ستونی کراوە

شار لە بەرزی و باخ لە نزمی

10:21 - 2024-05-29
مەحمود شێرزاد
542 خوێندراوەتەوە

لە بیناسازیی یۆگادا کە دەکرێ بڵێین بیناسازیی عیرفانییە، خاڵی زۆر جێگەی سەرنجی تێدایە. بیناسازیی لە عیرفانی یۆگادا لەسەر بنەمای پێنج رەگەزەکەیە، ئەم پێنج رەگەزە بریتین لە فەزا، هەوا، ئاگر، ئاو و خاک. یانی کاتێ خانوویەک یان گوندێک یان شارێک دروست دەکەین دەبێ ئەو پێنج رەگەزە رەچاو بکەین. دەبێ لەو شوێنە هەر پێنج رەگەزەکە هەبن و بیناکان و کۆڵان و جادەکان وا دروست بکرێن کێشە بۆ لانیکەم هەوا و ئاگر (تیشکی خۆر) دروست نەکرێ. واتە هەوا لەو شوێنە بە خۆشی بێ و بچێ، تیشکی خۆریشی بەرکەوێ و...هتد.
ئەگەر بە گوێرەی بیناسازیی یۆگا بێ، دەبێ بەرزاییەکان بکرێن بە ئاوەدانی و نزماییەکان و دەشتەکان بۆ کشتوکاڵ و باخ و پارک بەکار بهێنرێن، بۆ؟ لەبەر ئەوەی یەکەم: دەبێ دەشتەکان بۆ کشت و کاڵ و بەرهەمهێنانی خۆراک و باخی گەورەی بەرهەمهێنانی میوە بۆ پارکی گەورە بەکاربهێنرێن، دووەم: ئاوەدانیی مرۆیی دەبێ لە شوێنی بەرز بێ، چونکە ئاوەدانی و بە تایبەتی شار هەوای پیس بەرهەمدێنێ، هەوای پیسیش قورسە و بەرەو شوێنە نزم و چاڵ و دەشتەکان دادەبەزێ، لەو حاڵەتەدا ئەگەر شوێنە نزم و چاڵ و دەشتەکان سەوزایی بن ئەوا بە ئاسانی هەواکە خاوێن دەکەنەوە، لە بەرەنجامدا هەوای ئەم شارە هەمیشە خاوێن دەبێ و هەوای شارەکە نابێتە ژینگەیەک بۆ نەخۆشییە کوشندەکان. لە حاڵێکدا هەوای پاکی بەرزاییەکان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەوای پیسی نزماییەکان نابێ، چونکە هەوای پاک سووکەڵەیە و بەرز دەبێتەوە و دەڕوا، ئێستا لە سلێمانی کەش و هەوای داوێنی گویژە و گەڕەکە بەرزەکان هەمیشە خاوێنترن لە گەڕەکە نزمەکان، ئەگەر رەشەبای سلێمانی نەبوایە، هەوای پیسی ئەو گەڕەکە نزمانە رۆژ لە دوای رۆژ پیستر دەبوو. ئێستا دەکرێ شار بەرەو شوێنە بەرزەکان بڕوا و شوێنە نزمەکان بکەن بە کشتوکاڵ و باخ و پارکی گەورە و دەریاچەی دەستکرد. نەک ئەوەی هەم دەشت و زەوییە کشتوکاڵییەکان و هەمیش بەرزاییەکان بکەین بە شار، ئەوە هەڵەیەکی کوشندەیە و لە داهاتوودا ئەم خاک و خەڵکە باجەکەی بە قورسی دەدەن.

وتارەکانی نوسەر