ده‌نگدانی سزا، یان ده‌نگدان به‌ مه‌رجی گۆڕانكاری؟

09:58 - 2024-09-11
جه‌میله‌ شێخ مه‌حمود
121 خوێندراوەتەوە

جه‌میله‌ شێخ مه‌حمود


ئه‌وه‌ی سه‌نج بداته‌ هه‌موو راگه‌یاندنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ كه‌ناڵی حزبی ‌و كه‌ناڵی بێلایه‌ن‌ و سۆشیال میدیاکانەوه‌، وێرای بنیاتنانی سه‌دان شوقه‌‌ و چاككردنی  هه‌ندێك رێگاوبان‌ و ره‌خساندنی هه‌ندێك هه‌لی كار، ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر حوكمڕانی زیاتر له‌ 30 ساڵی هه‌رێمی كوردستان به‌دی ده‌كات، ته‌نانه‌ت كاراكته‌ره‌ سیاسییه‌كانیش گله‌یی ده‌كه‌ن كه‌ له‌م ماوه‌ دوور و درێژه‌دا ده‌بوو هه‌ندێک كێشه‌ چاره‌سه‌ر بكرایه‌ و نه‌كراوه‌، خۆیان له‌ كه‌ناڵه‌كانه‌وه‌ ده‌ڵێن: ده‌بێت هێزكانی 70 و 80 یه‌كبخرێت، كێشه‌ی كاره‌بای نیشتمانی چاره‌سه‌ر بكرێت، ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان بخرێته‌ به‌رده‌م راپرسی، باری ئابووریی تاكی كورد له‌م  هه‌رێمه‌دا باشتر بكرێت و...هتد. به‌ڵام  ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی سیاسییه‌كانیش ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن، هاووڵاتیان نازانن ئه‌و فریادڕه‌سه‌ كێیه‌ كه‌ ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات؟ 
خه‌ڵك ده‌ڵێن هه‌ردوو حزبه‌كه‌، واته‌ پارتی و یه‌كێتی به‌رپرسی راسته‌قینه‌ی ئه‌و دۆخه‌ن، ئه‌و بۆچوونه‌ راسته‌ له‌ هه‌مان كاتدا راستیش نییه‌. هه‌موولایه‌ك ده‌زانن له‌ دوای شه‌ڕی ناوخۆوە، كه‌ به‌ هیممه‌تی جه‌نابی مام جه‌لال و چوونی بۆ سه‌ری ره‌ش،  كۆتایی به‌ خوێنڕشتنی گه‌نجانی كورد هێنرا، له‌و كاته‌وه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌پێناوی خه‌ڵكی كوردستان‌ و پاراستنی ئه‌و ئه‌زموونه‌دا به‌ زۆرێك له‌ ده‌سه‌ڵات‌ و حوكمرانی‌ و قۆرخكاریی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ رازی بووه‌، ته‌نانه‌ت له‌به‌رامبه‌ر زۆر رێكکه‌وتننامه‌ی هه‌رێمی و ئابووری بێده‌نگ بوو، بۆئه‌وه‌ی (شه‌ڕ) سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه‌ و تائێستاش یه‌كێتی له‌و پێناوه‌دا دانی به‌خۆیدا گرتووە و سیاسەتی (ضبط النفس) پیاده‌ ده‌كات. 
له‌و نێوه‌نده‌دا خه‌ڵك یه‌كێتی وه‌ك پارتی به‌ به‌رپرس داده‌نێت به‌رامبه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی كوردستان كه‌ بەشێک لە خه‌ڵكی گه‌یاندووەته‌ ئه‌و ئاسته‌ی لە بێزاریدا خۆزگه‌ به‌ حوكمی جارانی به‌عس بخوازن!

 

پێویسته‌ ده‌نگده‌ر بزانێت ده‌نگ به‌ چ هێزێك ده‌دات تا بتوانێت نوێنه‌رایه‌تیی بكات، كه‌واته‌ ده‌نگده‌ر وه‌ك بیرکردنەوە لە سزا ده‌نگ نەدات، بەڵکو بەمەرجی گۆڕانکاریی دەنگ بدات

 

