مناڵەکان، مناڵەکانمان، مناڵەکانیان!

11:01 - 2024-06-23
یاسین ئافتاو
171 خوێندراوەتەوە

جاران بە دیاریکراویی، کاتێک دەتوت مناڵەکەم، ڕێک زمان و ئەوەی زمان گوزارشتی لێ دەکرد، وەکو یەک بوون، مناڵ مناڵی تۆ بوو، تۆ هەم باوک و دایکی بایۆلۆجیی و هەم دایک و باوکی کۆمەڵایەتیی بوویت.
بەڵام ئێستا، لە زۆر باردا، گوزارشتی مناڵەکەم، مناڵەکانمان، تەنیا گوزارشتێکی زمانەوانیی بەتاڵە، مناڵەکان لە ڕووی بایۆلۆژییەوە هی تۆن، هەندێجار بایۆلۆژییەکی ڕووت و قووتیش.
ئێمە، هەنووکە «بە جەختەوە دووبارەی دەکەمەوە لە زۆرینەی بارەکاندا»  تەنیا مناڵەکان دەخەینەوە، بەڵێ دڵنیام  زۆر هەوڵ دەدەین  پەروەردەشیان بکەین، بەڵام جڵەوی ئەو تەونی پەروەردەکردنە تەنیا لە دەستی ئێمەدا نەماوە.
مناڵەکان، ئێستا، بە پلەی یەکەم مناڵی شاشەکان و ڕووخساری ناو شاشەکانن، بەشێکی زۆر کەم لە خەیاڵی ئەوان لە لایەن ئێمەوە گەڵاڵە کراوە و ئەوەی دیکەی بەس خوا ئەزانێ لە کوێوە دادەڕێژرێت و ڕۆ دەنرێت.
جاران کەسێتیی مناڵ، لە چەند بازنەیەکی پەروەردەیی هاوشێوەدا بینا دەکرا کە زۆر نزیک بوون لە یەکەوە: بازنەی خێزان، بازنەی سیستمی فێرکاریی، بازنەی کۆڵان، تەنانەت بازنەی مەعریفە و مێدیاش زۆر لە دەرەوەی بازنە نەریتییەکانی پێشوودا نەبوون. مناڵ لە خێزاندا بە کۆمەڵێک بنەما و نەریت و بیروباوەڕ گۆش دەکرا کە لە هەر کامێک لە بازنەکانی دیکەدا هەمان بنەما و نەریت و بیروباوەڕ بوون.
بە گشتیی مناڵەکان لە بازنەیەکی فراواندا گەشەیان دەکرد کە سنوور و ئاسۆکانی دیار بوون، هەربۆیەشە مناڵەکان مناڵی دایک و باوکیان بوون، بەڵام ئێستا بازنەکان هەمان بازنەکانی جاران نەماون، بنەما و نەریت و بیروباوەڕی هەر بازنەیەکیش لەوی دیکە ناچێت، جگە لەوەی گەمەکەری نوێ و زۆر بەهێز هاتوونەتە ناو پرۆسێسەکەوە، کە من تەنیا جەخت لە گەمەکەرە دیجیتاڵیی و گریمانەییەکان «ڤێرچوەڵ»ەکان دەکەمەوە.
ئێستا مناڵەکان «بە تایبەتیی نەوەی زێد و ئەلفا»؛زۆر بە کەمیی مناڵی ئێمەن، خەیاڵی ئەوان بەرهەمی یوتیوبەر، پۆدکاستەر، ئینفڵووەنسەر، بانگخواز، چالاکڤانەکانە، هی دایرێکتەر و فیلمسازەکانە، ئێستا دایەنێکی زۆر بەهێزتریش هاتۆتە کایەوە: «ژیریی دەستکرد»، لە داهاتوویەکی نزیکدا نە «داک» دەمێنێت نە «باب» و نە مناڵ، هەموو دەبینە مناڵی ئەو کۆرپە نوێیە «ژیریی دەستکرد».
لەگەڵ کچەکەم لەسەر پرسێک بوو بە مشتومڕمان، من پێداگرییم لە زانیارییەکانم دەکرد و ئەویش لەوانەی خۆی، وتی ئا بە یارمەتییت مۆبایلەکەتم پێ بدە، پێم دا و ئەپی «چات جی پی تی» کردەوە و پرسیاری لێ کرد دەربارەی ئەو پرسەی ناکۆکییمان لەبارەیەوە هەبوو، سەرەنجام دەرکەوت زانیارییەکانی ئەو درووستن. ئەمە تەنیا لایەنێک بوو لە سەدان لایەنی دیکە کە مناڵەکانم نە لە من و دایکیانەوە، نە لە هیچکام لە بازنە نەریتییەکانی ترەوە وەریان گرتووە
بۆ لەمەودوا کاتێک گوزارشتی مناڵەکانت بەکار هێنا، گەر نیازت ئاماژەکردن بوو بە لایەنی چاک یان خراپ، لە جاران خاکییانەتر ئەو گوزارشتە بەکار بێنە، جاران گوزەشت، ئێستا مناڵەکان هی منن، هی تۆن، لە زۆرباردا هی ئەوانی دیکەن.

*ماستەر لە کۆمەڵناسی و مامۆستای‌ زانکۆ

وتارەکانی نوسەر