كاتێک باس لە‌ یە‌كسانیی نێوان ژن‌ و پیاو دە‌كرێت

12:03 - 2024-05-12
جه‌میله‌ شێخ مه‌حمود
271 خوێندراوەتەوە

چە‌مكی یە‌كسانیی نێوان ژن‌ و پیاو، یان بە‌ واتایە‌كی تر تێگە‌یشتن‌ لە یە‌كسانیی لە‌نێوان هە‌ردوو رە‌گە‌ز، چە‌ندین پێناسە‌ی جیاوازی هە‌یە‌ كە‌ بە‌ پێی یاسای دانراو، بیركردنە‌وە‌، دابونە‌ریت یان ئایین ئاماژە‌ی پێكراوە‌، بە‌ڵام ئە‌وە‌ی من لێرە‌دا ئاماژە‌ی پێدە‌دە‌م (جاڕی جیهانیی مافە‌كانی مرۆڤ)ە‌‌ لە‌ دووتوێی 30 بە‌نددا خراوە‌تە‌ڕوو، لە‌ بە‌ندی یە‌كە‌مدا وا پێناسە‌ی یە‌كسانیی دە‌كات‌ و دە‌ڵێت: « تێكڕای مرۆڤە‌كان بە‌ئازادی لە‌دایك دە‌بن‌ و یە‌كسانیشن لە ‌ماف ‌و كە‌رامە‌تیاندا، بیرو ویژادنیان پێ‌ بە‌خشراوە‌‌ و پێویستە‌ بە ‌گیانێكی برایانە‌ لە‌گە‌ڵ یە‌كدیدا رە‌فتار بكە‌ن» كاتێك دە‌ڵێین هە‌ردوو رە‌گە‌زی مرۆڤ، واتە‌ ژن‌ و پیاو مرۆڤن، بە‌ڵام لە‌ڕووی رە‌گە‌زە‌وە‌ جیاوازن، هە‌روە‌ك چۆن مرۆڤە‌كان  لە‌ڕووی رە‌نگی پێست‌ و رە‌نگی چاو و قژ، بە‌رزو كورتی باڵا، توانای جە‌ستە‌یی، زمانی گفتوگۆ، جیاوازن، كە‌واتە‌ بە‌ پێی ئە‌و پێناسە‌یە‌ی جاڕی جیهانی مافە‌كانی مرۆڤ هە‌موو مرۆڤە‌كان وێڕای ئە‌و هە‌موو جیاوازییانە‌ یە‌كسانن لە‌ ماف‌ و كە‌رامە‌تیاندا، هە‌موو مرۆڤە‌كان توانای بیركردنە‌وە‌ و ویژدانیان پێ بە‌خشراوە‌‌ ئە‌و سیفە‌تە‌ لە‌ هە‌موو بوونە‌وە‌رە‌كانی تر جیای كردونە‌تە‌وە‌، واتە‌ ژنیش وە‌ك پیاو مرۆڤە‌.

چە‌مكی یە‌كسانی بە‌و مانایە‌ نییە‌‌ رە‌گە‌زە‌كان لە‌ هە‌موو شتێكدا یە‌كسان بن، بە‌ڵكو ئامانج لابردنی بە‌ربە‌ستە‌كانی رێگەی خۆبە‌دیهێنانی ژنانە‌

