هارتمۆت رۆزا، رەخنەگری ئەو دونیایەی وەک تیسکەی تفەنگ تێدەپەڕێت

10:13 - 2024-08-05
یاسین ئافتاو
135 خوێندراوەتەوە

یاسین ئافتاو*


هارتمۆت رۆزا، فەیلەسووف و کۆمەڵناسێکی ئەڵمانییە، سەر بە نەوەی چوارەمی قوتابخانەی فرانکفۆرتە، کە لە سۆسیۆلۆژیای مۆدێرندا بە «تیۆریی رەخنەیی»ـدا دەناسرێنەوە و خاوەنی نەریتێکی بیرکردنەوەی قووڵ و وردن و لە بازنەی قوتابخانەکەدا ژمارەیەک لە فەیلەسووف و کۆمەڵناسە هەرەدیارەکانی دونیا کاریان کردووە و مەعریفەیان بەرهەم هێناوە.
کرۆکی بیرکردنەوە و سۆسیۆلۆژیای رۆزا، زۆر لەوانی پێش خۆی جیاواز نییە، بەو پێیەی چەقی کارەکانی رەخنەکردنی کۆمەڵگەکانی مۆدێرنتییە، کە لای رۆزا دەبێتە رەخنەکردنی دواهەمین ئاستی مۆدێرنیتی کە دەکرێت بە مۆدێرنتی درەنگوەخت «Late Modernity» ناوی ببەین، لەناو مۆدێرنتییشدا رەخنەکردنی عەقڵانییەتی بەئامێرکراو هێڵی بیرکردنەوە و کارکردنی هەموو فەیلەسووف و کۆمەڵناسانی ئەو قوتابخانە ئەڵمانییەیە.

قوتابخانەی فرانکفۆرت
پووختەی رەخنەی فرانکفۆرتییەکانیش لە مۆدێرنتیی ئەوەیە، کە هەموو ئەو مژدە و خەونە پەمەییانەی بە مرۆڤی دەدان، لە کابووسدا کۆتاییان هات، بەڵام ئەوان تەنیا لە وەسفکردنی ئەو دونیایە و وێنەکێشانی داڕمانەکەیدا کار ناکەن، بەڵکو قووڵ ڕۆدەچنە ناو هۆکارەکانی ئەو داڕمانە و بە وردیی رەوتی سەرکێشانی مۆدێرنتی بۆ ئەو دونیا پڕ لە کۆت و بەند و نامۆ و نایەکسانە شیی دەکەنەوە.
نابێت لە یادمان بچێت کە لە نەوەی یەکەمی بیرمەندانی فرانکفۆرتەوە هەتا دەگاتە رۆزا، هەمووان لەسەر بەرگرییکردن لە بەهاکانی رۆشنگەریی و مۆدێرنتی کۆکن، کێشەی ئەوان ئەوەیە مۆدێرنتیی و هێزەکانی هەناوی کە جڵەویان کردووە و بەرەو پێشەوەی دەبزوێنن، ئەو رەوتەیان لەسەر سکەی خۆی لاداوە و لە سەرەتاکانی سەدەی بیستیشەوە، بە تەواوەتی بەرەو پنتێکی مەترسیدار و نامرۆڤانە و تۆقێنەر دەیئاژوون، سەرباری ئەم فاکتە تۆقێنەرە، بەڵام بیرمەندانی قوتابخانەکە هێشتاش ئومێدێکیان هەیە بەوەی لە رێی گەڕاندنەوەی شەمەندەفەری مۆدێرنتی بۆسەر سکەی خۆی و پابەندکردنەوەی بەو بەڵێن و مژدە و پرنسیپ و بەهایانەی لە سەرەتاوە تەبەننیی کردبوون؛ ئەو ڕەوتە مێژووییە گرنگەی مرۆڤایەتی لەو لادانەی قوتار بکرێت.

