جه‌میله شێخ مه‌حمود
ئه‌و ژنانه‌ی بوێرانه خێزانه‌كانیان رێگرییان لێ ناكه‌ن و هاتوونه‌ته مه‌یدانی ژیانه‌وه، ئه‌وا رۆژانه رووبه‌ڕووی ئه‌و سووكایه‌تییه زاره‌كییه گشتییه ده‌بنه‌وه
ئولریكه هافنه‌ر، هاوسه‌رۆكی ژنانی پارتی سۆشیال دیموكراتی ئه‌ڵمانیا (SPD Frauen) له وته‌ی كۆنفرانسی رێكخراوه‌كه‌یدا، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه: «دووباره نهریتسازیی، تا دێت ژنكوژی، قسه‌ی ره‌ق و دژه فێمینیزم له سۆشیال میدیا و له هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كاندا، پێویستیی به به‌رپه‌رچدانه‌وه هه‌یه».
ئێمه‌ی ژنانی سۆشیال دیموكراتی ئه‌ڵمانیا جارێكی دیكه روونیده‌كه‌ینه‌وه، ئێمه بۆ مافه‌كانی ژنان ده‌وه‌ستینه‌وه و به‌ڕوونی و دیار و به ده‌نگی به‌رز به‌رگریی له دیموكراسی ده‌كه‌ین.
ئه‌مه وته‌ی ئه‌و ژنه بوو، كه‌وا له ساڵیادی 50 ساڵه‌ی رێكخراوه‌كه‌یاندا به ده‌نگی به‌رز ئاماژه‌ی به‌و جۆره توندوتیژییه كرد كه له كۆمه‌ڵگەی ئه‌ڵمانیدا سه‌ریهه‌ڵداوه، بۆ پاراستنی دیموكراسی و مافی مرۆڤ رووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه.
بێگومان ژن له كۆمه‌ڵگەدا رووبه‌ڕووی توندوتیژیی جه‌سته‌یی و مه‌عنه‌ویی یان زاره‌كیی ده‌بێته‌وه، هاوكات پێویسته به‌پێی یاسا رێگریی له‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه بكرێت كه ده‌رهه‌ق به نیوه‌ی کۆمەڵگە ده‌كرێت، ئیتر ئه‌و توندوتیژییه جه‌سته‌یی بێت یان مه‌عنه‌ویی و زاره‌كیی.
ده‌ستدرێژی زاره‌كیی (اللفظي) چییه؟
واته هه‌موو ده‌ستدرێژییه‌كی زاره‌كیی وه‌ك ناوزڕاندن، جنێو پێدان، زۆرهملێكردن، هه‌ڕه‌شه‌كردن، زه‌لیلكردن، سووكایه‌تی پێكردن، گاڵته پێكردن، قسه یان ئاماژه كردنێك یان لێكچوواندنێك كه كه‌رامه‌تی مرۆڤایه‌تی ژنان تێكده‌دات به ئامانجی ترساندن و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ئازادیی جموجۆڵی ژن.
ئه‌و ره‌فتاره ئێستا له‌ناو كورددا بۆته دیارده و له مزگه‌وت و سۆشیال میدیا و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندندا ده‌بینرێت و ده‌بیسترێت. هه‌ربۆیه منیش وه‌ك ژنه كوردێك، له ساڵیادی رۆژی بهرهنگاربوونەوەی توندوتیژیی (25)ی نۆڤەمبەردا چاوێك به ڕه‌وشی ژنانی كورددا ده‌خشێنم، مه‌خابن رۆژانه كوشتنی ژن ده‌بیستین، ئیتر ژن ده‌یه‌وێ هاوسه‌رگیریی بكات ده‌كوژرێت، ده‌یه‌وێت جیا ببێته‌وه ده‌كوژرێت، ده‌یه‌وێت منداڵه‌كانی بپارێزێت ده‌كوژرێت، براكه‌ی تاوان ده‌كات ژنێك ده‌كوژن بۆ په‌رده‌پۆشكردنی تاوانی براكه‌ی، پیاوێكی به‌دڕه‌وشت فریوی ده‌دات هه‌ر ته‌نها ئه‌و ژنه ده‌كوژرێت و پیاوه‌كه‌ش به‌دوای نێچیرێكی تردا ده‌گه‌ڕێت، له به‌ر توندوتیژیی خێزانیی راده‌كات و په‌نا ده‌باته به‌ر رێكخراوه‌كانی ژنان هه‌ر ده‌كوژرێت...هتد.
