هـێزی نه‌رم

ئابووری و گیرفانی خەڵک

10:19 - 2024-07-08
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
733 خوێندراوەتەوە

كـه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د 



پەندێکی کوردیی ناودارمان هەیە دەڵێت: برامان برایی و کیسەمان جیایی، کە ناشڵێت خوشکایەتیمان خوشکایەتی و کیسەمان جیایی ئەوەیان مەسەلەیەکی ترە و ئەو بابەتە نییە کە دەمەوێت قسەی لەسەربکەم، ئەگەرچی ئەمەیش شایستەی قسە لەسەر کردنە، بەڵام بۆ دەرفەتێکی دیکەی هەڵدەگرم. ئەو ئدیۆمە کوردییەی سەرەوە پێمان دەڵێت: ئابووری و گیرفانی تاکەکانی نێو کۆمەڵگە هاوبەشیی قبووڵ ناکەن، تەنانەت ئاستی دارایی تاک تەواو پەیوەستکراوە بە کەسایەتی کەسەکانەوە هەندێجار دەوڵەتەکانیشەوە، ئەوەتا لەم سەر زەمینی خوایە، لەلایەک وڵاتانی تێر و پڕی وەک ئەمریکا و بەریتانیا و ئەوروپا دەبینرێن و لەلایەکی دیکەشەوە وڵاتانی لەبرسا مردووی وەک ئەفریقا و هەندێ لە وڵاتانی جیهانی سێیەم یان ئەوەی پێی دەوترێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینین، یونسێف دەبینین خواردن دابەشدەکات بەسەر ئەو کەسانەدا کە لەبرسانا پێستیان بەسەر ئێسکیاندا نووساوە و لەملایشەوە دەست رۆیشتووەکانی خەلیج دەبینین چۆن ورگیان نیومەتر لەپێش خۆیانەوەیە کاتێک هەنگاو بەرەو پێشکەوتن دەنێن. بە پێی مێژووی مرۆڤ بێت دیمەنی هەژاریی و دەوڵەمەندیی لەجیهاندا دوو دیمەنی سروشتین، بەڵام کاتێک هەبووەکان پاڵ بە هەژارەکانەوە دەنێن بەرەو دۆزەخێکی خراپتر کە پێی دەوترێت هێڵی خوار هەژاریی، ئەو کاتە باشتر لە زەبری کیسە جیایی نێو دنیای هاوچەرخ و پێشکەوتوو تێدەگەین. ئەم کیسە جیاییە لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا بە جۆرێکی دی داڕێژراوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە دەوڵەمەندیی و هەژارییەوە نییە، بەڵکو گوایە لەپێناوی مافی تاکدا و بۆ پاراستنی ئابووریی تاک داهێنراوە. لە خێزانی ئەوروپیدا ژن و مێرد گیرفانی هاوبەشیان نییە وەک گیرفانی خێزانەکانی لای خۆمان، خۆ لەوانەیە ژن و پیاوێک چەندین ساڵ ژیانێکی هاوبەشیان هەبێت بەڵام بێگومان بەدوو گیرفانی تەواو سەربەخۆوە دەژین، بەبێ ئەوەی ئەم رەفتارە کار لە پەیوەندییەکەیان بکات. تەنانەت گیرفانی تەواوی کۆمەڵگەکەشیان بەجۆرێکی تایبەت و سەربە تاک نەک کۆ داڕشتووە. لە ئەدەبیاتی کوردیدا بابەتمان سەبارەت بە دیادەکانی هەژاریی و دەوڵەماندیی و تەنانەت دەوڵەمەندیی رۆحی و مەعنەویش خوێندۆتەوە، وەلێ زۆر بەکەمی لێکدانەوەی ئابووریمان بەرچاوکەوتووە. شیعرێکی شاعیر و نووسەر فەرهاد پیرباڵ لەم رووەوە دەتوانم بڵێم تاقانەیە کە باس لە ئابووریی جیهان و ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵک دەکات لە وڵاتە جیاوازەکاندا. 
لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆی دۆخی سیاسی و هەڕەشەکانی سەرقەوارەی هەرێمەوە بەردەوام دەست بۆ گیرفانی خەڵک دەبرا و لە ئێستایشدا گیرفانی خەڵک پەیوەست کراوە بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، سەرچاوەی بژێویی خەڵک لەو  بەغدایەیە کە لەوانەیە بینێرێت یان نا، بێگومان لەو کاتەیشدا دەینێرێت کە خۆی دەیەوێت نەک تۆ، واتە گیرفانی خەڵکی ئێمە هاوبەشە لەگەڵ حکومەتی ناوەند، ئینجا ئازیزان خوا رەحم بکات.

وتارەکانی نوسەر