وەزارەتی ناوخۆ

نەیتوانیوە چەكی بێمۆڵەت كۆنتڕۆڵ بكات

09:39 - 2024-07-04
فەرید دڵشاد
137 خوێندراوەتەوە

دوای كۆتایی هاتنی جەنگی سارد و دروستبوونی كێشە ناوخۆییەكانی، وەك دابەشبوونی كۆمەڵگەكان لەسەر بنەمای رەگەز و نەتەوە و سەرهەڵدانی تیرۆر و رووداوەكانی تەقەكردن و كوشتن و سەرهەڵدانی گروپە چەكدارییەكان، هەروەها زیادبوونی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر و كۆچی نایاسایی...هتد. دەركەوت ئاسایش تەنها بریتی نییە لە پاراستنی ئاسایشی وڵات لە هەڕەشە دەرەكییەكان، بەڵكو دەكرێت كێشە ناوخۆییەكانیش هەڕەشەبن لەسەر ئاسایشی كۆمەڵگەكان.
لەوچوارچێوەیەدا قوتابخانەی كۆپنهاگن كە قوتابخانەیەكی نوێی ئاسایشە و خوێندنەوەی تایبەتی بۆ پرسەكانی ئاسایش هەیە، رەخنە لە قوتابخانەی كلاسیكی دەگرێت كە گرنگی زیاتر بە بواری ئاسایشی سەربازیی دەدەن، ئەم قوتابخانەیە پێنج بواری ئاسایش لە سەربازیی و كۆمەڵگەیی و ئابووریی و ژینگەیی و سیاسی دەخاتەڕوو و بەجۆرێك ئاسایشی ناوخۆ و دەرەكی پێكەوە گرێ‌ دەدات و ئاسایشی كۆمەڵگەكان لە پاڵ ئاسایشی دەوڵەتدا وەك مەرج تەماشا دەكات.
لەئێستاشدا ئاسایشی كۆمەڵگەیی (ألامن المجتمعي) لەلایەن دەوڵەتانەوە گرنگی زۆری پێ دەدرێت، كە خۆی دەبینێتەوە لە ئاسایشی تاك و كۆمەڵەكان لە مەترسی و هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، وەك: كوشتن، دزی، دەستدرێژی، سەركوتكردن، لە روانگەی (قوتابخانەی كۆپنهاگن)ەوە كەمبوون و زیادبوونی تاوانەكان پەیوەندیی بە ئاسایشی كۆمەڵگەییەوە هەیە، ئەمەش ئەركی دەزگا حكومی و ناحكومییەكانەوە لە سنووردانان بۆ ئەو تاوانانە.

 

 چەندین جار وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بانگەوازی بۆ تۆماركردنی چەكی بێمۆڵەت راگەیاندووە، بەڵام رووداوەکەی هەولێر ئەوەی دەرخست هێشتا خەڵكانێكی زۆر چەكیان بەدەستەوە ماوە

 

رووداوی شەڕە تەقەكان لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت رووداوەكانی ئەم دواییەی هەولێر كە چەكی سوك و مام ناوەند بەكارهێنران و ژمارەك كوژراو و بریندابوون، دەرخەری ئەو راستییەن كە ئاسایشی كۆمەڵگەیی لەو شارە لە مەترسی گەورەدایە، بەتایبەت هەندێك گەڕەك هەیە بەشەو حكومەتی تێدا نییە، بەوردبوونەوە لە ڤیدیۆكانی شەڕە تەقەكان بۆت دەردەكەوێت دانیشتوانی ناوچەكە و ئەوانەی لە سۆشیاڵ میدیا ڤیدیۆكان دەبینن هەست بە ترس و دڵەڕاوكێ‌ و نائارامییەكی زۆر دەكەن، بەتایبەت كە تەقەكردنەكان ماوەیەكی زۆری پێدەچێت وەك بڵێی سەنگەر بەرامبەر یەكدی دەگرن.
ئەو فیشەكانەی لە رووداوەكاندا دەتەقێنرێن بە چەكی بێمۆڵەتن، ئەمەش دەمان گەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی چەندین جار وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بانگەوازی بۆ تۆماركردنی چەكی بێمۆڵەت راگەیاندووە، بەڵام رووداوەکەی هەولێر ئەوەی دەرخست هێشتا خەڵكانێكی زۆر چەكیان بەدەستەوە ماوە، ئەو گومانانەشی زیاتركرد كە نەتوانراوە ئەوانەی دەستڕۆیشتوون چەكە بێمۆڵەتەكانیان لێ‌ وەربگیرێتەوە، بەبەڵگەی ئەوەی رووداوەكە لەسەر زەوی بازرگانی بووە لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر ئەو كارەش بە خەڵكانێكی ئاسایی ناكرێت.
هەروەها بڵاوكردنەوەی ئامارەكانی كوشتن لەساڵی 2022 لەلایەن پۆلیسی هەرێمەوە كە ژمارەیان زیاترە لە 200 حاڵەتە، ئاماژەیەكی مەترسیدارن و دەرخەری ئەو راستیەن كە پلانی حكومەت لە دابینكردنی ئاسایشی كۆمەڵگەیی و كونتڕۆڵكردنی چەك لاوازە و هێشتا چەك لە ماڵ و سەرشەقام و لە دەست گروپ و عەشیرەتەكانە، هەركات كەسێك بیەوێ كێشەكانی یەكلابكاتەوە لەجیاتی هانا بۆ دادگا بەرێت، بەچەكەكەی خۆی كارەكە دەكات، برا خوشك دەكوژی و كوڕ باوك و خزم لەسەر زەوی و زار و گەنج لە كافتریا و پیاو ژنەكەی.

وتارەکانی نوسەر