له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
ئێستا ئه‌وه یه‌كلابوه‌ته‌وه كه 20ی مانگی 11 ی ئه‌مساڵ، سه‌رژمێری گشتی له عیراق به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌مه ئه‌گه‌ر هیچ رووداوێكی نه‌خوازراو روونه‌دات، كێشه‌ی كه‌ركوك و ناوچه دابڕێنراوه‌كان و به‌ندی 140ی ده‌ستوور هه‌ر وه‌كی خۆیه‌تی و هیچ چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی نه‌دۆزراوه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی عه‌ره‌باندن تارماییه‌كی نوته‌كه به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌وه، ماڵی كوردیش پێچه‌وانه‌ی خه‌ونی كه‌ركوكیانه، ماڵێكی ترازاوی ناكۆكه، ناكۆك به‌و مانایه‌ی هه‌ر خه‌ریكی سیر و پیازن، ئه‌گه‌ر به‌م بارودۆخه‌وه و بێ هیچ چاره‌سه‌ریه‌ك سه‌رژمێری له كه‌ركوك به‌ڕێوه بچێت و وێنه‌كه به‌و جۆره نیشانبدرێت كه هیچ جۆره ئاسایكردنه‌وه‌یه‌ك نه‌بووه، ئه‌وه ره‌نگه سبه‌ی ئه‌و وێنه‌یه وه‌ك دیفاكتۆو وێنه‌ی راستینه‌ی كه‌ركوك نیشانبدرێت، كه وانییه.
له 1997ه‌وه هه‌ڵبژاردنی گشتی له عیراق نه‌كراوه، ئاوه‌زی سیاسیانه‌و تاڕاده‌یكیش كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی عیراقی به شیعه‌و سونه‌شه‌وه به‌و جۆره‌یه كه عیراق عیراقی هه‌موو عه‌ره‌به‌و له زاخۆوه تا فاو موڵكی ئه‌وانه، ئه‌م ئاوه‌زه به‌درێژایی مێژووی عه‌ره‌ب گرێدراوی هه‌مان ئه‌و ئاوه‌زه دینیه‌یه كه عه‌ره‌بی به‌و جۆره بارهێناوه كه له‌هه‌ركوێ بن ئه‌وێ موڵكی ئه‌وانه، ته‌نانه‌ت له ئه‌وروپاش هه‌مان بیركردنه‌وه‌یان هه‌یه ئه‌گه‌ر چوار كه‌سیان له‌و هلسنكیه سارده كه ئێستا خه‌ریكه ساردیه‌كه‌ی وه‌كی جاران نامێنێت، سوچێك بكه‌نه مزگه‌وت ئیدی هه‌موو شاره‌كه وه‌ك ئه‌و سوچه ته‌ماشا ده‌كه‌ن و سوچه‌كه‌ش به هی خۆیان ده‌زانن، له عیراق تا ئێستا ئه‌م ئاوه‌زه زاڵه، هه‌رچی كورده به‌رده‌وام پێداگری له برایه‌تی ده‌كاته‌وه، به‌ڵام بابه‌ته‌كه وه‌ك دڵداری یه‌كسه‌ره وایه «یه‌ك ده‌سوتێ و یه‌ك بێخه‌به‌ره«. له راستیدا سه‌رژمێری گشتی بۆ هه‌موو وڵاتێك كۆڵێك سودو ده‌ستكه‌وتی هه‌یه، فۆڕمی ئه‌م سه‌رژمێریه‌ش كه بڕیاره دوو رۆژ بخایه‌نێت و یه‌ك دوو رۆژیشه وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی له ته‌واوی عیراق ئه‌و پرۆسه‌یه به‌ڕێوه ده‌چێت، بریتییه له حه‌فتا پرسیار، پرسیاری نه‌ته‌وه‌و ئیتنیك و مه‌زهه‌بی تیا نییه، لێ پرسیاری ئه‌وه‌ی تیایه كه موسوڵمانه یان مه‌سیحی، ئه‌وانه زۆر كێشه نین، كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه تێكه‌ڵیه‌ك له نێوان پرۆسه‌كانی به‌ندی 140ی ده‌ستوور و سه‌رژمێریه‌كه‌دا له كه‌ركوك و ناوچه دابڕێنراوه‌كان دروست ده‌بێت، ئێستا كه هیچ نه‌بووه له زۆر فه‌رمانگه بابای عه‌ره‌ب كه ئیشی كوردێك ده‌چێته لای وه‌ك ئه‌وه وایه بێگاری پێبكه‌ی ئه‌ی دواتر چۆن، ئێ خۆ هیچ ده‌زگایه‌كی چاودێریش نییه له‌م ناجۆریانه بپێچێته‌وه، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش ناپه‌رژێته سه‌ر بینینی ئه‌و هه‌موو نادادیه، ئه‌وه‌تا ئه‌نجومه‌نی پارێزگاش هه‌زار و یه‌ك داوی بۆ نراوه‌ته‌وه‌و ناهێڵن به كاری خۆی راگات، له‌ولاشه‌وه «برای عه‌ره‌بی چاوڕه‌شم»، رۆژ نییه په‌لاماری جوتیاری كورد نه‌دات .
پێویسته سه‌ركردایه‌تی كورد بۆ كه‌ركوك هه‌ندێك له‌و دڕدۆنگی و یه‌كخۆریه ده‌رهه‌ق یه‌كتر به‌لاوه بنێت و له‌سه‌ر چاره‌نوسی ئه‌و ناوچانه‌و بابه‌تی سه‌رژمێری و سته‌می عه‌ره‌بی هاورده كۆبونه‌وه‌یه‌كی باڵا بكات و روون و ره‌وان به به‌غدا بڵێت، گه‌لۆ ئه‌و میلله‌ته‌ی كورد غه‌واره‌ن یان هاوبه‌ش، ئێ خۆ ناكرێت كورد له‌سه‌ر زه‌وی و ماڵی خۆی هێشتا بڵێ «من بوومه به بێگانه‌و بێگانه خاوه‌ن ماڵه».