دوورنما

داعشیزم، بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵی پێش شار

11:23 - 2022-04-27
حەسەن یاسین
559 خوێندراوەتەوە

داعشیزم، بمانەوێ یان نا، درێژکراوەی بەعسیزمە لە فۆڕمە نەتەوەییە ئیسلامییەکەیدا. عیراق بۆ ماوەی 35 ساڵ گرفتاری بەعسیزم بوو. فەرمانڕەوایی حزبی بەعسی عەرەبـــیی ئیشتراکی لە عیراقدا، سەپاندنی ئەقڵییەت و رەفتاری لادێ بوو بەسەر ئەو ئەقڵییەتە شارییەی کە خەریکبوو لە عیراقدا گەشەبکات و بکەوێتە سەرپێی خۆی!
بەلای داعشەوە گرتنی رووبەری خاک و ئاوەدانی ستراتیج بوو، چونکە بەدوای فەرمانڕەواییدا دەگەڕا، هەر واشیکرد و لە بەشێک لە هەردوو خاکی عیراق و سوریا بوو بە فەرمانڕەوا و  ئاوەدانیی کەوتە بن دەست، ئیدی دەستیکرد بە قەدەغەکردن و سەپاندن و گۆڕینی کۆمەڵ لەو ناوچانەدا رووەو ئەو فۆڕمەی کە بەلای سەرانی داعشەوە ژیانێکی ئاساییە، کە ئەویش ژیانی لادێی پێش دروستبوونی شارە.
ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازیی و کۆمەڵایەتییانەی داعش لەو ناوچانەدا هێنایەئاراوە، بوون بە مایەی ئەوەی بتوانین بڵێین کاریگەریی ئەو گۆڕانکارییانە، لەباری کۆمەڵایەتییەوە، ئەنجامی کۆمەڵایەتیی ترسناکی لێکەوتەوە و گەلێک لەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی بەسەر ناوچەکەدا هاتن ترسناکتربوون. هەر بە سادەیی ئەگەر نموونەی ژنهێنانی چەکدارانی داعش و بەشودانی کچان لە ناوچەکانی بندەستی داعشدا وەربگرین، دەبینین کارەساتێکی گەورەی کۆمەڵایەتییان ناوەتەوە و ژن هەیە لەنێوان  20 بۆ 40 چەکداری داعش دەستاودەستی پێکراوە و ژمارەیەکی یەکجار زۆری منداڵی باوک نادیاریش لەم پڕۆسەیەدا کەوتوونەتەوە، کە بەرهەمی داعشن و ئێستا و لە ئایندەشدا مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر ناوچەکە و جیهان!
 ئەوەی سەرکردەکانی داعش لەو ناوچانەدا کردیان، پێیانزانیبێت یان نا، بریتییە لە ئەندازەسازییەکی کۆمەڵایەتی و داڕشتنەوەی کۆمەڵ لە کۆمەڵێکی شارییەوە بۆ کۆمەڵێکی لادێیی پێش دروستبوونی شار. 
هەڵبەت داعش لەبەرئەوەی حزبێکی تۆتالیتارییە، ئەوەی کردووێتی، بریتییە لە هەمان رەفتار و داڕشتنەوەی کۆمەڵ کە سەرکردە تۆتالیتارەکانی مێژوو لە وێنەی ستالین و هیتلەر و ... هتد، کردوویانە. جیاوازیی داعش لەگەڵ ئەو نموونانەی ناومانهێنان و ئەوانەش ناومان نەهێناون، ئەوەیە داعش لە پەنای ئیسلام و شەریعەتی ئیسلام و لیستێک رێنمایی ئەوانەی رێپێدراون و ئەوانەش رێیان پێنادرێ، وەک حەڵاڵ و حەرام و گوناهـ و کەبائیر و هەق و ناهەق و ئەخلاقی و بێئەخلاقی و ... هتد، ئەو کارانەی کردووە. لیستی قەدەغەکراوەکانی داعش بەرهەمی بۆچوونی شەرعیی شەرعزانان  نییە، بەقەدەر ئەوەی نواندنەوەی دیدێکی کۆمەڵایەتییانەی نەوەیەکی دیندارە کە هیچ چوارچێوەیەکی دیاریکراو نایگرێتە خۆی!
داعش شەیدای گرتنی خاکە، چونکە دەیەوێت جۆرێکی دیاریکراوی ژیان، بەسەر خەڵکدا بسەپێنێ، کە ئەگەرچی دووبارە بەرهەمهێنانی کۆمەڵی پێش دروستبوونی شارە، بەڵام راستییەکەی داڕشتەی خۆیانە و بەس. 
لەپێناوی ئەم داڕشتنەوەیەی کۆمەڵ، سەرانی داعش پەنایان بردەبەر بەکارهێنانی توندوتیژییەکی ئەوپەڕی توندڕەوانە و ئیدی سەربڕین لایان  ئاوخواردنەوە بوو.
ئەوەی لە سایەی داعشدا روویدا، هەر داڕشتنەوەیەکی کۆمەڵ نەبوو بەرەو کۆمەڵێکی ئیسلامی بەپێی دیدگای سەرانی داعش، بەڵکو بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵی لادێیی بوو، بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵی پێش شاری بوو، بە هەردوو مانا دینی و کۆمەڵایەتییەکەی. ئەمەش واتا گێڕانەوەی بیرکردنەوە و پەیوەندییەکانی  لادێیی و دەشتەکییی عەرەب و چەسپاندنی بەسەر خەڵکدا لە سەردەمی نوێدا!

وتارەکانی نوسەر