کاتێک هەموومان دەبینە ئەشکەنجەدەر و ئێرەش ئەشکەنجەستانە

10:20 - 2024-08-19
یاسین ئافتاو
99 خوێندراوەتەوە

یاسین ئافتاو

 


لە دونیای خۆماندا نموونەکانی یەکتر ئەشکەنجەدان بەو کردانەی کە زۆربەی جار بە مەبەست و بێمەبەستی، ئازاردانی ئەوانی دیکە دەیانکەین بێشوومارن


یەکێک لە بیرکردنەوە فەلسەفییە هەرە بەراییەکان دەربارەی چاکە، ئەوەی سوقرات بوو کە مەعریفەی بە باڵاترین فۆڕمی چاکە هەژمار دەکرد، جا راستییەکەی مەعریفە وەکو ئەوەی دەکرێتە کوردی (زانین) نییە و من لەبری ئەوە پێشنیاری(کۆزانین) دەکەم. کۆزانیین لای سوقرات بۆیە لوتکەی چاکەیە، لەبەرئەوەی مرۆ دەکاتە دانا، داناش ئەو کەسەیە کە بەهۆی کۆزانییە هەراو و فراوانەکەیەوە، بە وردیی دەزانێت چاکە و خراپە چیین، هەمیشە چاکە هەڵدەبژێرێت و لە خراپە دووردەکەوێتەوە.
یەکێک لە رەهەندە وردەکانی ئەم درککردنەی چاکە و خراپە بریتییە، لە ئاگایییەکی هەمیشە ئامادە و چالاک بۆ هەموو ئەو شتانەی کە خۆیان لە خۆیاندا نە چاک و نە خراپن و سەردەکێشن بۆ خراپە و ئازاردانی ئەوانی دیکە، هەر لەم سۆنگەیەوە سۆفییە گەورەکانی هەموو ئایینەکان دەستیان لە هەموو ئەو پرس و کردە رێپێدراوانەش هەڵگرتووە کە بۆنی ئەوەیان لێ هاتووە سەر بکێشن بۆ خراپە، بۆ نموونە سامان بۆ تەمبەڵیی و لوتبەرزیی، ناوبانگ بۆ خۆلەبیرکردن و غەفڵەت و هتد.
هەر لەم رووەوە دەگێڕنەوە، «جارێک پیاوێک، سۆفیی و عاریفی ناوداری ئیسلام، شیبلی بانگ کرد و پێی وت تۆ ماڵەکەت لە خۆرهەڵاتی بەغدا نییە، وتی نەخێر من لە باشووری شارەکەم، وتی دە کەواتە ماڵەکەت پارێزراوە، شیبلی فەرمووی بۆ؟ وتی ئاگر بەشی خۆرهەڵاتی شارەکەی قووت دا، شیبلی فەرمووی سوپاس و ستاییش بۆ خودا کە ئێمەی پاراست. دەڵێن کاتێک شیبلی وەئاگاهاتەوە، دەستی کردە گریان، پێیان وت بۆ دەگریت، فەرمووی سوپاسی خودام کرد لەسەر ئەوەی خراپەیەک کە ماڵی هەزاران مرۆڤی وێران کردووە لە ئێمە دوور بووە. دەشڵێن شیبلی لە کۆتایی تەمەنیدا هەمیشە وتوویەتی هەموو رۆژێک تۆبە لەو (ئەلحەمد و سەنا)یەی خودا دەکەم کە ئەوجارە کردم».
ئەم ئاگاییە مەزنە بە ئازارنەدانی ئەوانی دیکە و تەنانەت دڵخۆش نەبوون بە چاکەیەکی خۆت کە رەنگە ئەوانی دیکە تیایدا ئازاریان چەشتبێت، نەک هەر نەماوە، بگرە خەریکە فۆڕمە هەرە سادەکانی نەبوونە ئازار بۆ ئەوانی دیکە لە دونیای مسوڵمانان بە گشتیی و هی کۆمەڵگەی کوردییدا چۆڕەبڕ ببێت.
لە وڵاتە پێشکەوتوو و خۆشگوزەرانەکاندا، ئەم بوونە مایەی ئەشکەنجەدان بۆ خەڵک بە پەروەردەی سەرتاپاگیر و ورد و بە یاسا و سزادان بەری لێ گیراوە، ئەوە جگە لەوەی مەعریفەی ئەخلاقیی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگە پێشکەوتوو و خۆشگوزەرانانە هێندە بەرزە کە بۆتە هۆی رسکانی ئاگاییەکی هەمیشە لەسەرپێ و ئامادە بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەیەک (ئەگەر مافی خۆشی بێت) کە دەبێتە هۆی ئەشکەنجەدانی ئەوانی دیکە.
لە دونیای خۆماندا نموونەکانی یەکتر ئەشکەنجەدان بەو کردانەی کە زۆربەی جار بە مەبەست و بێمەبەستی، ئازاردانی ئەوانی دیکە دەیانکەین بێشوومارن، هەر بۆ نموونە کاتژمێر دوانزەی شەو دەچیتەوە بە دوای هاوسەرەکەتدا لە ماڵی باوکی، لەکاتێکدا دەتوانیت بە مۆبایلەکەت ئاگاداری بکەیتەوە کە بێتە دەرەوە، دەست دەنێیت بە هۆڕندا و بۆڕەی هۆڕن دەگاتە سێ کۆڵان ئەودیو و ئازارێکی دەروونیی بێئەندازەی کەسانێک دەدەیت کە هیچ سووچێکیان نییە. کاتێک منداڵەکەت فێری دیسپلین ناکەیت و بە باشیی لێی ناپرسیتەوە و دڵت نایەت لەپای سەرکێشیی و لاسارییەکانی سەرکۆنەی بکەیت و راستی بکەیتەوە، ئەم منداڵە دەبێتە ئەشکەنجەدەری دراوسێ، مامۆستا، هاوڕێ، رێبواران، گەشتیاران، دانیشتووانی کافێ و پارکەکان.
هەتا هۆشیاریی و ئاگاییمان نەگاتە ئەو ئاستەی کە هەر کارێک یان جووڵەیەک دەیکەن بیری لێ بکەینەوە و شەنوکەوی دەرەنجامەکانی بکەین و کاتێک زانیمان دەبێتە باییسی ئەشکەنجەی ئەوانیتر دەستی لێ هەڵبگرین، نابینە کۆمەڵگەیەکی ئارام و خۆشگوزەران.
 جەللاد و ئەشکەنجەدەر، تەنیا کەسێکی زرتەبۆزی قامچی بەدەستی رەزاتاڵی بێدڵ نیین، دەشێت ئەو بێت، من بم، رێی تێدەچێت تۆش بیت ئەی کۆتری باڵنەخشینم.

*ماستەر لە کۆمەڵناسی

وتارەکانی نوسەر