تێکەڵاوکردنی شوناسی ژن

10:42 - 2024-06-23
نەرمین عوسمان محەمەد
140 خوێندراوەتەوە

لە دانیشتنێکی هاوڕێیانەدا بووم لەگەڵ کۆمەڵێک خانمدا کاتێک بە سوپاسەوە خانمێکی ئازیزیان بانگهێشتی کردم بۆ کۆڕێک لەسەر ناساندنی ژنانی شارێک لە شارەکانی کوردستان، لە دوای سوپاس و دەستخۆشی کاتێک لێم پرسی ئاخۆ کۆڕگێڕەکە کێیە؟
وەڵامەکەیم زۆر لەلا قورس بوو، چونکە زۆر بە متمانە و دڵخۆشییەوە وتی: کۆڕی خاتوو فڵانە ژنی دکتۆر فڵان، راستییەکەی پێم سەیربوو کە خانمێکی رۆشنبیر بەو شێوەیە پێناسە و شوناسی ژنێک دیاری دەکات و ویستم پێی بڵێم ببورە هاوڕێم، بەڵام من پێناسەکەتم لەلا گرانە و هاوڕای خاتوو (لوسی ستۆن-و)*! م لە ناساندن وناوهێنانی ژنێکدا، بەڵام دڵم نەهات چونکە میوان بوو، ئەوەی منی نیگەران کرد لەو ناساندنەدا ئەوە بوو کە خودی ژنی دکتۆر فڵان کەسایەتییەکی زانستیی و مامۆستایەک بوو لە زانکۆ بە پلەی دکتۆرا، کە نەوە پەروەردەکار و رێبەربوو ئیتر تۆ بڵێی پێویست بکات دوای ئەو خەسڵەتانەی خۆی ئەو خانمە وەک ژنی دکتۆر فڵان پێناسە بکەیت؟ پێم وایە نەخێر.
هۆکارەکانی تێکەڵاوکردنی شوناسی ژنێک
دیاردەی ناساندن و تێکەڵاوکردنی ناسنامە و شوناسی ژنێک و بەستنەوەی بە ناوی هاوسەر و خانەوادەوە دیاردەیەکی بەربڵاوە لە جیهاندا بەڵام دەگۆڕدرێت بە پێی کۆمەڵگەکان و هەندێک کۆمەڵگە هەوڵی گۆڕین و رێکخستنیان داوە بە پێی داڕشتنی یاسا یان لە رێگەی خەبات و تێکۆشانەوە بۆ نموونە لە هەندێک لە وڵاتە رۆژئاواییەکان ناوی ژنەکە بە هاوەڵی ناوی ماڵە خەزوورانییەوە دێت لەپێناو پاراستنی شکۆی ماڵە خەزوورانی و لە هەندێک وڵاتیشدا ئە و شێوە ناو‌هێنانە لە پێناو پاراستنی مامەڵە داراییەکانی نێو‌ان ‌هاوسەرەکانە هەرچەندە ئەمجۆرەی دووەمیان لەم دواییەدا کەوتە بەر پرسیار گەلێکی زۆرەوە وەک ئەوەی لە هاوسەریی خاتوو (ئەمەل کلۆنی**) دا روویدا و لە هەندێک کۆمەڵگەدا کەلتوورێک بەهەڵە رۆیشتووە و هیچی دیکە، وەک لەلای خۆمان.
هەوڵەکانی چارەسەرکردن
ئەگەر ئێمە باوەڕ بە راست و دروستیی وتەکەی سوکرات بکەین کە د‌ە ڵێت: (ژن سەرچاوەی  هەموو شتێکە) ئەوا تێدەگەین پێویستە لەسەرمان رێز لە بوونی ژن وەک بونیادێکی سەربەخۆ بگرین بە هەموو پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانیەوە و دەکرێت یاسایەک دابڕێژرێت تێیدا ئازادی ببەخشرێتە هەموو ژنێک کە خۆی هەڵیبژێرێت بە چ شێوە و نازناوێک لە کۆمەڵگەدا بناسێنرێت، هەروەها هۆشیارکردنەوەی کۆی کۆمەڵگە و باوکان و براکان و هاوسەرەکان بە تایبەتی سەبارەت بە تێڕوانینیان لە بوونی ژن وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ کە گشت هەوڵەکانی لەپێناو خود بونیادیدا شایستەی رێز و بەخشینی پانتاییەکی تایبەتن کە رەنگدانەوەی خۆیان بێت، هاوکات پێویستە خودی ژنان خۆیان هۆشیار بکرێنەوە لە پێویستیی هەوڵدانیان لە پێناو پێناسەکردنیان وەک خۆیان کە هەن و هاندانیان بۆ خەباتکردنی زیاتر لەو پێناوەدا بەشێوەیەکی زانستیی و دروست بەو شێوەیەی کە خانمە رۆماننووسی ئەمریکی مایا ئەنجیڵۆ بە هەموو ژنێک دە ڵێت: (مەمرە تاوەکو کارێکی نایاب پێشکەش بە مرۆڤایەتی نەکەیت).
*! لوسی ستۆن Lucy Stone: خانمە چالاکوانێکی ئەمریکی دیارە و یەکەم خانمە  لە جیهاندا داوای ناوهێنانی ژنی بە سەربەخۆیی کردووە.
**!! ئەمەل کلۆنی: خانمە پارێزەر و چالاکوانی مافی مرۆڤ و هاوژینی ئەستێرەی جیهانیی جۆرج کلۆنی- یە.

ئازادی ببەخشرێتە ژن، خۆی هەڵیبژێرێت بە چ نازناوێک لە کۆمەڵگەدا بناسێنرێت

وتارەکانی نوسەر