عەقڵیەتی تیرەگەریی و هەڵبژاردن

09:44 - 2024-05-27
هێمن عەزیز
576 خوێندراوەتەوە

یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی پرۆسەی دیموکراسی هەڵبژاردنە، تیایدا هاووڵاتییان نوێنەری راستەقینەی خۆیان دیاری دەکەن بۆ پەرلەمان.
لەگەڵ ئەوەی هەڵبژاردن تەنیا له بابەتی  سیاسی و ئابووریدا سنوردار ناکرێت، بەڵکو  هۆکاری کۆمەڵایەتی و کەلتوریەکانش کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە. 
لەنێو ئەم فاکتەرە کۆمەڵایەتیانەشدا عەقڵییەتی تیرەگەرییە.
عەقڵیەتی تیرەگەریی بەو مانایە یە کە تاک  مەیل و  پەیوەندیی تیرەگەریی و بنەماڵەیی تیرەکەیان لەلای لە پێشینە بەتایبەتی لەکاتی دەنگدان و هەڵبژاردندا.
لێرەدا تاک بەشێوەیەکی دیموکراسی و سەربەخۆیانە ناتوانێ ئازادانە بچێتە پرۆسەی دەنگدان و دەنگبدات بەو بەرنامە و ئەجێندایەی کە لایەنێکی سیاسی پێشنیازی دەکات بۆ دەنگدەرانی. 
ئەم کاریگەرییە بەڕوونی لەو کۆمەڵگەیانەدا دیارە کە پابەندن عەقلەیەتی بە  کەلتوری تیرەگەریی، ئەم هۆکارە کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر ئاراستەکردنی دەنگدەرانی. 
عەقڵیەتی تیرەگەریی لەسەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەم رێگایانەوە کاریگەریی دەخەنە سەر تاک :
دڵسۆزی کۆمەڵایەتی: پەیوەندیی تیرەگەریی بەشێکی گرنگە لە ناسنامەی تاکەکان لە هەندێک کۆمەڵگەدا، هەر بۆیە رەنگە لەژێر قورسایی ئەم دڵسۆزییەدا مەیلیان هەبێت بۆ هەڵبژاردنی کاندید لە هەمان خێڵ.
کەلتور و پەروەردەکردن: بەها و نەریتە کەلتورییەکانی خێڵێک رەنگە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ئارەزووەکانی دەنگدەران هەبێت.  
تاکی تیرەگەریی  فێردەکرێت کە ئەوە بەهاو مۆراڵە، وابەستەی دەکات  کە هەموو شتێک  سەر بە تیرەکەی بێت بەبەشێکی گرنگی ناسنامەی خۆی دەزانێت، ئەمە  کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر بڕیارە سیاسییەکانیشیان.

 

ئازادبوونی تاک لە کۆت و بەندە کۆمەڵایەتییەکان، دەرفەتێکە بۆ گۆڕانکاری لە پرۆسەی سیاسی و لەناویشیدا پرۆسەی هەڵبژاردن و دیاریکردنی ئاراستەی سیاسی گونجاو بۆ کۆمەڵگە

 

کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان: رەنگە گوشاری کۆمەڵایەتی رۆڵی هەبێت لە هەڵوێستی دەنگدەران، لەوانەیە تاکەکان لەلایەن ئەندامانی خێڵەکەیەوە  گوشاریان لەسەر بێت بۆ ئەوەی دەنگ بە کاندیدێکی دیاریکراو بدەن.
نوێنەرایەتی سیاسی: لە هەندێک حاڵەتدا رەنگە کاندید هەبن کە زیاتر نوێنەرایەتی تیرەیەک بکات. ئەمەش دەتوانێت هاندەری دەنگدەرانی ئەو گروپانە بێت کە لەژێر چەتری عەقڵیەتی تیرەگەرییدا دەنگ بەو کاندیدانە بدات .
هەرچەندە لە زۆر ناوچەی ئەم کۆمەڵگەیەی ئێمە، تا ئێستا عەقڵیەتی تیرەگەریی ئامادەیەیەکی باشی هەیە و پرۆسەی سیاسی ئێمە ئاراستە دەکات، بۆیە پێویستە تاکی ئێمە  هۆشیار بێت بە پرۆسەی دیموکراسی، لەوانەش گۆڕانکاریی پرۆسەی سیاسی لە رێگەی هەڵبژاردنەوە. ئازادبوونی تاک لە کۆت و بەندە کۆمەڵایەتییەکان، دەرفەتێکە بۆ گۆڕانکاری لە پرۆسەی سیاسی و لەناویشیدا پرۆسەی هەڵبژاردن و دیاریکردنی ئاراستەی سیاسی گونجاو بۆ کۆمەڵگە. چەمکی عەقڵیەتی تیرەگەریی فاکتەرە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان تێکەڵ دەکات بە سوود قازانجی خۆی. 
بەو پێیەی ئاراستە کەلتورییەکان و پەیوەندییە تیرەگەریییەکان دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر هەڵبژاردنی دەنگدەران لەکاتی پرۆسەکانی هەڵبژاردندا. 
لێکۆڵینەوە لەم دیاردەیە گرنگە بۆ تێگەیشتن لە چۆنێتی پێکهاتنی دیموکراسی و چۆنێتی پەرەسەندنی هەڵوێستی دەنگدەران و گۆرینی ئەم دیاردەیە.
*ماسته‌ر له‌ کۆمەڵناسی

وتارەکانی نوسەر