خۆمانە و خێزانیی

کاتێک لە قوربانییەوە دەبیتە جەلاد

11:31 - 2024-07-07
رۆزا دڵشاد مەریوانی
192 خوێندراوەتەوە

(9)

لەنێو ئۆتۆمبێلەکەتدایت، قەرەباڵغییەکی زۆرە، رێگە نییە دەرچیت و بەئاستەم ئۆتۆمبێلەکان دەجووڵێن، ئۆتۆمبێلێک لەپشتەوە بەردەوام هۆڕین لێدەدات، تۆش تێناگەیت مەسەلە چییە، ئاوڕدەدەیتەوە ژنە شۆفێرێک دەستی دەرهێناوە و قسەی ناشیرین دەکات، تۆش دەپرسیت چییە دادە خێرە نابینیت قەرەباڵغە، خۆ ئۆتۆمبێلەکە باڵ دەرناکات و بفڕێت. بەداخەوە لە ژیانمدا ئەوەندەی لە کاتی شۆفێرییدا بێڕێزییم لەلایەن ژنەوە بەرامبەر کراوە، لەلایەن پیاوەوە کەمتر ئەوە روویداوە، وایلێهاتووە تا دەتوانم خۆمیان لێدەپارێزم بەتایبەتی منێک لە ساڵی 2005 ەوە شۆفێرم و بەشانازییەوە لە شۆفێرە باشەکانم، بگرە زۆرجار شۆفێری پیاو لە ژنەکە باشترە و لەو ساڵانەی تازەشۆفێر بووم، زۆرجار یارمەتیانداوم.

 

وەک جۆرە کاردانەوەیەک لە نەستی ژناندا ماوە بەرامبەر ئەو هەموو سەدەیە لە چەوساندنەوە، بۆیە قوربانی دەبێت بە جەلاد

 

لەم چەند ساڵەی دواییدا هەندێ ژن پەیدابوون نەک تەنیا ئەوانەی لەسەر شەقام وەک شۆفێر تووشیان دەبیت، بەڵکو ئەوانەی پۆستێک لە دەزگا یان فەرمانگەیەکدا دەگرنە دەست، دەبینیت، چونکە لە سروشتی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا شتێکی تارادەیەک نوێیە، ژن دەسەڵاتی پێبدرێت، وەک جۆرە کاردانەوەیەک لە نەستی ژناندا ماوە بەرامبەر ئەو هەموو سەدەیە لە چەوساندنەوە، بۆیە قوربانی دەبێتەوە بە جەلاد، بەڵام جەلادێکی ترسنۆک، چونکە زیاتر بە هاوڕەگەزەکەی خۆی دەوێرێت و ئەو کچ و ژنانەی لەژێر دەستیدا کاردەکەن بێزار دەکات و پۆستەکەی بەکاردێنێت بۆ قورسکردنی کارەکان لەسەریان، کەمتر دەوێرێت بەرامبەر بە کارمەندە پیاوەکان ئەوە بکات، بۆیە زۆرجار دەوترێت وا باشترە بەڕێوەبەرێکی ژن کارمەندەکانی پیاو بن نەک ژن تا کێشە دروست نەبێت و کارەکان بەباشی بەڕێوەبچێ، لەڕاستیدا بە رای من واپێویست دەکات مەسەلەکە بەپێچەوانەوە بێت، دەبێت کاتێک ژنێک دەچێتە پۆستێکەوە یان هەر دەسەڵاتێکی دەدرێتێ ببێتە پاڵپشت و یارمەتیدەری ئەو کچ و ژنانەی لەژێردەستیدا کاردەکەن، لەبەر هیچ شتێک نەبێت لەبەرئەوەی وەک ژنێک زیاتر لە ژن تێدەگات و دەزانێت ئەو ژنەی لە دەرەوەی ماڵ کاردەکات چەندە بەرپرسیارێتییەکانی سەرشانی قورسە کە جگە لە ماڵ و منداڵ هەموو رۆژێک بەشێک لە توانا و تەندروستی خۆی دادەنێت بۆ کارکردن لە دەرەوە، لەبری سووکایەتی و قورسترکردنی ژیانی یەکتری با کەمێک بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ یەکدیدا بکەین و هاوڕێ و هاوخەمی یەکتر بین، کاتێک دەچینە پۆستێکەوە وا نەزانین لەبەرئەوەی ئەم پۆستە پێشتر هی پیاو بووە دەبیت ئێمەش وەک ئەوان توندوتیژ بین، چونکە بە سروشتی نەرمونیانی ژنانەی خۆمانەوە کارەکان جوانتر بەڕێوەدەچێت. 

وتارەکانی نوسەر