بەپێی پێناسەی زانستی سیاسیی، سیاسەت گوزارشت لە پرۆسەی بڕیاردان دەكات كە پەیوەندیدارە بە هەموو كۆمەڵگەوە، هەروەها مامەڵەكردن لەگەڵ بەها ماددی و مەعنەوییەكان و هێمای داواكاری و گوشارەكان و گەیشتن بە ئامانجەكان لە چوارچێوەی پلانی تاك و گروپ و دامەزراوەو دەستەبژێر، بەپێی ئایدیۆلۆژیایەكی دیاریكراو لەسەر ئاستی لۆكاڵی یان ناوچەیی یان نێودەوڵەتی.
لەسەر ئاستی حزب
كەواتە ئایدۆلۆژیایەكی دیاریكراو بنەمای پلانەكانە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەكانی كۆمەڵگە، كاری سیاسی چ لەلایەن حزبێك یان بزووتنەوەیەكی سیاسیی یان تاكێكی سەربەخۆ بێت، بەبێ بوونی چوارچێوەیەكی فكری و ئایدیۆلۆژیایەكی روون و ئاشكراو بە بێ بەرنامەیەكی كرداریی كە پشت بەو چوارچێوە فكرییە ببەستێت، هەرگیز دروست نییە، چالاكییە سیاسییەكانیش بەبێ بوونی ئەو بنەما ئایدیۆلۆژییە دەگۆڕێت بۆ كاری مافیایی بۆ بەدەستهێنانی پارەو سەروەت و سامان بە شێوازی جیاواز.
كاتێك مرۆڤیش دەبێتە ئەندامی ئەو حزبە ساسییە، یان بزووتنەوەیە ئەگەر پرسیار لە فكر و ئایدیۆلۆژیای ئەو حزبە نەكات، یان بەلایەوە گرنگ نەبێت، كەواتە ئەو كەسە پابەندە بە كەسایەتی یان بڕی داهات و دەستكەوت لەو حزبەدا و هەر حزب و کەسێک زیاتری پێبدات، سەنگەر دەگوازێتەوە بۆ لای ئەو.
سیاسەت گوزارشت لە پرۆسەی بڕیاردان دەكات كە پەیوەندیدارە بە هەموو كۆمەڵگا، هەروەها مامەڵەكردن لەگەڵ بەها مادی و مەعنەوییەكان و هێمای داواكاری و فشارەكان و گەیشتن بە ئامانجەكان لە چوارچێوەی پلانی تاك و گروپ
دروشمی نەتەوەیی یان سۆشیالیزم
كاتێكیش حزب فكر و ئایدیۆلۆژیا دەكاتە دروشمێكی وشك بە ناوی نەتەوەیی یان سۆشیالیزم، یان ئایین، یان ژینگە یان مافی مرۆڤ....هتد، بۆ ختوكەدانی هەست و سۆزی تاك بۆ كاتێكی دیاریكراو، ئەوا هەرگیز خزمەت بە كۆمەڵگە ناكات و تەنها کار بۆ خۆدەوڵەمەندكردن دەکات. هەربۆیە دەبێت چالاكییە سیاسییەكانیشی پشت بەو ئایدۆلۆژییایە ببەستێت كە بانگەشەی بۆ دەكات.
ئایا حزبێكی ناسیۆنالیست چ پێناسەیەكی بۆ نەتەوە هەیە؟ چالاكییە سیاسییەكانی تا چەند خزمەتی رەگەزەكانی نەتەوەیی كردووە؟ حزبێكی ئایینی چ پلانێكی داڕشتووە بۆ پێشخستنی كۆمەڵگە یان هەر بە شێوەیەكی دۆگمایی لە بابەتە ماددی و مەعنەوییەكان دەڕوانێت؟ حزبێكی سۆشیالیست چ دیدگایەك بۆ سۆشیالیزم بەهەند وەردەگرێت و چی دەكات بۆ چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگە؟
لەسەر ئاستی تاك
كەواتە نەك هەرحزب، بەڵكو تاكیش ئەگەر ویستی بەشداری كاری سیاسیی بكات، ئەوا پێویستە خاوەن فكر بێت و له میانەی تێڕوانینی فكریی و ئایدیۆلۆژیی خۆیەوە، ئەو حزبە یان بزووتنەوەیە هەڵبژێرێت.
تاكی هۆشیار كە خاوەن فكری سۆشیالیستییە، یان سەرمایەداری و لیبرالیزم، یا ئایینی، یاخود ناسیۆنالیستی، یان توندڕەویی ناسیۆنالیستی، یان ژینگە، یان داكۆكیكار لە جێندەر و.....هتد بێت، لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا بەدوای حزبێكدا دەگەڕێت كە نوێنەرایەتیی بكات لە سێكتەری سیاسیدا، كە پێكهاتەكانی لە هەڵبژاردنەكاندا كێبڕكی بكەن و بەرنامە و چالاكییە سیاسییەكانی روون و ئاشكرا بێت، بەبێ ئەو هۆشیارییەی تاكیش پرۆسەی هەڵبژاردن هیچ مانایەكی نابێت و گۆڕانكاریی لە دەسەڵاتی سیاسیدا روونادات.