایەتی، کە مەبەست لێی سوودی گشتی بێت بەڵکو بە پێچەوانەوە کۆسپیان بۆ دروستکردووە و ناوەڕۆکەیان شێواندووە کە لە سایەو هەلومەرجێکی نوێدا لەژێر ناوی جییاواز گەشە بە کاری گەندەڵی و قۆرخکردن دەدەن. 

لە دیدی مارکس هۆکاری ئابووری جێی بایەخە بۆ شیکردنەوەی واقیعی چینە کۆمەڵایەتییەکان و چۆنیەتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی

لە ڕووی هەلومەرج و دەرفەتی گەشەکردن چینی بەختەوەر بە خراپترین جۆری ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی دادەنرێت ،چونکە پڕیەتی لە ناداپەروەری و بێڕێزیکردن بە بەرانبەر زانا و پسپۆڕان و خاوەنکار و کرێکارەکان لە بوارە جییاوازەکانی بەرهەمهێناندا، جیالەوەش ڤبلن لەسەر ئەم بنەمایە زاراوەی (بەکاربەریی روالەتکاری) بەکاردە‌هێنێت کە مەبەست لەو بەهەدەر دانەیە کە تاک لە بەکابردنی دراو و نەخت و سەرمایەدا خەرجی دەکات بۆ بە دەستهێنانی کاڵایەک، بەمەرجێک لە ژیانیدا بەکاریان ناهێنێت و سوودێکی مەعنەوی نیە بۆیان بەڵکو تەنها بەهایەکی گەوهەری و کۆمەڵایەتی هەیە و یارمەتی خاوەنەکەی دەدات کە خۆی بنوێنێت و خۆی بە کەسانی تری چینی بەختەوەر بچوێنێت، لەپێناو بەدەستهێنانی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی دیارییکراودا، ئەمەش بەرئەنجامی جیاکاری کۆمەڵایەتییە چونکە تاکی بە کاربەری رواڵەکاری بە دوای ئەو ماف و پێگە کۆمەڵایەتییەیە کە چینی بەختەوەر بەهۆی سەرمایەکەی هەیەتی بۆیە چینە هەژارەکان لە پیناو بەدیهێنانی خەونی بوون بە چینى باڵا دەچنە نێو شەڕی بەکاربردنی ڕواڵەکاریی جا فشار و کاریگەری ئەم جۆرە لە بەکاربردن لەسەر چینی هەژاران هەرچەندێک بێت ئامادەی ئەم شەڕەن بۆ ئەوەی بە خەیاڵیش بێت بگەنەوە بە چینە باڵاکان، لە ئێستادا لە بەکاربردنی (مۆبایل و ئۆتۆمبیل و شوێنی ماڵ و خوێندنی زانکۆ، زۆر شتی تریش ....) دەتوانین بیبنین لە کۆمەڵگەدا.
* مامۆستاى زانکۆی سلێمانى

وتارەکانی نوسەر