پاشماوەی خاشاکی گەشتیاران

09:34 - 2025-07-06
نەرمین عوسمان محەمەد
37 خوێندراوەتەوە

لەم دواییانەدا گرتە ڤیدیۆیەک لە پێگەکانی سۆشیاڵ میدیادا بڵاوبووەوە، کە هەرایەکی گەورەی نایەوە و بووە مایەی مشتومڕێکی زۆریش، ڤیدیۆکە دیمەنی ژمارەیەک گەشتیارە لە کەنار زێی دوکان دوای نانخواردن سەرقاڵی فڕێدانی پاشماوەکانیانن، زۆر بە سانایی و لەسەرخۆ دەیکەنە ناو دەریاچەکەوە، وەک ئەوەی دەریاچەی دوکان زبڵدانێک یاخود هەر شوێنێکی دیکەی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک بێت نەوەک شوێنێکی گەشتیاری.
دەریاچەی دوکان یەکێک لە بەناوبانگترین شوێنە گەشتیارییەکانە لە هەرێمی کوردستان،  سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆیە، بەرپرسانی ژینگەی سلێمانی لە کاتی خۆی لە لێدوانەکانیاندا رایانگەیاند: هەوڵیانداوە لە رێگەی دەزگا ئەمنییەکانی شارەکەوە ژمارەی ئۆتۆمبێلی ئەو گەشتیارانە بدۆزنەوە بۆئەوەی رێکاری یاسایی پێویستیان بەرامبەر بگرنەبەر، بەڵام بابەتەکە لێرەدا ناوەستێت بەڵکو بەپێی لێدوانی کارمەندانی ژینگەپارێز دەردەکەوێت پاشماوەی گەشتیاران تەنها لەو بڕگە ڤیدیۆیەدا کۆتایی نایەت، ئەوان لە رۆژانی ئاساییدا نزیکەی 30-35 تۆن پاشماوەی فڕێدراوی گەشتیاران لەناو زێی دوکاندا کۆدەکەنەوە و لە رۆژانی بۆنە و پشووەکانیشدا نزیکەی 60 – 70 تۆن لە پاشماوەی گەشتیاران لەناو ئەو زێیەدا کۆدەکەنەوە. ئەمە بێجگە لە گلەیی و گازندەی ئەو کرێکارانە لە خراپیی مامەڵەکردنی هەندێک لە گەشتیاران لە گەڵیاندا، بە هەردوو شێوەی زارەکی و ژینگەیی (دروستکردنی دیمەنی نەخوازراوی ژینگەیی).
ئەمە لە کاتێکدایە فڕێدانی ئەو پاشماوانە بێجگە لە زیانە ژینگەییەکانی بۆ دەریاچەی دوکان دەبێتە مایەی زیانگەیاندن بە تەندروستی یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس، بەو پێیەی کە ئەو ئاوە لەلایەن دانیشتووانی ناوەندی پارێزگای سلێمانی و هەریەک لە ناوچەکانی بازیان، چەمچەماڵ، ناوەندی دوکان و پیرەمەگرون بۆ خواردنەوە بەکاردەهێنرێت، پاشان ئەو ئاوە دەڕوات بۆ ناوچەکانی کۆیە، تەقتەق و دەچێتە کەرکوک تاوەکو دەگاتە رووباری دیجلە، کەواتە پاراستنی ئەم ئاوە لەلایەن گەشتیارانەوە پاراستنی ژینگە و تەندروستیی خودی هاووڵاتیانە.
هەر سەبارەت بەم بابەتە پێشتر ئیبراهیم عەبدولمەجید وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم   بە رۆژنامەی کوردستانی نوێی راگەیاند: بەردەوام هەوڵی ئەوەمانداوە گەشتیاران لە ئاستێکی بەرزی هۆشیاریی ژینگەییدابن، لە رێگەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە، رێبەری ژینگەیی گەشتیاری دەدەینە گەشتیاران و بەردەوام دەستەی پاراستنی ژینگە و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کەمپینی پاراستنی ژینگەیان هەیە، بەڵام دەکرێت دان بەوەدا بنێین لەو بوارەدا زۆر سەرکەوتوو نەبووین و گەشتیاران وەک پێویست پابەندی پاراستنی ژینگە و پاک راگرتنی نابن، هەروەها کەناڵەکانی راگەیاندنیش هاوکارنەبوون بۆ هۆشیارکردنەوە.
کەواتە پێویستە  لەسەر هەمووان هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە لەپێناو پاراستنی ژینگەی جوانی کوردستان و تەندروستیی هاووڵاتیاندا، دەستە و بەڕێوەبەرایەتی و رێکخراوەکانی تایبەت بە ژینگە بە بەردەوامیی رێنماییەکان دەربارەی پاراستنی ژینگە بڵاوبکەنەوە، هەروەها کەناڵەکانی راگەیاندنیش بەرنامەی تایبەتیان هەبێت لەسەر چۆنیەتی پاراستنی ژینگە و سزادانی ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن، بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان.

وتارەکانی نوسەر