كاری رێكخراوەیی و دیدێكی نوێ‌

10:21 - 2024-06-10
نەوزادی موهەندیس
331 خوێندراوەتەوە

نەوزادی موهەندیس


رێكخراو و كۆمەڵە و سەندیكا و یەكێتیە پیشەیی و دیموكراتییەكان، لەژێر سایەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیدا، بوونەتە دەسەڵاتی پێنجەم لەدوای دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری و راگەیاندنەوە، هەمان كاریگەری و هەژموونی ئەو دەسەڵاتەیان هەیە لەناو كۆمەڵگە نیشتمانی و نێونەتەوەییەكاندا.

لای کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان
ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە لای كۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، رۆڵی حزبە سیاسی و سەركردە سیاسییەكان لەبەرامبەر رۆڵی كۆمپانیا ئابووریی و سەرمایەدارە گەورەكان و ریكخراوە پیشەیی و جەماوەری و دیموكراتی و ناحكومییەكان و سەركردە كرێكاری و سەندیكاییەكاندا بەرەو كاڵبوونەوە و بچووكبونەوە دەچن.
بەهۆی ئەوەی كە هەژموونی ئابووریی زیاتر بووە، بەشێوەیەك سەرمایەدار و كۆمپانیاکان، لەولاشەوە سەندیكا و رێكخراوە پیشەییەکان، رۆڵی باشتر لەناو كۆمەڵگەدا دەگێڕن و سەركردە سیاسییەكان و پارتەكانیش كاریگەرییان كاڵبۆتەوە و پێدەچێت بۆ ئایندەش هێندەی تر بچووك ببنەوە.
هەربۆیە زۆرینەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگە، روو لە رێكخراوی ناحكومی و كۆمەڵگەی مەدەنی دەكەن و كار و چالاكی و داهێنان و توانا و بەهرەكانیان لەوێدا پێشكەش دەكەن بۆ چین و توێژەكانی خۆیان، دواتریش بۆ كۆمەڵگەكانیان.
لەلایەكی تریشەوە لەم سەردەمەدا هێندەی پەیوەندییە پیشەیی و كەلتوری و رۆشنبیرییەكان لە كۆمەڵگەكاندا رۆڵ و كاریگەرییان هەیە، نیو هێندە سیاسەت و پارت و سەركردە سیاسییەكان رۆڵیان نییە، چونكە بەپێی ئەزموونی رابردوو، سیاسییەكان هۆكاری جەنگ و كاولكاری و داگیركردن و تێكدان و دووكەرتبوونی كۆمەڵگەكان و گەلانی خۆیان و جیهان بوون.
ئەوان نەبوونەتە هۆكاری سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی لەناوخۆی وڵاتەكانیاندا.
هەربۆیە گرنگە چیدی حزبەكان هێندە سەرقاڵی تۆخكردنەوەی بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیای نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و حزبییە تەسك و بچووكەكاندا نەبن، بەڵكو سەرقاڵی گرنگیدانی زیاتر بن بە رێكخراوە پیشەیی و دیموكراتییەكان و لەو رێگەیەوە  دەتوانن خزمەتی زیاتر پێشكەش بكەن بە چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگە و سوودیان لێوەربگرن بۆ دەنگدان و هەڵبژاردنەكان و مانەوەیان لەدەسەڵاتدا نەك لە رێگەی تەسكی حزبایەتییەوە.

 

گرنگە چیدی حزبەكان هێندە سەرقاڵی تۆخكردنەوەی بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیا نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و حزبییە تەسك و بچووكەكان نەبن، بەڵكو سەرقاڵی گرنگیدانی زیاتر بن بە رێكخراوە پیشەیی و دیموكراتییەكان 

