کەرکوکیانە

خەمی كەركوكییانە

10:37 - 2025-06-24
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
77 خوێندراوەتەوە

لەم رۆژانەدا هەواڵێكم بیست، گوایە كۆمەڵێك گەنج بۆ كاری خۆبەخشی و جوانكردنی كەركوك ئەنجومەنێكیان دروست كردووە، ئەوان دەیانەوێت بە گوێرەی توانای خۆیان بایەخ بە بەشاركردنەوەی كەركوك بدەن، بێگومان ئەمە كارێكی زۆر ئاكارییانە و باشە، بەری چەندین ساڵ، ئێمە لە كەركوك باسی ئەوەمان كرد دەكرێت كەركوكییەكان لەناو خۆیاندا زۆر كار بكەن، بێئەوەی چاویان لەوەبێت خەڵك بۆیان بكات، یان بە جۆرێكی تر خەڵك وەك منەت بەسەریاندا خۆی بنوێنێت، یەكێك لەو بابەتانەی جێی باس و خواسی ئەو سەردەمەی ئێمە بوو، دروستكردنی نوێنەری گەڕەك بوو، بەو مانایەی بۆ نموونە گەڕەكی ئازادی بكرێت بە 10 بەشەوە لەهەر بەشێك دوو كەس ببنە نوێنەری، دەكرێت خاتونێك و جوامێرێك بن، بەو جۆرە ئەنجومەنی شار دروست بێت و ئەوان نوێنەرایەتی خەڵك بكەن، لای ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار و حكومەتی خۆجێیی كەركوك. ئەم پرسە ئەگەر لەكاتی خۆیدا لە بەرچاو بگیرابا، ئێستا كەركوك جۆرێكی دیكە دەبوو، بەڵام نەكرا،  راستە ئێستا ئەو گەنجانە ئامانجێكی دیكەیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت هەر خۆیان بیر لە كاری جیاوازتر بكەنەوە.
بۆ پرسی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە، لێبوردەیی، پێكەوە هەڵكردن و لەبەر دڵانبوونی یەكتر دەكرێت ئەو كۆمەڵە گەنجە و یان خەڵكی دیكەش هەستن بە سازدانی گفتوگۆ و دانیشتنی پێكەوەیی و كۆڕی بچووك گرتن تا لەسەر كێشە و ئاڕیشەی شارەكە قسە بكەن و بیر لەوە بكەنەوە دیرۆكی ململانێ‌ و یەكتر شكاندن و كوێربینی نەتەوەیی ئاوەژوو بكەنەوە، بە جۆرێك هاووڵاتی ببێتە سەنتەر و جێی قسە و باس و ئەو دروشمە زبرانەی كە كەركوكی دابڕ و دابەش دەكەن لەناودا نەمێنن، هەست نەكردن بە ئازار و برینی یەكتر هۆیەكی سەرەكیی دووركەوتنەوە لە یەكتر و رق لە یەكتربوونە، بۆیە دەكرێت پرۆژەی لەم جۆرە رۆڵێكی زۆر باش ببینێت بۆئەوەی چیتر لە دەرەوەی شار دەستوەردان نەكرێت بۆ تێكدانی پەیوەندیی و هاندانی نەتەوەگەری كوێرانە.
لەنێوان گەنجانی كورد و عەرەب و توركمان و كلدۆئاشوریدا دەكرێت ئەنجومەنی پێكەوەژیانی كەركوكییانە دروست بكرێت و لەمپەڕ و رێگری بەردەم پێكەوە بوون هەڵبگیرێت، بۆ ئەمە ناوەندی زانكۆ و پەیمانگا حكومی و ئەهلییەكان دەتوانن ببنە رووگەی ئەو بابەتە لەبری ئەوەی بە فیتی ئەم حزب  یان ئەو سەرۆك هۆز بەربنە وێزەی یەكتر و یەكتر بهاڕن، ئەگەر ئاوەز هەبێت خوێنی كەركوكی یەك خوێنە، ناكرێت گەنجان بە دنەی حزب و هۆز و ناسیونالیستی كوێر بن، بكرێنە قوربانی، مرۆڤ پێویستە كە ئاوڕ لە هەندێك هەڵە و كێماسی رابردوو دەداتەوە نەك هەر عیبرەت وەربگرێت بگرە هەندێك بە خۆشیدا بشكێتەوە، رژانی خوێنی یەك گەنج بۆ بەرژەوەندیی دەستە و گروپێك برینێكی قووڵ لە نێوان كەركوكییەكان دروست دەكات، دەكرێت ئەو گەنجانەی بەو ئامانجەوە كەوتوونەتە كار سبەینێیەكی باشتر بۆ شار  دەستەبەر بكەن، رێگە نەدەن كەس كایەكەیان بشێوێنێت.

 

وتارەکانی نوسەر