رۆڵی یاریكردن لە فێركردن و فێربوونی منداڵدا

10:24 - 2024-07-15
پ.د. سەمەد ئەحمەد*
189 خوێندراوەتەوە

پ.د. سەمەد ئەحمەد*

(فێركردن) كە بریتییە لە گواستنەوەی زانست و زانیاریی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر، بەڵام (فێربوون) بریتییە لە گۆڕینی رەفتار، رەفتاریش گوزارشت لە هەموو هەڵسوكوت و جوڵە و بیركردنەوەیەكی مرۆڤ دەكات.
زۆرێك لە پسپۆرانی سایكۆلۆجیای منداڵ لەوبڕوایەدان كە یاریی ئامرازێكی باشە بۆ فێربوون و گۆڕینی رەفتاری منداڵ لەخراپەوە بۆ باش. ئەم جەختكردنەوەیە لە یاریی بۆ فێربوونی منداڵ، دیاردەیەكی هاوچەرخانە و سەردەمیانەیە و لە رابردودا هەرگیز بەم شێوەیە سەیری یاریی نەكراوە.
ئێستا رەوایە بپرسین: گەورەكان چۆن دەتوانن منداڵەكان فێر بكەن، بە بێ ئەوەی لە ژیان و تایبەتمەندیی منداڵی دایان ببڕن؟ گەورەكان چۆن دەتوانن منداڵەكان فێر بكەن، بە بێ ئەوەی بیروبۆچوونی خۆیان بەسەریاندا بسەپێنن؟
زانایانی سایكۆلۆجیای منداڵ و پەروەردەكارانی هاوچەرخ ئاوها وەڵامی ئەم پرسیارانە دەدەنەوە و دەڵێن: (تەنها یاریی دەتوانێت منداڵ فێری شتەكان بكات و بە سروشتی خۆشیان بیانهێڵێتەوە، چونكە یاریكردن بۆ منداڵ جگە لەوەی چێژبەخشە، هەروەها بەشێوەیەكی باش گەشە بە لایەنی عەقڵی و هەڵچوونی و جەستەیی و كۆمەڵایەتی و دەروونی منداڵ دەدات و ئاشنای دەكات بە زۆر شت كە بۆ ژیانی منداڵ زۆر پێویستە.. هەروەها هەر یارییە كە دەتوانێت گەورەكان ئاشنا بكات بە باری راستەقینەی دەروونی و هەڵچوونی منداڵ، هەر یاریشە كە تواناكان و حەز و ئارەزووەكانی منداڵ دەپشكنێت.. لەمانەش گرنگتر ئەوەیە كە هەر یارییە منداڵمان وەك ئەوەی هەیە پێدەناسێنێت، نەك وەك ئەوەی كە گەورەكان دەیانەوێت.. بۆیە دەبێت گەورەكانیش بە پێی سروشت و توانا و حەز و ئارەزووی منداڵ، منداڵ ئاڕاستە بكەن، ئینجا چاوەڕێی داهێنانی منداڵەكانیان بكەن). هەر لەم روانگەیەوە، پسپۆرانی سایكۆلۆجیای منداڵ بیریان لە دامەزراندنی شوێنێك كردەوە كە بۆ منداڵ جێگەی ئارامی و ئاسودەیی و دڵخۆشی بێت، ئەو شوێنەش (باخچەی منداڵان) بوو كە لەسەر دەستی زانای بەناوبانگ (فلۆبێر) دامەزرا و ناونرا (ماڵی دووەمی منداڵان)، بەڵام لێرەدا شارەزایان رووبەڕووی چەند پرسیارێكی تر دەبنەوە.. پرسیارەكانیش ئەمانەن: چۆن بزانین كە منداڵەكانمان بەهۆی یارییەوە رەفتارەكانیان، عەقڵ و بیركردنەوەیان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە؟ چۆن و بەچ شێوەیەك ئەو گۆڕانكارییانە بپێوین؟ ئایا یارییەكان وەكو یەك كاریگەرییان هەبووە بەسەر منداڵەكانمانەوە یان نا؟ ئەی جیاوازی تاكایەتی چ رۆڵێكی هەیە لەسەر كاریگەریی یاریی بەسەر رەفتاری منداڵەوە؟
پسپۆران و شارەزایان وەڵامی ئەم پرسیارانە و هاوشێوەی ئەمانە، لە رێگەی گرنگی و بایەخی فێركردن لەرێگەی یارییەوە داوەتەوە.. با بزانین گرنگی فێركردن كە فێربوون بەرهەم دەهێنێت لە رێگەی یارییەوە چییە؟ 
گرنگیی فێركردن و فێربوون لە رێگەی یارییەوە
ئەو ئەزموون و شارەزاییانەی كە منداڵ لە رێگەی یارییەوە فێریان دەبێت، وا لە منداڵ دەكات كە زووتر و باشتر لە شتەكان تێبگات و فێریان ببێت، هەر بۆیە زووتر درك بە واتای شتەكان دەكات و دەیانگونجێنێت لەگەڵ واقیعی ژیاندا. هەروەها فێركردن لە رێگەی یارییەوە یارمەتی منداڵ دەدات تا سەرنجی ئەو شتانە بدات كە لە ژیانیدا گرنگە و پێویستە فێریان ببێت. جگە لەمانە، لەبەرئەوەی یاریكردن كێبڕكێی تیادایە، پاڵنەر و حەزی منداڵ زیاتر دەكات بۆ فێربوون.
یاریكردن وا لە منداڵ دەكات زیاتر چالاك بێت و كارا بێت و زووتر فێرببێت، چونكە یاریكردن خۆش و چێژ بەخشە. ئەوەش سەلمێندراوە کە یاریكردن كەسێتی منداڵ بەهێز دەكات و لایەنی عەقڵی و ویژدانیشی باشتر پێدەگەیەنێت. واتا منداڵ فێری رەفتاری باش دەكات. هەروەها یاریكردن یارمەتی منداڵ دەدات بۆ خۆناسین و دۆزینەوەی تواناكانی، بەمەش باوەڕی بە خۆی زیاتر دەبێت و پشت بە خۆی دەبەستێت، هەر بۆیە فێربوون زووتر و باشتر بەرهەم دێت.
یاریكردن منداڵ رادەهێنێت لەسەر رێزگرتن لە كەسانی تر و پەیڕەوكردنی یاسا و رێساكان. واتا یاریكردن دەبێتە مایەی ئەوەی كە منداڵ فێری رێزگرتن و پابەندبوون بە یاساوە ببێت. جگە لەمانە، یاریكردن كەشێكی خۆش بۆ منداڵ دروست دەكات تا بێزار نەبێت لە پرۆسەی خوێندن و فێربوون.

* پسپۆر لەبواری پەروەردە و دەروونزانیی

وتارەکانی نوسەر