ئەگه‌رچی دایكم بۆ یه‌كه‌مین جار و له ته‌مه‌نی نزیك به بیست ساڵیدا له كه‌ركوك نه‌شته‌رگه‌ریی گه‌وره‌ی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مكی له‌سه‌ر ده‌ستی دكتۆر عومه‌ر دزه‌یی بۆ ده‌كرێت و وێڕای بوونی منداڵی ورد، لێ خۆشترین یادگارییه‌كانی ئه‌و په‌یوه‌ندییان به كه‌ركوكه‌وه هه‌بوو، چونكه ئه‌و ساڵانه‌ی ئه‌و له‌وێ بوو، ساڵی 1970 و دواتر ساڵانی نیمچه ئازادی و خۆخاوه‌نی كه‌ركوكییه‌كان بوو. گه‌رچی هه‌رگیز عه‌ره‌باندن یه‌خه‌ی ئه‌و شاره‌ی به‌رنه‌داوه به ئێستاشه‌وه، ئێمه خزمێكمان هه‌بوو كه‌ڕو لاڵ بوو، یادی پڕخێر، ئه‌و به پێشمه‌رگه‌ی ده‌وت بیسمیلا، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش باوكم بیسمیلابوو، دواتر هه‌موو شار شێواو ماڵی ئێمه‌ش كه‌وته‌وه ده‌ر و گونده‌كان و تا دواجار له ساڵی 1975له خه‌له‌كان گیرساینه‌وه.
له‌و ساڵه‌وه تا مه‌رگی دایكم، هه‌میشه خۆشه‌ویستییه‌كی زۆری بۆ ئه‌و شاره هه‌بوو، كه شاره‌كه‌ش وه‌ك ئه‌و ئازارزه‌ده و جه‌رگ سوتاو بوو، له باره‌ی كه‌ركوكه‌وه دایكم چیرۆكی زۆری لابوو، ته‌نانه‌ت ئه‌ویش باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه عه‌ره‌ب زۆر كه‌مبوون له كه‌ركوك، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش هاتنیان بۆ حه‌سیره‌كه و ئه‌و ناوه، وه‌ك عاجباتی وابووه.
كه‌ركوكی ده‌ڵێن عاجباتی، بابه‌تی بوونی عه‌ره‌ب له كه‌ركوك له دوای سییه‌كانه‌وه ده‌ست پێده‌كات، به‌ڵام له شه‌سته‌كاندا زۆر چڕده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌تا پیاوێكی شاره‌زاو پڕ ته‌مه‌نی وه‌ك موكه‌ڕڕه‌م تاڵه‌بانی كه ساڵی 1923 له كه‌ركوك له‌دایكبووه، له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌ڵێت: «كه‌ركوك به‌س كورد و توركمانی لێ‌بوو، عه‌ره‌ب له په‌نجه‌كانی دوو ده‌ست زیاتر نه‌بوون».
بۆ بابه‌تی توركمانیش، دایكم ده‌ڵێت: «له كورد شارستانیتر بوون»، ئاخر ئه‌و ده‌گێڕێته‌وه ئه‌گه‌ر ژنه كوردێك و یه‌كێکی توركمان بۆ نموونه له پیریادی یان بوڵاغ و به‌رته‌كیه ده‌مه‌قاڵه‌یه‌كیان بووبا، ئه‌وا كورده‌كه ده‌یووت: «ده‌چم خزمه‌كانی ئازادی یان شۆڕیجه و ره‌حیماوه بانگ ده‌كه‌م واو وا بكه‌ن، توركمانه‌كه‌ش عه‌باكه‌ی هه‌ڵده‌گرت و ده‌چوو بۆ شكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا به‌عس نه‌هاتووه په‌یوه‌ندییه‌كان زۆر باشتر بووه له دواتر و ئێستا.
دایكم هه‌موو ئه‌و شیعر و بابه‌تانه‌ی پێ‌خۆش‌بوو كه ده‌رباره‌ی كه‌ركوك ده‌منووسین، ئه‌و ئەگه‌رچی چه‌ند جارێك ده‌فته‌ر و شیعر و نووسینمی كردووه به سوتماك له ترسی به‌عس، تا ئێستاش دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه، ده‌یان وێنه و نووسین و بابه‌تی منی كاتی خۆی خستۆ‌ته ژێر گڵه‌وه و هه‌رگیز ده‌رمان نه‌كردنه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌میشه دڵی لای ئه‌و شاره بوو، شارێك لە‌وه‌تەی هه‌یه و كورد وته‌نی چوار به‌رده‌ی دانراوه، نه‌حه‌ساوه‌ته‌وه .
كه‌ركوك كه ئێستا عه‌ره‌بێك پارێزگارێتی و پێش رووخانی بته‌كانیش هه‌ر وه‌سابوو، به‌ڵام ئه‌مجاره ناته‌بایی كورد نه‌یهێشت كوردێك ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت، وه‌ك ئه‌سیریی شاعیر لەو باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: «دڵسوتاوێتی هه‌رچی كورد هه‌یه«، دایكم یه‌كێك له دڵسوتاوه‌كانی بوو، راستی بۆ كه‌ركوك باكوور و رۆژهه‌ڵات و رۆژئاواش وه‌سان، چیرۆك و یاده‌وه‌ریی ئه‌و چه‌ند ساڵەی ژیانی دایكم له شاره ئازارزه‌ده‌كه‌ی زۆرن، لێ ره‌نگه ئه‌وه‌نده به‌س بێت.
ئه‌م گۆشه‌یه‌ش ده‌قۆزمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سوپاسی هه‌موو ئه‌و ئازیزانه بكه‌م كه له دوور و نزیكه‌وه به‌شداریی پرسه‌ی دایكم بوون، نامه و بروسكه‌یان نارد و ته‌له‌فونیان كرد، دڵنه‌وایی ئه‌وان بۆ من و بۆ كه‌سوكار، ته‌واوێك كه‌لێنی دابڕانه‌كه‌ی كه‌مكرده‌وه.