یەکبێژ

گەنجانی وڵات وەک بۆکان بن

10:31 - 2022-05-19
هیوا محەمەد
129 خوێندراوەتەوە

زۆرجار دەبیستین لە خوێندکارێکی زانکۆ دەڵێت: ئێمە ئەگەر خوێدنیش تەواو بکەین دانامەزرێین، لەبەر ئەوە هیچ ئومێدێکمان نییە، وتمان لە ئەوروپا لاوەکان لە ماوەی خوێدنیان چەندین کاری کاتی دەکەن یان کۆرسی تایبەت دەبینن، هەرکەسیش خوێندنی تەواو کرد مەرج نییە لەو بوارەی خۆیدا ئیشی دەست بکەوێت، زۆر بەدەگمەنیش حکومەت بەرپرس دەبێت لە دامەزراندنیان، بەڵکو خۆیان لە رێگەی پێشکەشکردنی سیڤییەکانیانەوە بۆ دەیان کۆمپانیا و خاوەن کار بە شوێن کاردا دەگەڕێن، تەنها ئەوانە نەبێت کە لە بواری پزیشکیدا خوێندویانە لە زووترین ماوەدا کاریان دەست دەکەوێت.
وتمان بە لاوەکانی خۆمان کە چاوەڕوانی حکومەت نەکەن و خۆیان هەوڵی دۆزینەوەی کار و گۆڕینی پیشە بدەن، بەڵام بەلایانەوە جێی سەرسوڕمان بوو، دەیان وت ئێمە چەند ساڵە خوێندومانە بۆ ئەم رشتەیە، ئێستا چۆن بچین بیگۆڕین؟
دەکرێت هەر لاوێک لە دەستپێکی ژیانی خۆدامەزراندن و خۆپێگەیاندنیدا بەچەندین قۆناغی سەختدا تێببەڕێت، چونکە پڕۆسەی پێکەوەژیانیشی لەگەڵ کەسێکی دیکەدا دێتە بەردەم و دەبێت ئەم قۆناغەش تێپەڕێنێت کە رەنگە زۆرترین پارەی بوێت بۆ خۆ دامەزراندن.
ئەوەی کە نابێت لای گەنجان کەم بێت یان پشتگوێ بخرێت، بیرکردنەوە لە پێشکەوتن و داهێنانە، داهێنانەکان لەسەر ئاستی جیهان، لەسەر دەستی گەنجانی تازە گەیشتوو دێنەکایەوە، ئەرکی گەنجانە لە پێناوی خزمەتکردنی کۆمەڵگەکەیان بیر لەم چەمکە بکەنەوە، نەک هەر چاوەڕێی ئەوە بن بۆچی خوێندویانە لەو بوارەدا دابمەزرێن و ببنە مووچەخۆر، ئەمە دەردی تاکەکانی کۆمەڵگە چارە ناکات، لاوەکان دەخوێنن بۆ ئەوەی هەریەک لە بوارێک زانستەکان پێش بخەن نەک هەر دابمەزرێن و بە رۆتینی ژیانی رۆژانە بەسەر ببەن.
بۆکان جاف نموونەیەکی زیندووی ئەم باسەمانە کە لەماوەی خوێندنی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی گەرمیان، پێش دامەزراندن و مووچە وەرگرتن، توانی داهێنانێک بکات کە دەکرێت وەک خزمەتێکی نەتەوەیی هەژمار بکرێت، ئەویش بە دروستکردنی بەرنامەیەک بۆ وەرگێڕانی زمانی کوردیی سۆرانی و دانانی لە وەرگێڕانی گوگڵ، بەمەش لەمەودوا هەرکەس بیەوێت سوودوەربگرێت لە نووسینە جیهانییەکان یان گەڕان بەشوێن دەستەواژەکاندا یان بەشێکی زانست بە هەر زمانێک لە رێگەی وەرگێڕانییەوە بۆ کوردی بەدەست دەهێنێت، چونکە زۆرێک لە خوێندکارە کوردەکان هیچ زمانێکی دیکە نازانن تا لە رێیەوە سوود وەربگرن.
ئەم کارەی بۆکان جاف هەنگاوێکی گرنگی گشتگیرە، گشتگیر بەو مانایەی کە هەموان وەک یەک سوودی لێدەبینین، ئەمە زۆر جیاوازە لە کارێکی دیکە لە بوارێکی دیکەدا، جیاوازە لەوەی کەسێک تابلۆیەکی جوان و سەرنج راکێش دەکێشێت.
بۆکان توانی ئەم ئاسانکارییە بکات بۆ تاکەکانی کورد، هەموویان رۆژانە سەدان هەزار جار بەکاری دەهێنن بێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆلای بۆکان و لێی بپرسن چۆن بەکار دێت، کەوابوو بۆکان ماندوو بوونییەکانی خۆی و هزری پڕ پێشکەوتنی بەخشی بە ئێمە هەموان، ئێمەش وێڕای دەستخۆشی لە بۆکان دەڵێین پێویستە گەنجان هەوڵی لەم جۆرە بدەن، لە پاڵ بەسەربردنی ژیانی رۆژانەدا کار لەسەر پێشخستنی کۆمەڵگەش بکەن.

وتارەکانی نوسەر