دوورنما

ئیسلامییەکانی فەلەستین

11:25 - 2022-05-11
حەسەن یاسین
357 خوێندراوەتەوە

رەنگە ئەم ناونیشانەی سەرەوە گشتگیربێ و  بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکانی ئەم ناونیشانە، سەرلەبەری باس بکەین، پێویستی  بە نووسینی کتێبێکی چەند بەرگی هەبێت، بەڵام لێرەدا نامەوێ بابەتەکە قەرەباڵغ بکەم، بۆیە دەمەوێ بەکورتی لەسەر دۆخی خەڵكی فەلەستین لەنێوان چەکوشی ئیسلامییەکان و سندانی عەلمانییەکان قسەبکەم!
 هەڵبەت ئیسلامییەکانی فەلەستین، یەک دەستە و گروپ نین، بەڵام ئیخوانییەکان رۆڵێکی کاریگەریان هەیە و  لەبن ناوی حەماسدا کاردەکەن و رەفتارەکانیان رێک هەمان هەڵسوکەوتەکانی ئیخوانییەکانی میسرە و بەموو لێیان لانەداوە.
 دەبێ هەر لەسەرەتاوە ئەوەمان بیرنەچێ ئیسلامییەکانی فەلەستین، خەڵکی نەتەوەیین و بەناوی هێزی نیشتمانییەوە کاری سیاسی دەکەن، ئەگەرچی ئەوەی دەیکەن، زۆرجار، بیانەوێ یان نا، بە زیان بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی فەلەستینی دەشکێتەوە.
  یەکێک لەکێشەکانی ئیسلامییەکان ئەوەیە هەمیشە خۆیان لە خەڵکی موسڵمانی ئاسایی جیادەکەنەوە و وا هەڵسوکەوت دەکەن کە هەر ئەوانە موسڵمانن کە ئیسلامین و لەگەڵ گروپەکەی ئەواندان، هەر بۆ نموونە لە یەکێک لە گوندەکانی فەلەستیندا دوو مزگەوت هەیە، یەکێکیان تایبەتە بە ئەندامانی حەماس و مزگەوتەکەی دیکەیش گشتییە و هەموو خەڵکی موسڵمانی گوندەکە نوێژی تێدا دەکەن! لە مزگەوتەکەی حەماسدا ئیمامی مزگەوت لە گوتاری رۆژی هەینیدا باس لەوە دەکات کە «ئیسلام چارەسەرە» و هەموو کێشەکانی ژیانی موسڵمانان بە ئیسلام چارەسەر دەکرێن، کەچی  ئیمامی مزگەوتە گشتییەکە لە گوتاری رۆژی هەینیدا باس لە کێشەکانی خەڵک لە کۆمەڵی مەدەنیدا دەکات و رۆڵی ئیسلامیش لە ژیانی موسڵماناندا فەرامۆش ناکات!
 ئەوەی لە نێوان ئیسلامییەکان و عەلمانییەکانی فەلەستیندا، لە ماوەی رابردوو گوزەراوە، بە هەڵسوکەوتی مەدەنیی نەرمڕەو و توندڕەوەوە، بە باش و خراپ، کاریگەریی لەسەر رەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی فەلەستین دەبێت و سەرەنجامیش راستەوخۆ لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی کاریگەریی داناوە و دادەنێ!
 کێشەی نێوان ئیسلامییەکان و غەیرە ئیسلامییەکان، یان ئەوانەی لەسەر عەلمانیەت حسێبن، کاریگەریی لەسەر ئایندەی کێشەی فەلەستین دەبێت و کۆمەڵی فەلەستینی، نەک هەر تووشی چەق بەستوویی دەکات، بەڵکو  بەرەو دواوەی دەبات.
 فاکتەری دەرەکی لە فەلەستین، لەچاو هەموو وڵاتانی عەرەبی، کاریگەریی پترە لەسەر مەیدانی سیاسی لەنێو پڕۆسەی سیاسیی فەلەستیندا و رەنگدانەوەی هەنووکەیی و بەردەوامە و بۆ ئایندەش کاریگەرییەکەی بە ئاسانی ناسڕدرێتەوە، بۆ نموونە تورکیا رۆڵێکی دووفاقی لەمبارەیەوە دەبینێ. تورکیا پێوەندیی ئابووری و سیاسیی بەهێزی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل هەیە، لەلایەکیتریشەوە پێوەندیی لەگەڵ حەماسیش هەیە و پشتیوانییان لێدەکات، ئەمەش بەناوی ئەوەی هەم داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا لە تورکیا ئیخوانن، هەم حەماسیش لقێکی ئیخوانی نێودەوڵەتین لە فەلەستین. بێگومان ئەم هەڵوێستە دووفاقییەی تورکیا کاریگەریی سلبیی زۆری لەسەر دۆخی فەلەستینییەکان هەیە!
  بۆ ئەوەی ئاشتیی کۆمەڵایەتی لەنێو کۆمەڵدا بەرقەرار بێت، دەبێ ئیسلامییەکان و عەلمانییەکان لەسەر فۆرمێکی کارکردنی پێکەوەیی رێکبکەون و خۆیان لە بەریەککەوتن و ململانێی بێلزوم بە دوور بگرن، ئەمە نەک هەر بۆ دۆخی فەلەستینییەکان، بەڵکو بۆ ئێرەش راستە!

وتارەکانی نوسەر