كەركوك و ناسیونالیزمی كوێربین

10:46 - 2025-07-01
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
30 خوێندراوەتەوە

بەر لەوەی هیچ لە بارەی رووداوەكەی حەسارەوە بنووسم، دەمەوێت بڵێم بۆ خۆم بڕوام وایە نەتەوەگەری دوو جۆری هەیە، نەتەوەگەری كوێربین، یان كەسیتر نەبین، لە تەك نەتەوەگەری ئازادیخوازانە، بۆ ئەمە چ پێویستمان بە شیكار و شیتەڵ و راڤە نییە، نەتەوەگەری كوێربینانە ئەو جۆرە نەتەوەگەرییەیە كە دەیەوێت لەنێو خۆیدا هەموو جیاوازیی و ئەوانی تر تەفر و تونا بكات و بیانسڕێتەوە، ئەم جۆرە نەتەوەگەرییە، كە هەندێكجار وەك نەتەوەی سەردەستیش ناودەبرێت، جۆرێكە لە نەخۆشی، هەوڵدان بۆ سڕینەوەی كورد، ئەمازیغ، قیبتی، یان هەر نەتەوە و گەلێكی دیكە نەخۆشی نەتەوەگەریی كوێربینانەیە، كە بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوكەدا دەژی، دەوڵەتی نەتەوەیی مانای ئەوە نییە هەموو ئەو نەتەوانەی خاوەنی ئەو جۆرە دەوڵەتەن، نەتەوەگەریی كوێربینن، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، هۆڵەندا و زۆر شوێنی دیكەی ئەوروپا و دنیا ناوی دەوڵەتەكە وەك ناوێكی نەتەوەگەرییانە دێتە پێشچاو، بەڵام بوونی دیموكراتی، فرەیی، لێبوردەیی، پێكەوەهەڵكردن وادەكات ئەو دەوڵەتە وەك دەوڵەتی نەتەوەگەریی كوێربینانە نەبینرێت، ئەمە ناكاتە ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەشدا گروپ و دەستە و تاقمی ناسیونالیستی كوێربین و راسیزم و فاشی و ئەوانە نەبن.

ئەو رووداوانەی لە كەركوك و دەوروبەری سەر هەڵدەدەن و سوپاش كە پێدەچێت كێماسی پەروەردەیی هەبێت بە شێوەیەكی لایەنگرانە دەستوەردان دەكات،  ئەوانە بەشێكن لە نەتەوەگەریی كوێربینانە

ئێستا لە تەواوی جیهان دەوڵەتی یەك نەتەوە، یەك گەل نەماوە، هەندێك دەوڵەت ئەگەر دەستی كاری نەتەوەی دووەم یان سێیەمی لێبكشێتەوە دەتەپێت، تەنانەت دەوڵەتگەلی وەك سعودییە، قەتەر، ئیمارات و.. هتد بە چوونە دەرەوەی ئەو خەڵكانەی لەوێ‌ كار دەكەن و خزمەتی ئەو وڵاتانە دەكەن، وڵات بە چۆكدا دەهێنن، بیركردنەوەی ناسیونالیستانەی كوێربین بۆ حوكمكردنی وڵات، بیركردنەوەیەكی مەترسیدارە، ئەم سەردەمە سەردەمی پێكەوەبوون و پێكەوە گونجان و پێكەوە هەڵكردنە، دەنا رێگەی تر نییە جگە لە هەڵوەشانەوە و جیابوونەوە، پێویستە نەوەی نوێی ئەو وڵاتانەی كێشەی جیاوازیی نەتەوەییان تیایە بە جۆرێك پەروەردە بكرێن و ئامادە بكرێن كە فرەیی و جیاوازیی زمان و نەتەوە و كەلتور وەك دەوڵەمەندی ببینێت نەك وەك مەترسی، ئەم بابەتە  پێویستی زۆری بە رامان و قووڵبوونەوەیە ئەمە كاركردنە لەسەر بنیاتنانی جیاوازی و پێكەوەیی .
ئەو رووداوانەی لە كەركوك و دوبز و داقوق و سەرگەڕان و خورماتوو هەر جار ناجارێك سەر هەڵدەدەن و سوپاش كە پێدەچێت كێماسی پەروەردەیی هەبێت بە شێوەیەكی لایەنگرانە دەستوەردان دەكات،  ئەوانە بەشێكن لە نەتەوەگەریی كوێربینانە، پەلاماری سوپا بۆ سەر خانەوادەكەی حەسار و دەركردنیان لە ماڵ و حاڵی خۆیان و فشاری باركەن بڕۆن بۆ سەریان، بەشێكە لەو گیانە ناسیونالیستییە، ئەو جیاوازی نەبینەیەی كە لەهەر چركەساتێكدا دەكرێت كارەسات بنێتەوە، لێرە هاووڵاتی، سەرباز، سوپا، فێرخواز، دوكاندار، مەلا، سیاسی، رۆشنبیر، هەموو كەس پێویستیان بە بنیاتنانەوە و پەروەردەكردنەوەیە بۆ بینینی جیاوازیی و پێكەوەیی.

وتارەکانی نوسەر