 بێگومان  دروستكردنی ئه‌و هه‌سته‌، تاوانه‌ به‌رامبه‌ر به ‌خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان. كه‌واته‌ راسته‌ یه‌كێتی وه‌ك شه‌ریك له‌ حوكمڕانیی كوردستان ده‌بینرێت كه‌ پێكه‌وه‌ له ‌په‌رله‌مان ‌و پێكهێنانی وه‌زاره‌ته‌كاندا به‌شدارن، به‌ڵام راست نییه‌ به‌ فیعلی خاوه‌ن و به‌شداری ئه‌و حوكمڕانییه‌ بێت كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پیاده‌ی كردووە. ئه‌وه‌ی من د‌ركم پێكردبێت، یه‌كێتی له‌ ئه‌مدیوو دێگه‌ڵه‌وه‌ دوو شتی گرنگی بۆ خه‌ڵك كردووه‌، یه‌كه‌میان دابینكردنی ئازادیی بیروڕا، به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی چه‌ندین حزب له‌م سنووره‌ دروست ده‌بن و پیاده‌ی كاری حزبایه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن و بۆته‌ په‌ناگه‌ بۆ رۆژنامه‌نووسان ‌و كه‌سانی ئازادیخواز. دووه‌م، پشتیوانی و فه‌راهه‌مكردنی ئازادیی رێپێوان و خۆپیشاندان و بایكۆتكردنی  مامۆستایانی ناڕازی له‌پێناوی مووچه‌كه‌یاندا، ئه‌وه‌ش كه‌ ئێستا هه‌موو مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان لێی سوودمه‌ند بوون.
ده‌نگدان به‌ مه‌رجی گۆڕانكاری
ئه‌و بارودۆخه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ ده‌ستاوده‌ستی ئاشتییانه‌ی حوكمڕانییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا ده‌كرێت، یه‌كێتیش كه‌ حزبێكی سۆشیال دیموكراته‌، ده‌یه‌وێت بۆ ماوه‌ی چوار ساڵی ئاینده‌ گۆڕانكاریی له‌ شێوازی حوكمڕانیی هه‌رێمی كوردستاندا بكات،  هه‌روه‌ها پێیوایه‌ كه‌ هۆڵی په‌رله‌مان باشترین و گونجاوترین و مۆدێرترین سه‌نگه‌ری گۆڕانكارییه‌، هه‌ربۆیه‌ زۆر به‌جدی هه‌وڵی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ده‌دات، تا به‌پشتیوانیی ده‌نگده‌رانی كوردستان زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنێت‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی هه‌رێم گۆڕانكاری بكات،  ئه‌وه‌ی جێی ئاماژه‌ پێدانیشه‌ ده‌نگده‌ری هۆشیار له‌ كوردستان بڕیاری ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ده‌ده‌ن.
 ئه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێك بۆ دوواوه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌، خه‌ڵك وه‌ك ده‌نگی سزا له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2009 ده‌نگیان به‌ ئۆپۆزسیۆن دا، بزوتنەوەی گۆڕان 445.024 ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا و بووه‌ خاوه‌نی 25 كورسی، به‌ڵام نه‌یتوانی گۆڕانكاریی بكات‌ و ته‌نانه‌ت رێگریی له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش کرا بۆ هەولێر کە  پشکی گۆران بوو و بەوەش پارتی كۆتایی به‌ هه‌ژموونی گۆڕان هێنا كه‌ سیاسه‌تمه‌دارێكی به‌هێزی وه‌ك کاک نه‌وشیروان مسته‌فای له‌پشته‌وه‌ بوو. بۆیه‌ لێره‌دا ده‌پرسم: ئاخۆ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی کە بڕیارە لە 20/10/2024 بەڕێوەبچێت، چ كاراكته‌رێكی سیاسیی له‌و به‌هێزتر وه‌ك حزبێكی ئۆپۆزسیۆن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ تا خه‌ڵك ده‌نگی پێبدەن و بتوانێت به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ژموونی پارتی دیموكراتی كوردستان بوه‌ستێتەوە؟ 
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ بڵێین ئێره‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌، وه‌ك بینیمان هێز ته‌نها ژماره‌ی كورسی نییه‌، به‌ته‌نیا ناتوانێت گۆڕانكاریی بكات، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ژماره‌ی كورسیدا، چه‌ندین فاکتەر و كاراكته‌ری ئابووری، سه‌ربازی، دیپلۆماسی‌ و په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تیی  پێویسته‌ تا بتوانێت باڵانسی هێز و حوكمڕانی بگۆڕێت.
كه‌واته‌ پێویسته‌ ده‌نگده‌ر بزانێت ده‌نگ به‌ چ هێزێك ده‌دات تا بتوانێت نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌و بكات و شێوازی حوكمڕانی 30 ساڵ ئاوه‌ژوو بكاتەوە. كه‌واته‌ ده‌نگده‌ر ده‌نگ نه‌دات وه‌ك بیرکردنەوە لە سزا، به‌ڵكو ده‌نگ بدات به‌ مه‌رجی گۆڕانكاری. چونکە ده‌نگده‌ر ده‌توانێت له‌ هه‌ڵبژاردنی ئایینده‌دا ده‌نگ بداته‌ هه‌ر حزبێك كه‌ خاوه‌نی هێز و توانا بێت، نه‌ك دروشم و وتاری هه‌ست ورووژێن.

وتارەکانی نوسەر