رەخنە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری
وەکو بیرمەندانی پێشینی لە قوتابخانەی فرانکفۆرت، هارتموت رۆزاش کرۆکی کاری رەخنەیی خۆی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی سەرمایەداریی دەکات، ئەو لەچاو پێشینەکانیدا لە هەموویان زۆرتر لە دونیایەکی گڵۆباڵیزەبووی سنووربڕدا دەژی کە جیهان وەکو گوندێکی گەورەی لێ هاتووە و سنوورەکان «سەرباری مانەوەیان» لە هەرکات زیاتر کاڵ و کاڵتر بوونەتەوە و ئەو بایەخ و سەنگەی جارانیان نەماوە.
وەکو چۆن ماکس هۆرکهایمەر بە چەمکی «رێکخستنی ناعەقڵانی»، تیۆدۆر ئادۆرنۆ بە «کۆمەڵگەی بیرۆکراسیی»، هێربەرت مارکۆزە بە «کۆمەڵگەی تاکڕەهەند»، ئاکزێل هۆنێث بە «کۆمەڵگەی بێڕێزیی» گوزارشتیان لە پڕۆژە رەخنەییەکەیان دەکرد بۆ خوێندنەوەی کۆمەڵگەی خۆرئاوای سەرمایەداریی، لەسەر هەمان رەوت رۆزاش چەمکێکی هاوشێوەی هەیە کە لە رێیەوە وەسفی کۆمەڵگەی ئێستای سەرمایەداریی پێ دەکات و وەکو چەمکەکلیلێک دەرگای خوێندنەوە رەخنەییەکەی پێ دەکاتەوە کە ئەویش »قەفەزی پۆڵایین»ـە.

