دوورنما

دین و زانست

09:03 - 2022-05-25
حەسەن یاسین
578 خوێندراوەتەوە

مشتومڕ و  دەمەتەقێیەکی زۆر لەسەر پێوەندیی نێوان زانست و دین کراوە و دەکرێت. هەن دەڵێن ئەو بابەتانەی دین پێیەوە خەریکە جیایە لەگەڵ ئەوانەی زانست لێیان دەکۆڵێتەوە.  
بابەتەکانی دین هەست و سوسەکردنن، کەچی بابەتەکانی زانست مەعریفە و حەقیقەتن. رێساکانی مەعریفە و حەقیقەت بەسەر هەست و سوسەکردندا جێبەجێ نابن، بواری هەست و سوسەکردنیش رێساکانی مەعریفە و زانستیان بۆ نابێت. زانست لەسەر بناغەی بەڵگەی ئەقڵی بیناکراوە، دینیش لەسەر خۆبەدەستەوەدانی بەرەنجامی بڕیاری دڵ بەڕێوەدەچێت.
 دین پێوەندیی مرۆڤ و خودایە. ملکەچی مرۆڤە بۆ ئەو خودایەی دەیپەرستێ. زانست چالاکییەکی مرۆییە و لەسەر بنەمای پرسیارکردن و دانانی گریمانە بۆ گەیشتن بە ‌حەقیقەتی دیاردەکانی سروشت و پێوەنددار بە مرۆڤ دروستبووە. تێبینی و ئەزموون کۆڵەگەن  بۆ  مرۆڤ تا بگات  بە حەقیقەتی زانستی. 
 مەلاکان و ئەوانەی بانگەوازی دینی بڵاودەکەنەوە هەوڵدەدەن حەقیقەتی زانستی، لە رێی دەقێکی دینییەوە، بۆ بەهێزکردنی ئیمانی دینداران بەکاربهێنن، بۆیە هەیانە هەوڵیداوە «بەشێوەیەکی زانستی» قورئان تەفسیر بکات، وەک مستەفا مەحمود، کە نووسەرێکی ئیسلامیی میسرییە، لە کتێبی (القرێ‌ن محاوله‌ لفهم عصری) وایکرد و پاشان د. عاتیف ئەحمەد، کە ئەویش هەر نووسەرێکی میسرییە، زانستییانە بەکتێبێک بە ناونیشانی (نقد القرێ‌ن محاوله‌ لفهم عصری) وەڵامیدایەوە و بۆی سەلماند کە نابێ دەقی دینی، بخەینە بەر وردبینیی زانستی.
 ئێستا کە ئەم وتارە دەنووسم،  خۆڵێکی چڕ دەبارێ و ئاسمانی شار تەڵخە. ئەم دیاردەی خۆڵبارینەش ماوەیەکە یەخەی گرتووین و وا خەریکە زوو  زوو دووبارە دەبێتەوە. 
ئەوەی وایلێکردم ئەم دیاردەی خۆڵبارینە ببەستمەوە بە پێوەندیی نێوان دین و زانستەوە، کورتە ڤیدیۆی وتارێکی دینیی مەلایەکە کە باسی سوودەکانی خۆڵبارین لە روانگەیەکی دینییەوە دەکا و  خۆڵبارین بە رەحمەتێکی خودایی دادەنێت و بە وردی باسی ئەو نیعمەتە خوداییە دەکا!
 دیاردەی خۆڵبارین، ئەگەر بمانەوێ قسەی لەسەر بکەین دەبێ گوێ لە شارەزایانی بواری زانستی جوگرافیا بگرین، نەک مەلایەک، کە هەموو ئەو قسانەی لەو بارەیەوە دەیکا دەچێتە خانەی وەعزی دینییەوە و لەڕووی زانستییەوە ناتوانرێ هیچ بەهایەکی زانستیی بۆ دابنرێت.
 بابای دینی دێ و باسی سوودەکانی خۆڵبارینمان بۆ دەکا و دەڵێ ئاسمان پڕیەتی لە ڤایرۆس و ئەگەر خودای گەورە خۆڵ نەبارێنێت ئەو ڤایرۆسانە لەناو ناچن و ئێمە ناتوانین دەرمانی دژە ڤایرۆس بەئاسماندا بڵاوبکەینەوە! مایەی پێکەنینە لەسەردەمی پێشکەوتنی زانستیدا، نەزانانە باسی دیاردەکانی سروشت، لەروانگەیەکی دینییەوە بکرێ، هەڵبەت بمانەوێ یان نا، ئەمە ناچێتە ناو خانەی لێکدانەوەی زانستییەوە!
 بەداخەوە، پێ بەپێی پێشکەوتنی زانست، لەناو کایەی دینیدا، هەندێ لەوانەی بەناوی دڵسۆزی بۆ دین و ئیمان  و بڵاوکردنەوەی پەیامی خودایی، وتار پێشکەش بە نوێژکەران دەکەن، ژەهری نەزانی بڵاودەکەنەوە و خۆیان ماندوو ناکەن تا لە گوگڵ کەمێک بەدوای دیاردە سروشتییەکانەوە بگەڕێن و  شتێک لەبارەیەوە فێربن، تا سەر لە خەڵک نەشێوێنن و کۆمەڵێک قسەی ناڕاست بەناوی دینەوە بە خەڵک بگەیەنن، لەکاتێکدا وەک لەسەرەوە گوتمان دین و زانست دوو شتی جیان و نابێ تێکەڵ بکرێن.

وتارەکانی نوسەر