عەرەباندنی سەربازی

10:02 - 2025-07-08
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
37 خوێندراوەتەوە

جموجۆڵی سەربازی لە ناوچە دابڕێنراوەكان، لە كەركوك بێت یان گوڵاڵە و شوێنگەلی دیکە، كاتێك ئەو جموجۆڵانە دەچنە خانەی خزمەت بە پێكهاتەیەكەوە لەسەر حسابی پێكهاتەیەكی دیكە، ئەوە ناكرێت وەك جموجۆڵێكی ئاسایی لێی بڕوانین، بابەتەكە ئەوە نییە كە لایەك وەك قوربانی خۆی نیشان بدات و هاواری لێبەرزبێتەوە، بەڵکو لایەنگری و پشتتێكردنە، كە ئەمە بۆ خۆی لە دواجاردا كەلێن و درزی نێوان پێكهاتە و نەتەوەكان زیاتر دەكات و هەلی چارەسەری كێشەکان قورستر دەكات. 
پێویستە لە بابەتی زەوی و زار، بە تایبەت لەو ناوچانەی بە ناوچەی عەرەبێنراو ئەژمار دەكرێن، هێزی سەربازی نەبنە لایەنگری لایەك، وەك ئەوەی ئێستا هەیە. عیراق كاتێك دەتوانێت بە ئاشتی و ئارامی بەڕێوەبچێت كە سەرباز و سوپاكەی، لە هەموو پێكهاتەكانی وڵات بن، ئەگەر نا ئەو وڵاتە هەرگیز سەقامگیر نابێت  دەستوەردان و جموجۆڵی چەند ساڵی رابردووی سوپا لە كەركوك، خانەقین، جەلەولا و شەنگال و زۆر شوێنی تر پێمان دەڵێن، ئەم سوپایە ناتوانێت بێلایەن بێت، راستر عیراق تا ئێستا خاوەنی سوپایەكی ئاوەزی و نیشتمانی نییە، وێڕای بوونی حەشدی شەعبی و میلیشیای جۆراو جۆر، كە هەندێك جار بە ئاشكرا یاری بە كارتی عەرەباندن دژی كورد دەكەن و كۆنترۆڵكردنیشیان لەلایەن حكومەتی عیراقییەوە زۆر ئەستەمە، بەتایبەتی لەم قۆناغەی ئێستادا. 
لە یەك دوو ساڵی رابردوودا بینینی چەندین دیمەنی دەستوەردان و خۆنمایش كردنی سەربازی بەرامبەر خەڵكی سڤیلی كورد و جووتیار و وەرزێری خاك داگیركراوی ئەو ناوچانە، ئەوە دەخوازێت كە پەروەردەیەكی قووڵ و ماناداری سوپا بكرێت تا بزانێت ئەو سوپای دەوڵەتە نەك پێكهاتەیەكی دیاریكراو، بەدەر لە دەستوەردان و لایەنگریکردنی سوپاش بۆ پێكهاتەییەك، دەبێت ئەو راستییە بزانین كە ناكرێت دەسكاریی جوگرافی ئەو ناوچانە بكرێت كە پێویستە دادوەریی تێیدا بێتەدی و كێشەكەیان لەڕێگەی دەستوور و یاساوە چارەسەر بكرێت، گواستنەوەی ناحییە‌ یان چەند گوندێك لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە بێ چارەسەری ریشەیی كێشەكە، کوێرانە پێشێلكاریی دەستوورە، من پێموایە ئەمەش بەهەمان ئاوەزی كوێر بینانە و بە پاڵپشتی ئەو ئاوەزە سەربازییە بەڕێوەدەچێت كە میلیشیای چەكدار و سوپا لەو ناوچانە وەك لایەنگر و بەشێك لە پاڵپشت بۆ لایەك دەردەكەون.بینینی ئەو راستییەی كە حكومەتی عیراقیش لە بارودۆخی ئاوادا زۆر جار تا روودانی كێشەیەك بێدەنگە و دواتریش چارەسەری ریشەیی كێشەكە ناكات و بە شێوەی كاتی رایدەگرێت، بەشێكە لە تێنەگەیشتنی حكومەتی عیراقی لەوەی عیراق بە تەنیا‌ هی پێكهاتە و لایەك نییە هەروا نە وڵاتێكی عەرەبی شیعییە، نە وڵاتێكی عەرەبی سوننییە و نە بەتەنها عەرەبییە، بەڵکو كورد و پێکهاتەی دیكەش هەن كە بە هەر جۆرێك ئازاردانیان یان ناچاركردنیان بۆ گرتنەبەری رێگەی خۆپارێزی و شوناسپارێزیی لەبەردەم هەڕەشەدا، رەنگە دواجار نەهامەتیی گەورەی لێبكەوێتەوە، خۆی هەموو ئەم بابەت و قسە و باسانە پێویستیان بەوەیە (ئەحمەد ئاغا تێیان بگات)!.

وتارەکانی نوسەر