قەفەزی پۆڵایین
«قەفەزی پۆڵایین»، یەکێکە لەو چەمکە تەوەریانەی لە رێیەوە رۆزا دەمانباتەوە ناو کۆمەڵگەی سەرمایەداریی ئەمڕۆی خۆرئاوا، کۆمەڵگەیەک بە ڕستێک یاسا و دیسپلین و ئامرازی چاودێریی و کۆتوبەندی کار و فشاری دەروونیی و کۆمەڵایەتیی شەتەک دراوە کە هەر هەوڵێک بۆ خۆڕاپسکاندن و دەربازبوون لە فەزاکەی هاوشێوەی هەڵاتنە لە قەفەزێکی پۆڵایین، ئەمە بێ ئەوەی مانای ئەوە بێت رۆزا ڕەشبینە و باوەڕی بە هیچ دەرچەیەکی دەربازبوون نییە. 
پڕۆژە رەخنەییە فیکریی و سۆسیۆلۆژییەکەی رۆزا لەڕێی چەند چەمکێکی دیکەشەوە دەرگیری خوێندنەوەی دونیای ئێستامانن «بە کۆمەڵگەکانی خۆرئاوا و دەرەوەی خۆرئاواشەوە»، کە ئەوانیش چەمکی تاڵووکە «Acceleration» و داماڵین «Alienation»ـن. یەکەمیان: لە دیدی رۆزادا هەموو دەلالەتەکانی وەکو: خێرایی، پەلەپەل، راکەڕاک و هەڵپەکردن و هەستکردن بە بێکاتیی لەخۆیدا حەشار داوە، دووەمیشیان: هاومانای وشەکانی وەکو: بێناوەڕۆککردن، پووچکردن، بەکۆیلە و پاشکۆکردن و ملکەچپێکردنیش بەکار دێن، لەپاڵ ئەم چەمکانەدا، رۆزا چەمکێکی دیکەش بەکار دێنێت کە ئەویش دەنگدانەوە یان سەدا «Resonance»ـە.
تاڵووکە: التسارع-«Acceleration»: بزوێنەری پرۆژە سۆسیۆلۆژییەکەی رۆزایە. ئەگەر ئۆتۆماتیکییانە چەمکەکە وەربگێڕینە سەر زمانی کوردیی دەبێتە خێراکردن، بەڵام کاتێک تێزەکەی رۆزا دەخوێنیتەوە تێدەگەین کە ڕەنگە وشەیەکی کەمبەکارهاتووی وەکو «تاڵووکە» کە بە مانای پەلەپەل و ڕاکەڕاک و فریانەکەوتن دێت گونجاوتر بێت، بە تایبەتیی کە بەکارهێنانی لە نێوکۆیییەکی سۆسیۆلۆژیی ئاوادا ئەو وشە کوردییە لەو گەمارۆ زمانەوانییەی خراوەتە سەری قوتار بکات و کەمێک کارایی و بەهای پێ ببەخشێتەوە. 
بە بڕوای رۆزا، هەموو رەهەندەکانی ژیانی مرۆڤی سەردەمی مۆدێرنتی دەرەنگوەخت، پابەندی رەوتاری کاتن، لای رۆزا کات پێکهێنەرێکی سەرەکیی ستراکچەری کۆمەڵایەتییە و بە رایەڵەیەکی بەهێز بە بیرکردنەوە و رەفتاری تاکەکانەوە شەتەک دراوە، پێشی وایە هەموو کار و سەرقاڵییەکانی دونیای هاوچەرخ لەرێی کۆمەڵێک بنەمای دیاریکراوەوە دەستینیشان دەکرێن، بەڵام لەلایەن سیستمێکی کاتەکییەوە جڵەو دەکرێن و ئاڕاستە دەکرێن، سیستمێکی کاتەکیی کە بە بڕوای رۆزا پەنهان و تەمومژاویی و بێچەندوچوونە، ئەمەش وا لە رۆزا دەکات بگاتە ئەو دەرەنجامەی سیستمێکی لەو جۆرە لەڕووی ئاکارییەوە ڕوون نییە، تاکە بزوێنەریش بۆ شیکارکردنی بریتییە لە تاڵووکەی کۆمەڵایەتیی «التسارع الاجتماعي».
پرسی خێرایی و هەستکردن بە خێرایی و زووگوزەریی و تێپەڕینی کات، بەدەر لەوەی هەستێکی دەروونیی و کۆمەڵایەتیی لەمێژینەیە و لەگەڵ بیرکردنەوەی مرۆڤ لە کات سەری هەڵداوە، بەڵام ئەم دیاردەیە لە دونیای ئێستاماندا هێندە بەرجەستە و زاڵ و تۆخە، کە خەریکە هەر هەستکردنێک بە جێگیریی و هەبوونی کات لەناو دەبات، رۆزا ئەمە وەکو گومانهەڵنەگرێک پەسەند دەکات، ئەوەی بۆ ئەو گرنگە بریتییەوە لەوەی زەمەن کە بۆتە پێکهێنەرێکی گرنگی کۆمەڵگە و جڵەوکەرێکی سەرەکیی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان؛ چ کاریگەرییەکی هەیە لە نەخشاندنی رەفتار و ژیانی تاکەکان و گۆڕانی کۆمەڵایەتیی و هەموو پڕۆسە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا؟، هەروەها دەیەوێت جۆرە جیاوازەکانی تاڵووکەی کۆمەڵایەتییش دەستنیشان بکات، کە بەپێی توێژینەوە ئەزموونیی و شیکارییەکانی رۆزا سێ دانەن: خێرابوونی تەکنۆلۆژیی، خێرابوونی گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان، خێرایی لە گۆڕانی کۆمەڵایەتییدا، سەبارەت بە یەکەمیان زۆر روونە کە چییە، بەڵام دووەم و سێیەم، دەکرێت بەمجۆرە روون بکرێنەوە: خێرابوونی گۆڕانە کۆمەڵایەییەکان مەبەست لێی ئەوەیە کە ئەو دیاردانەی کە پێش دونیای مۆدێرن بە چەند سەدە یان دەیەیەک روویان دەدا، هەنووکە لە یەک دەیەدا روو دەدەن، سەبارەت بە خێرایی لە گۆڕانی کۆمەڵایەتییدا پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە چۆن خێرایی کاریگەریی گەورەی کردۆتە سەر ژیانی تاکەکان و رەفتار و دەروون و پەیوەندییەکانی سەرلەنوێ داڕشتۆتەوە، کە بە لای رۆزاوە دیارترین دیاردەی پەیوەست بە خێرایییەوە لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا بریتییە لە تێرنەبوون لە کات «Temporal Famine».

