فێربوونی خودی

10:05 - 2024-06-10
پ.د. سەمەد ئەحمەد*
314 خوێندراوەتەوە

 پ.د. سەمەد ئەحمەد*

ئاشکرایە کە پێشكەوتنی كەلتوریی و رۆشنبیریی لەهەر كۆمەڵگەیەكدا، بە هەموو پێكهاتە مەعریفی و تەكنەلۆژییەكانەوە ئەوە بەسەر مرۆڤدا دەسەپێنێت كە فێرببێت، لەپێش هەمووشیانەوە ئەمە فێركاران و فێرخوازان دەگرێتەوە.
گۆڕان و نوێبوونەوە خەسڵەتێكی دیاری ژیانە و بە شێوەیەكی بەردەوام هەنگاو دەنێت، راستەوخۆ پەیوەستن بە مرۆڤەوە و كار لەیەك دەكەن. دابیینكردنی پێداویستی ژیانی رۆژانە و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان ئەوە لە مرۆڤ دەخوازن كە زیاتر هەوڵی فێربوون بدەن و شێواز و رێگەی نوێ بگرنەبەر بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنای زانست و زانیاری و داهێنانە نوێیەكانی سەردەم بن، هەموو ئەمانەش مەعریفە و توانای ژیری و تێڕوانینی مرۆڤ بۆ دیاردەكان زیاتر دەكات، ئەمانە و چەندین فاكتەری تر وا لە مرۆڤ دەكەن كە جگە لە رێگە تەقلیدییەكانى فێركردن، پەنا بۆچەندین رێگە و شێوە و شێوازی فێركردنی تر ببات، كە دیارترینیان بریتین لە: فێربوونی خودى، فێركردنی پیشەیی، فێركردنی كراوە و.. هتد. 
هەریەك لەم شێواز و رێگایانە، كە بە جێگرەوەی رێگە تەقلیدییەكانی فێركردن دادەنرێن، رێگە لەبەردەم مرۆڤدا خۆش دەكەن بۆ زیاتر بەشداریكردن لە پێشخستنی كۆمەڵگەدا. ئێمە لەم چەند دێڕەدا تەنها ئاماژە بە چەمکى فێربوونى خودی دەکەین.

 

 قوتابخانە و ناوەندەکانى ترى پەروەردە و فێرکردن، تەنها جەخت لەسەر یەك لایەنی فێربوون و رەفتاری مرۆڤ دەكەنەوە، بەڵام فێربوونی خودی جگە لە رەفتاری هەمەلایەنەی مرۆڤ، لە پلەی یەكەمدا جەخت لەسەر توانا و چالاكییەكانی كەسى مرۆڤ دەكاتەوە

چەمك و پێناسەی فێربوونی خودى
چەمکی فێربوونی خودی بریتییە لەو رەفتارە سەربەخۆییانەی دەبنە مایەی رێكخستنی چالاكییە خودییەكانی مرۆڤە، مەبەست لێیان فێربوونە كە فێرخواز بە بێ یارمەتی كەسانی تر و بە پشت بەستن بە خۆی، بەكاریاندەهێنێت، جا لە رێگەی نووسراوەوە بێت، یان لە رێگەی ئامێر و تەكنەلۆژیاوە بێت، لەفێربوونى خودیدا، فێرخواز خۆی ئەو رێگە و شێوازانە بۆ فێربوون دەگرێتەبەر كە لەگەڵ ویست و تواناكانیدا دەگونجێت، بەبێ یارمەتی مامۆستا و فێركار. 
(ئەلف كافالیف) کە یەكێكە لە پسپۆڕانی بواری فێركردن، ئاوها پێناسەی فێربوونی خودی دەكات و دەڵێت: فێربوونی خودی كار و چالاکییەکى هۆشیارانەی رێكخراوی مەبەستدارە، كە تاكەكەس ئەنجامی دەدات بە ئامانجی گۆڕین و باشكردنی رەفتار و كەسێتی خودی و بەدەستهێنانی رەفتار و كەسێتییەكی باشتر، بۆ ئەوەی لە ئێستا و لە ئایندەدا، كەسێكی كاریگەر و چالاك و خزمەتگوزار بێت.
(ئینسیكلۆپیدیای مەعریفی سۆڤییەتی) بەم شێوەیە پێناسەی فێربوونى خودى دەكات: (بریتییە لەو چالاكییە مەعریفیانەی كە مرۆڤ بە شێوەیەكی سەربەخۆ لە دەرەوەی دامەزراوە رەسمی و حكومییەکانەوە فێریان دەبێت، كە بریتین لە كتێب و گۆڤار و رۆژنامە و دەزگاکانى راگەیاندن و...هتد).
لەم روانگەیەوە و لەبەر رۆشنایی ئەم زانیارییانە، هەندێ لە پسپۆڕان پێیان وایە كە چەمكی فێربوونی خودی چەمكێكی زۆر فراوانە و گشتگیرترە لە چەمكی فێربوونی ئاسایی و تەقلیدی، چونكە قوتابخانە و ناوەندەکانى ترى پەروەردە و فێرکردن، تەنها جەخت لەسەر یەك لایەنی فێربوون و رەفتاری مرۆڤ دەكەنەوە، بەڵام فێربوونی خودی جگە لە رەفتاری هەمەلایەنەی مرۆڤ، لە پلەی یەكەمدا جەخت لەسەر توانا و چالاكییەكانی كەسى مرۆڤ دەكاتەوە، هەربۆیە ئەم كەسانە ئاوها پێناسەی فێربوونی خودی دەكەن و دەڵێن: (چالاكییەكی هۆشیارانەی تاكەكەسە، كە ئامانج لێی گۆڕینی ئاستی كەسێتی مرۆڤە لە باشەوە بۆ باشتر).

گرنگی و بایەخی فێربوونی خودی
فێربوونى خودى لە زۆر رووە گرنگە، بەڵام لەڕووى پەروەردەیی و فێرکارییەوە، لە هەر لایەنێک زیاتر باخى هەیە، چونکە مرۆڤ لە دوای تەواوكردنی قۆناغەكانی خوێندن، لەهەركەسێك زیاتر پێویستی بە فێربوونی خودی هەیە، ئەم كەسانە رۆڵی مامۆستا و پسپۆڕى فێركار دەبینن لە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردندا، وەكو كردنەوەی كۆرس و خولى راهێنانە پەروەردەیی و فێرکارى و پیشەییەكان و لەناوبردنی نەخوێندەواری و...هتد، بۆیە ئەم جۆرە كەسانە بەرپرسیارییەتییەكی زانستى و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و فێركاری گەورە لە کۆمەڵگادا دەكەوێتە ئەستۆیان، كە دەتوانین بڵێین لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا هەر ئەمانن کە سیاسەت و فەلسەفەى پەروەردە و فێرکردنى وڵات دادەڕێژن. لەمبارەیەوە بایەخی فێربوونى خودی لەڕووی پەروەردە و فێرکارییەوە زیاتر دەبینرێت، چونكە دەبێتە مایەی زیادكردنی زانست و زانیاری بەگشتی و بەهێزکردنى زیاتری كەسێتی مرۆڤ بە تایبەتى لە كۆمەڵگەدا. 
- سەرچاوە: التعليم المستمر: داود ماهر محمد، لاپەڕە 91 – 92.
* پسپۆر لە بوارى پەروەردە و دەرونزانیی


وتارەکانی نوسەر