به‌هۆی سۆشیاڵ میدیاوه سه‌ریهه‌ڵداوه
وێڕای ئه‌و توندوتیژییه له‌سه‌ر ئاستی تاك، توندوتیژیی گشتی زاره‌كیش به‌هۆی ئاسان به‌رده‌ستیی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و سۆشیاڵ میدیاوه سه‌ریهه‌ڵداوه، هه‌روه‌ها له كۆڕوكۆبوونه‌وه ئاینیی و كۆمهڵایهتییەكاندا قسه‌ی ره‌ق و سوكایه‌تی و تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن، گاڵته‌كردن به رووخسار و جلوبه‌رگ و شێوه‌ی قسه‌كردن و تواناكانی ژن به‌رده‌وامه، ژنێكی به ته‌مه‌ن داوای مافی ژنان بكات پیاوان به شێوه‌ی گاڵته‌جاڕیی و ناشیرین پێی ده‌ڵێن: تۆ ته‌مه‌نت ته‌واو بووه و چیت داوه له مافی ژنان، ئه‌گه‌ر ژنێكی گه‌نجیش باس له مافه‌كانی ژنان بكات ئه‌وا هه‌ر ئه‌و پیاوانه پێی ده‌ڵێن داوای به‌ره‌ڵایی و بێ ره‌وشتیی ده‌كات. ئه‌گه‌ر ژنێك كارێكی هونه‌ریی بكات ده‌یان پیاو پێی ده‌ڵێن بڕۆ سه‌رت داپۆشه و دوو ركات نوێژ بكه. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، زۆرێك له پیاوان له باشووری كوردستان له‌ژێر هه‌ژموونی كۆنهخوازیدا ده‌ست بۆ ژنانی شۆڕشگێڕی پارچه‌كانی تری كوردستانیش ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ش وای كردووه ژنی كورد له باشووری كوردستان ترسی له هه‌موو به‌شدارییه‌كی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ریی و كه‌لتوریی هه‌بێت، هه‌ربۆیه ژنان له‌و ناعه‌داله‌تیی و توندوتیژییه تا ڕادده‌یه‌كی زۆر بێده‌نگن، هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی بوێرانه كه خێزانه‌كانیان رێگرییان لێ ناكه‌ن و هاتوونه‌ته مه‌یدانی ژیانه‌وه، رۆژانه رووبه‌ڕووی ئه‌و سووكایه‌تییه زاره‌كییه گشتییه ده‌بنه‌وه.
بێگومان دیموكراسی و ئازادیی راده‌ربڕین مانای توندوتیژیی زاره‌كیی (اللفظي) نییه، به‌ڵكو ئازادی هه‌موو تاكێك تا ئه‌و شوێنه‌یه كه ئازادیی تاكێكی تر ده‌ستپێده‌كات. هه‌ر تاكێك رووبه‌ڕووی ئه‌و توندوتیژییه بۆوه به پێی یاسای سزادانی عێراقی ساڵی 1969 مافی سكاڵا تۆماركردنی هه‌یه، به‌ڵام كاتێك به شێوه‌یه‌كی گشتی له كه‌ناڵێكی گشتییه‌وه سوكایه‌تی به هه‌موو مێیینه‌یه‌ك ده‌كرێت، ئه‌وا ئه‌ركی رێكخراوه‌كانی ژنان و سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتییه كه رووبه‌ڕووی ئه‌و توندوتیژییه ببنه‌وه.