کەرکوکییانە

سۆرانەكەی كەركوك

10:25 - 2025-07-15
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
100 خوێندراوەتەوە

كەركوك مێژوویەكی خوێناوی هەیە، لەنێو ئەو مێژووە خوێناویەدا، نووسەر و رۆژنامەوان و بیركەرەوەی كوردی كەركوك، بەشی زۆری قوربانیان پێدەبڕێت، ئێستا كە من دەمەوێت یادی سۆرانی مامە حەمە، ئەو كوڕیژگە كاكۆڵ قیتەی كەركوك بكەمەوە، بیرم لای یادی تەقینەوەیەكی هەژدە ساڵ لەمەوبەری بەردەم كۆمەڵەی رووناكبیریی كەركوك و یانەی سۆلاڤ و كۆمیتەی ئیمام قاسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، ئەو تەقینەوەیەی تاریكپەرستانی داعش و بڕندە و دڕندەگەلی نێو قوڵایی دیرۆكی بیابان، كۆستێكی گەورەی شاریان خست و سەدان شەهید و برینداریان خستە نێو كوچە و كۆڵانی كەركوكەوە، یەكێك لەوانە مستەفا گەرمیانی نووسەر و رۆشنبیر بوو، كە من هەرگیز ناتوانم لە یادی بكەم، ئەو دەیویست بەخۆبەخشیش بێت خزمەتی شارەكەی بكات، ئەو شارەی زیاتر لە بیست ساڵ بوو لێی دابڕابوو، لە وڵاتێكی ئارام وەلێ‌ ساردی وەك سویدەوە هاتبووەوە تا دەست لە ملانی قەڵا و شۆڕیجە و خاسەی بێناز «هەمیشە بێناز» بكات.
مستەفا ئەو رۆژە بەجێهێشتین، چركەساتێك ئەو بەجێهێشتین، هەر كاكە لە هەوڵی ئەوەدا بوو خۆی دەرباز بكات و تەرمە بێنازەكەی ئەویش لەو لامانەوە بۆ هەتا هەتا راكشابوو، هەر لەو كەركوكە شێخ مارف بەرزنجی نووسەر و شاعیر و بیركەرەوە و سیاسی هەڵواسرا، ئەو لەگەڵ پۆلێك ئازادیخوازدا كە شێخ حوسێنی براشی تێدا بوو، بە ناهەق لەلایەن دەسەڵاتی ستەمگەراوە ژیانیان لێسەندرایەوە، جەبار جەبارییش ئەو مامۆستا و رۆشنبیرە پەپولە ئاسایەی بۆ كەركوك ببوو بە پەروانە قوربانییەكی دیكەیە، ما ئازاد هەورامی هونەرمەند و نووسەر و بیركەرەوە و سیاسیش شەهیدێك و چرایەكی هەمیشە گەشی ئەو شارە نییە؟، ناو زۆرن، لێ‌ ناكرێت قەڵەم بەدەستێكی وەك دكتۆر ستار تاهیر شەریفیش لە بیر بكەین، ئەو پیاوەی زۆر چیرۆك و زانیاری لە ناخیدا تیرۆركرا، لە راستیدا تیرۆری ئەو لەو تەمەنەدا تاوانێكی قێزەون بوو، بیانووی ئەوەش كە پیاوی بەعس بووە ناشرینتر، خۆ ئەگەر لەسەر پیاوی بەعس خەڵك كوژرابا زۆربوون ئەوانەی لە پێش دكتۆر ستارەوە بوون بۆ كوشتن.

سۆران، سۆرانی كەركوك بوو، ئەو بێئەندازە ئەو شارەی خۆی خۆشدەویست، دنیای ئەو كۆڵانەكانی شۆڕیجە و ئیسكان و ئازادی بوو، هەزاران خەیاڵی رەنگاوڕەنگی بۆ كەركوك هەبوو

یادەكەمان یادی سۆرانە، سۆرانی مامە حەمە، من لەم رۆژانە ناوی سۆرانی حاجی شازادەشم لێنا، سۆران، سۆرانی كەركوك بوو، ئەو بێئەندازە ئەو شارەی خۆی خۆشدەویست، دنیای ئەو كۆڵانەكانی شۆڕیجە و ئیسكان و ئازادی بوو، هەزاران خەیاڵی رەنگاوڕەنگی بۆ كەركوك هەبوو، بەردەوام ئەو خەیاڵانەی لای من باس دەكرد، خەیاڵی شیعر بۆ ئەو شارە، نووسینی شانۆ، بینینی رۆڵی ئەكتەر، هەموو خەیاڵ و ئەندێشەیەكی جوان، لە ئیشكردن بۆ كەركوك بێزار نەبوو، بۆ ئەوەی كەركوكێكی جوانتر نیشانی ئەوانی دیكە بدات، لە تەنیشت نیشاندانی ناشیرینی كەركوك كوژاندا، جوانی كەركوكیشی بە نووسین و هۆنراوە و دیدار نیشان دەدا، سۆران سۆرانی كەركوك بوو، سۆرانی شارێك بوو، کە بەردەوام پێویستی بەوەیە لە خەمیدا بین و داكۆكی لێبكەین بە نووسین.

وتارەکانی نوسەر