تێرنەبوون لە کات
بە بڕوای رۆزا، تێرنەبوون لە کات تۆخترین و سەرسووڕهێنەرترین دیاردەی کۆمەڵگەکانی خۆرئاوایە، لە مۆدێرنتی درەنگوەختدا، بکەرە کۆمەڵایەتییەکان زیادەڕەوانە هەست بە بێکاتیی دەکەن، وەکو ئەوەی کات کەرەستەیەکی خاوی وەکو ئاو، بەرد و نەوت بێت کە شیاوی بەکارهێنانە، هەربۆیە دەگمەن و گران دەبێت، تێرنەبوون لە کات دژوازیی »ئایرۆنیی«یەکی لە هەناویدا هەڵگرتووە کە پووختەکەی بریتییە لەوەی «بکەرەکان دەیانەوێت زۆرترین کار بە کەمترین کات ڕاپەڕێنن».
بە کورتییەکەی دەتوانین بڵێین: پڕۆژەکەی رۆزا بریتییە لە رەخنەکردنی کۆمەڵگەکانی مۆدێرنتی درەنگوەخت و هەوڵدان بۆ رۆنانی پەیوەندییەکی ڕەسەن لەگەڵ دونیادا، ئەو پەیوەندییەی بە هۆی تاڵووکەکردنەوە کاڵ بۆتەوە.. ئەوەی بۆتە سیمای سەرەکیی کۆمەڵگە مۆدێرنەکان بریتییە لە خێرابوونی رەزمی ژیان و هۆکاری ئەو خێرابوونەش خێراتربوونی تەکنۆلۆژییە کە بە هۆیەوە هەتا دێت پیت و پێزی کات کەمتر و بچووکتر دەبێتەوە، ئەمەش وایکردووە زۆرینەی ڕەهای مرۆڤەکان برسێتییەکی بێسنوور برسیی کات بن و ئەوەش دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانی دڕدۆنگیی و نادڵنیایی. 
رۆزا ئەمانە وەکو شێوە نەرێنییەکانی خێرابوون وێنا دەکات، هەربۆیە دەستی داوەتە رۆنانی سۆسیۆلۆجیایەک کە ئامانج لێی دەستنیشانکردنی شێواز و جۆرە جیاوازەکانی نامۆیی و داماڵین و هەموو جۆرە نەخۆشییەکانی دیکەیە کە بە هۆی وەرچەرخانە برووسکەییەکانی کاتەوە هاتوونەتە ئاراوە، بە بڕوای رۆزا چارەکردنی ئەو کاریگەرییە خراپانەی لە تاڵووکەکردنەوە دێنە ئاراوە بە خاوکردنەوە و تەپۆکردنەوەی سیستمە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و تەکنۆلۆژییەکە بەدیی نایەت، بەڵکو بە بیرکردنەوە لە دیوی ئەودیوی زەمەن بە ئامانجی گەڕان بەدوای رۆنانی پەیوەندییەکی رەسەنانە لەگەڵ جیهاندا بە دەست دێت، هەر لەو پێناوەشدا پێشنیاری چەمکێکی نوێ دەکات کە بریتییە لە دەنگدانەوە یاخود سەدا، دەنگدانەوە کە پێچەوانەی تاڵووکەیە و چارەسەریشە بۆی.

هارتمۆت رۆزا

سەرچاوە:
زهرا‌ء الطشم. هارتموت روزا: التسارع واقتصاد الزمن، ماڵپەڕی (Hekmah.org)،
26/1/2022.
هشام معافە و عبدالحمید مهری. هارتموت روزا ونقد الحداثة‌ المتاخرة‌، مجلة‌ (دراسات)، العدد (1)، سنة‌

* مامۆستای زانكۆ

وتارەکانی نوسەر