 
حزب گرنگی بدات بە کاری رێکخراوەیی
كاری حزبی و سیاسی جیاوازە لە روانگەی ئەرك و مافەكانی ئەندامەكانیانەوە لە ئەرك و مافی ئەندامی ئەو رێكخراو و كۆمەڵانەوە.
بۆیە تاكەكان زیاتر حەز بەكاری رێكخراوەیی و سەندیكایی دەكەن تا كاری حزبی كۆنكرێتی و توندوتۆڵ و ئیلیتیزامی بەناچاری.
حزبی سیاسی دەتوانێت كاری رێكخراوەیی خۆی درێژەپێبدات لەناو ئەو رێكخراونەدا كادرە بە توانا و لێهاتوو و ناسراوەكانی خۆی بخزێنێتە نێو سەركردایەتی و بەڕێوەبەرانی ئەو رێكخراوانەوە بۆ ئەوەی لەلایەك كاری رێكخراوەیی گەشەپێبدەن و لەلایەكی تریشەوە بوون و سیاسەت و بەرنامە و پلانەكانی خۆیان لە رێگەی ئەو رێكخراوانەوە و لەناو كۆمەڵگەدا جێبەجێبكەن.
ئەمەش بەشێوەیەكی نەرم و سێبەر نەك بەشێوەی راستەوخۆ و ئاشكرا. 
حزب نابێت هەوڵبدات كۆنتۆڕڵ و جڵەوگیری تەواوی هیچ رێكخراو و سەندیكایەك بكات، بەڵكو هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرینە بدات بۆئەوەی بتوانێت بەشێوەیەكی دیموكراتیانە و سەربەخۆیانە لەناو ئەو رێكخراوانەدا كار و بەرنامە و دید و تێڕاونینەكانی خۆی جێبكاتەوە.
ی.ن.ک وەكو حزبێکی گەورە و كاریگەر لە كوردستان و عیراق و ناوچەكەشدا، پێویستە بۆ ئایندە بەرنامەی كاری خۆی لەسەر ئەو رێكخراوانە هەڵبچنێت و كاری شێلگیرانەشیان تێدا بكات و بنەما و بیروباوڕەكانی سۆشیال دیموكراتی خۆی بسەپێنێت، وەك نموونەی ئایدیا و رەوتێكی سیاسی مۆدێرن كە ئامانجی وەدیهێنانی بەهاكانی ئازادی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و هاوكارییە، لەنێو كۆمەڵگەی كوردەواریدا، وەدیهێنانی بنەماكانی گەشە و یەكسانی كۆمەڵایەتی، بەردەوامییە لە سیستمی ئابوورییەكی ئاڕاستەكراو و رێكخراودا بۆ گەیشتن بە كۆمەڵگەیەكی خۆشگوزەران كە تیایدا هەموان هەمان هەلی ژیان و كار و خۆشگوزەرانیان بەربكەوێت.

ئەرکی رێکخراوە دیموکراتییەکان
 ئەركی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكانی ی.ن.ک ئەوەیە كاری شێلگیرانە بكات لەناو سەرجەم رێكخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکاندا، ئەمەش لەڕێگەی:
• پشتیوانیی كادری بەتوانا و ناسراو و لێهاتوو لەو رێكخراوانەدا بۆئەوەی وێنەیەكی گەش و جوانی یەكێتی پیشانی هەموان بدات و لە رێگەیانەوە خزمەت بە چین و توێژەكانی خۆیان بكەن.
• ئیدارەدانی ئەو رێكخراوانە لە رێگەی پیادەكردنی پاراستنی سەربەخۆییان و بەڕێوەبردنێكی دیموكراتییانە و هەڵبژاردن و نوێبونەوەیانەوە بەشێوەیەكی بەردەوام و لەكاتی خۆیاندا.
• دووركەوتنەوە لە شێوازە كلاسیكییەكەی كاركردن، بە هاندان و پشتیوانی مادی و مەعنەوی لە رێگەی كردنەوەی خولی هۆشیاری و دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوە هاوپیشەكانیان لە وڵاتان، بەتایبەتیش وڵاتانی سۆشیال دیموكرات، بۆئەوەی بتوانن كار و بەرنامە و خزمەتگوزاریی باش و تۆكمە پێشكەش بە چین و توێژەكانیان بكەن.
• دوورخستنەوەی دەستی حزبیی ئاشكرا و تۆخ لەكاری ئەو رێکخراوانەدا، چێكردنی پرۆسەی چاودێری و نوێبوونەوە و گۆڕانكاری لە بەڕێوەبردنیاندا.
هەربەمەش دەتوانرێت كار و ژیان و ژینگەی تەندروستی كاری رێکخراوەیی و پیشەیی و مەدەنی گەشە و پێشكەوتوو پیشان بدات، وەكو هەموو وڵاتانی پێشكەوتوو و گەشەسەندووی جیهان.
كاری رێکخراوەیی كارێكی ئاسان و نەرم و فروانە، بە بەراوورد بەكاری حزبی توندوتۆڵ وكۆنكرێتی و نەگۆڕ، هەموو كادرێكی رێکخراوەیی دەتوانێت پێی رابگات و فێریشی ببێت و گەشەشی پێبدات، هەربۆیە ناكرێت قەتیس و وابەستە بكرێت بە چەند كەسێكی دیاریكراوەوە لەژێر ناوی شارەزایی و ئەزموون، چونكە ئاستی هۆشیاری تاكەكان و سروشتی كاری رێکخراوەكان، دەتوانێت زامنی سەركەوتنی كادرە نوێكانیش بێت لەكاری رێکخراوەییدا.
بە هیوای ئەوەی كە ئەم دەسەڵاتی پێنجەمەی كۆمەڵگەكان بۆ ئایندە زیاتر و زیاتر گەشە و پێشكەوتن بەخۆوە ببینێت.
ئەمە لەلایەك بۆتە پێویستیی سەردەمەكە و لەلایەكی تریشەوە بۆتە پێوەرێك بۆ كرانەوە و گەشە و پێشكەوتنی كۆمەڵگە مرۆڤایەتییە جیاوازەكان لە سەردەمی جیهانگیری و تەكنۆلۆجیا پێشكەوتووەكان و هۆكارە زیرەكەكانی پەیوەندی و قۆناغی پۆست مرۆڤبوونیش.

رێکخراوە پیشەییەکان دەتوانن رۆڵی کاریگەریان لەسەر حکومەت هەبێت

وتارەکانی نوسەر