ژن‌و پیاو یە‌كسان نین
چە‌مكی یە‌كسانیی بە‌و مانایە‌ نییە‌‌ رە‌گە‌زە‌كان لە‌ هە‌موو شتێكدا یە‌كسان بن، بە‌ڵكو ئامانج لابردنی بە‌ربە‌ستە‌كانی رێگەی خۆبە‌دیهێنانی ژنانە‌، هە‌ڵوە‌شاندنە‌وە‌ی بیرۆكە‌ی جیاكاری و پێدانی دە‌رفە‌ت لە‌سە‌ر بنە‌مای رە‌گە‌زە‌، كە‌ بۆتە‌ هۆی ناهاوسە‌نگی دە‌سە‌ڵات لە‌نێوانیاندا. 
بێگومان ژن‌ و پیاو یە‌كسان نین لە‌ڕووی توانای جە‌ستە‌وە‌، لە‌ڕووی توانای بیركردنە‌وە‌ و بڕیاردان، لە‌ڕووی تێڕوانینیان بۆ ژیان و ژینگە‌، لە‌ڕووی توانای بە‌ڕێوە‌بردن، بە‌ هە‌مانشێوە‌ پیاوێك لە‌گە‌ڵ پیاوێكی تر، ژنێك لە‌گە‌ڵ ژنێكی تر یە‌كسان نییە‌، لەڕووی هێزی جە‌ستە‌وە‌ پیاوە‌كان یە‌كسان نین هە‌روە‌ك چۆن ژن ‌و پیاویش یە‌كسان نین. 
هە‌ندێك ژن و پیاو بە‌ هە‌ڵە‌ لە‌ یە‌كسانی تێگە‌یشتوون یان دە‌یانە‌وێ بە‌ هە‌ڵە‌ تێبگە‌ن، ئە‌وە‌ی هە‌میشە‌ لای من جێگە‌ی پرسیارە‌، لە‌ كۆمە‌ڵگەی كوردیدا، كاتێك ژن باس لە‌ مافە‌كانی خۆی دە‌كات‌ و دە‌ڵێت دە‌مانە‌وێت لە‌گە‌ڵ پیاواندا یە‌كسان بین لە‌ مافە‌ ئابووری‌ و سیاسی‌ و كۆمە‌ڵایە‌تی‌ و فە‌رهە‌نگییە‌كاندا، زۆربە‌ی پیاوان بە‌بێ بیركردنە‌وە‌ و هە‌ڵوە‌ستە‌ لە‌سە‌ر ناوە‌ڕۆكی ئە‌و داواكارییانە‌، دە‌ڵێن ژنان داوای بە‌رە‌ڵایی‌ و خۆڕووتكردنە‌وە ‌و هە‌ڵوە‌شاندنە‌وە‌ی خێزان دە‌كە‌ن، بۆ نموونە‌ ئە‌و هە‌ڵمە‌تی فڕێدانی سە‌رپۆشەی لە‌ رۆژهە‌ڵاتی كوردستان كە‌ بووە‌ سیمبولی ئازادی، لە‌ سۆشیاڵ میدیادا لە‌لایە‌ن پیاوانی كورد لە‌ باشوور زۆر بە‌ توندی بە‌رپە‌رچدرایە‌وە‌ و تۆمە‌تی ناشرینی درایە‌ پاڵ، لێرە‌دا لە‌ پیاوان دە‌پرسم ئایا ئە‌و ئازادیی و مافانە‌ی خۆیان بە‌دە‌ستیانهێناوە‌ وا پێناسە‌ دە‌كرێت؟ هە‌ندێك كە‌س چ ژن بێت یان پیاو، ئازادیی و یە‌كسانی بە‌شێوە‌ی رەها دە‌بینن و لە‌ڕێ لادە‌دە‌ن کە لە‌ناو كۆمە‌ڵگەدا قبوڵكراو نین، هە‌ربۆیە‌ ئە‌وە‌ نابێتە‌ سیمای یە‌كسانیی نێوان مرۆڤە‌كان.
شایەنی باسە‌ بە‌ شێوە‌یە‌كی گشتی ژن لە‌ڕووی  هێزی جە‌ستە‌وە‌ لە‌گە‌ڵ پیاو یە‌كسان نییە‌، بە‌ڵام ئە‌وە‌ بۆتە‌ پاساو‌ پیاو ماف بە‌خۆی بدا لە‌ ژن بدات، چونكە‌ لە‌ زەینی ئە‌ودا ژن  لە‌ هە‌ست بە‌ ئازارو سوكایە‌تی پێكردن دابڕاوە‌، هە‌ربۆیە‌ یە‌كێك لە‌ ئامانجە‌كانی داواكاریی ژنان نە‌هێشتنی توندوتیژیی دژ بە‌ ژنانە‌.
ژن‌و پیاو یە‌كسانن
مرۆڤە‌كان، وێڕای هە‌موو جیاوازییە‌كان، یە‌كسانن لە‌ڕووی هە‌ست‌، كە‌رامە‌ت، سۆزو خۆشویستن، توڕە‌بوون، خە‌مۆكی، ئیرە‌یی، هیوا، هە‌ستكردن بە‌ ئازاری جە‌ستە‌، دڵخۆشی، شانازی بە‌خۆوە‌كردن، هە‌ست بە‌سوكایە‌تی كردن، ئارە‌زووی سێكسی، شە‌رمە‌زاریی، بێزاری، تاوانباری، ئە‌مانە‌ كۆمە‌ڵێك هە‌ستی مرۆڤن بە‌بێ جیاوازی، ناكرێت بڵێین ئە‌و مرۆڤە‌ لە‌بە‌رئە‌وە‌ی ژنە‌ یان پیاوە‌ یان رە‌شپێستە‌ هە‌ست بە‌ توڕە‌بوون ناكات ‌و مافی ئە‌وە‌ی نییە‌ توڕە‌ ببێت، یان هە‌رچییە‌ك بە‌رامبە‌ری بكرێت توڕە‌ نابێت، هە‌روە‌ها كاتێك گوێ بە‌ هە‌ست و كە‌رامە‌تی ژن نادرێت زۆر بە‌ ئاسانی یە‌ك و دوو سێ ژنی تری بە‌سە‌ر دە‌هێنرێت وە‌ك ئە‌وە‌ی لە‌ هە‌ستی كە‌رامە‌ت‌ و ئیرە‌یی‌ و خۆشویستن ‌و توڕە‌بوون داشۆرابێت و جە‌ستە‌یە‌كی بێ گیان بێت. كاتێك «دە‌ڵێن» ژن‌ و گوێدرێژو سە‌گ نوێژی نوێژكە‌رێكی موسڵمان بە‌تاڵ دە‌كەنە‌وە‌، ژن هە‌ست بە‌ سوكایە‌تی پێكردن دە‌كات وە‌ك هە‌ر پیاوێك كە‌ رووبە‌ڕووی سوكایە‌تی دە‌بێتە‌وە‌.
لە‌ لایە‌كی ترە‌وە‌ ژن‌ و پیاو یە‌كسانن لە‌ هە‌وڵدان بۆ خۆشگوزە‌رانی، كاركردن، بوونی دە‌رفە‌ت بۆ بە‌شداریی سیاسی‌ و پە‌رە‌پێدانی ئابووری ‌و كۆمە‌ڵایە‌تی، بە‌رگری لە‌ خاك ‌و نیشتمان، بنیاتنانی خێزان و پاراستنی خێزان.

وتارەکانی نوسەر