دوورنما

کۆچی لاوانی کورد و تیرۆریزم

10:56 - 2022-05-18
حەسەن یاسین
460 خوێندراوەتەوە

پتر لە چارەکە سەدەیەکە، شەپۆڵێکی کۆچکردن بەرەو ئەوروپا لە کوردستانی عیراق دەستیپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە و لاوانی وڵات، لەبەر بێکاری، بێئومێدی لە بنیاتنانی ئایندەیەکی گەش بۆ خۆیان، چاولێکەری و لاساییکردنەوە، دانەمەزراندن لە دامودەزگاکانی حکومەت، نەبوونی سەقامگیریی سیاسی، بێ سەمەربوونی دیموکراتیی ساوای هەرێمی کوردستان و لە جێگەیدا دانانی بناغەی دەسەڵات و فەرمانڕەواییەکی خراپ و زۆر هۆی دیکەش کۆچدەکەن و روو لە (بەهەشت)ی ئەوروپا دەکەن. 
کەچی کە دەچنە ئەوێ و تێیدا دەژین، بەشێکیان لە کەمپەکان، لەلایەن ئیسلامییەکانەوە دەقۆزرێنەوە و دەکرێن بە کەرەستەیەکی خاو و دەخرێنە نێو پڕۆژەی بە ئیسلامیکردن. 
  لێرەوە لەم ژینگە نوێیەوە نەگبەتی روویان تێدەکا و لەجیاتی ئەوەی چێژ لە ژیانی ئەو بەهەشتەی بەتەمای بوون ببینن، لەپڕ خۆیان وا دەبیننەوە کە گەیشتونەتە ئەو باوەڕەی کە ئەمە وڵاتی کافرانە و دەبێ جیهاد بکەن بۆ لەناوبردنیان، تێکدانی وڵاتەکەیان، بەدۆزەخکردنی بەهەشتەکەیان!
 لاوانی سەرگەردان و سەرلێشێوای کورد لە ئەوروپا، هەڵبەت هەموو لاوان نا، بەڵکو ئەوانەیان کە لەلایەن ئیسلامییەکانەوە دەقۆزرێنەوە و لە مزگەوتەکانەوە ساز و ئامادە دەکرێن تا بکرێن بە جیهادی (راستییەکەی تیرۆریست)، دنیایان لەبەرچاو رەش دەکرێ، وا مێشکیان دەشۆنەوە تا وایان لێدێ هەموو شتێک بە تەڵخی دەبینن، ئیدی دەیانبەنە سەر ئەو باوەڕەی بۆ ئەوەی دنیا چاکببێ، دەبێ بیڕوخێنی، بیتەقێنیەوە، کەسەکانی سەرببڕی و بەکۆمەڵ لە رێگەی تەقینەوەوە بیانکوژی، تا ناچاریان بکەی بێنەوە سەر دینی ئاشتی و تەبایی، دینی ئیسلام!
 لەرۆژی 13ی ئەم مانگە، هاوڕێم بڕوا بەرزنجی، لە لاپەڕەکەی خۆی لە فەیسبوک، باسێکی لەبارەی دوو گەنجی کوردی تیرۆریست نووسیوە، کە پۆلیس، بە تۆمەتی کاری تیرۆریستی گرتوونی و لەماوەی نزیکی ئایندەدا هەر بەو تۆمەتەوە دادگایی دەکرێن! لەنووسینەکەیدا بەوردی باسی یەکێک لەو دوو لاوە کردووە کە چۆن لەبن کاریگەریی ئیسلامییەکان، بەتایبەت لە بن کاریگەریی وتارەکانی مەلا کرێکار، ئەو لاوە چۆتە سەر ئەو باوەڕەی کە وەک ئەرکێکی دینی، وەک تاکێکی موسڵمانی ئیماندار، دەبێ ئەوە بکات کە دینەکەی دەیەوێ. 
هەڵبەت لەروانگەی دینەکەشیەوە، پاش ئەوەی بۆتە ئیسلامی، دەبێ بەشداری لەتەقینەوەیەکدا بکات بۆ کوشتنی زۆرترین ژمارەی کافران و ئەگەر لەو پێناوەدا بشگیرێت، ئەوا پاداشتی ئەو گرتن و ئازارەی لەلایەن خودای گەورەوە دەدرێتەوە!
 بابای لاوی کورد، کە کەوتۆتە بن کاریگەریی ئیسلامییەکان، وا بەرچاوی لێڵکراوە، کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵک بە تاوان تێناگا و پێیوایە ئەمە لە پێناوی سەرخستنی ئیسلام و تۆقاندنی کافران و ناچارکردنیانە تا بێنە سەر دینی ئیسلام. 
پێیوایە ئەو کارەی دەیکا بۆ پتر بڵاوکردنەوەی دینەکەیە، بێئاگا لەوەی ئەو دینەی ئەو خەڵکی لە پێناودا دەکوژێ دژی کوشتن و بڕینە و دینی ئاشتی و ئاوەدانییە، کەچی ئەوان ئاوەدانی تێکدەدەن، مرۆڤەکانی دەتۆقێنن و دەیانکوژن!
 بەداخەوە بێباکییەکی زۆر لە نێو رەوەندی کورددا بەرامبەر بە گەشەکردنی بانگەوازی ئیسلامییەکان هەیە، ئەمە جگە لەوەی حکومەتی هەرێم دووجار کەمتەرخەمە، نە دۆخی بژێویی خەڵک باش دەکات تا ناچارنەبن کۆچ بکەن. نە ئاوڕێکیش لەو لاوە سەرلێشێواوانە دەداتەوە کە گیرۆدەی بیری ئیسلامییەکان بوون، تا فریایان بکەوێ لە پەتای توندڕەویی دینی رزگاریان بکات.

وتارەکانی نوسەر