ئوتۆمبێل حاڵەتێکی هەیە پێی دەڵێن (فەنتەڕناش) دەکات، واتە لە شوێنی خۆی بۆ نموونە:لە قووڕاودا دەچەقێت و هەر تایەکانی دەخولێنەوە و دەنگێکی گەورەی مەکینەکەی دەبیستین و هیچی تر، دەبینین زۆر جەخت دەکات، بەڵام ناتوانێت لە شوێنی خۆی ببزوێت. هەر بۆیە ئوتۆمبێلی ئاشتیی پێویستی بە پاڵنانێکی بەهێز، یان هەندێجار پێویستی بە سلنگ دەبێت تا لە دۆخی نەخوازراوی چەقین، دەربهێنرێت. ئەوەی فەنتەڕناشی بیرهێنامەوە، گۆرانییەکەی دەستپێکی (بەرنامەی بەرنامە) بوو، کە نووسینی د.شێرکۆ عەبدوڵڵا یە و گۆرانییەکەش بە دەنگی رەوانشاد بەرزانی قالەی خەڵوز بوو، دەیووت: ( کە سەیارەکەی ماڵی ئاشتیی خانم بینی لە حاڵەتی فەنتەڕناشا، ئەزانی چی زۆر بەلەزەت و بەتامە، تەبعەن بەرنامەی بەرنامە). ئاشتیی ئەگەرچی زەمینەی هێنانەدی هێزی نەرمە و بەبێ هەبوونی ئاشتیی جێ بەجێ کردنی بەرنامەکانی هێزی نەرم تا رادەیەک مەحاڵ دەبێت، وەلێ پرۆسەیەکە دوو لایەن، هەندێجاریش چەند لایەنێکیش دەیهێننە بوون و هەرگیز بە خواستی تاک لایەنێک دروست نابێت. ئاشتیی وەک چەپڵە وایە کە بە دوو دەست نەبێت سەرناگرێت. وەک باڵی باڵندە وایە دەبێت دووان دوو ئیرادە بێت بۆ ئەوەی بفڕێت. لە زۆر بڕگەی مێژووماندا کورد کارەکتەرە ئاشتیخوازەکەی زۆربەی هاوکێشەکان بووە، نکوڵیی لەوەش ناکرێت کە بێگومان رووشیداوە کارەکتەرە شەڕکەر و بە ئازایەتیی ناسراوەکەی هەندێ لە قۆناغە هەستیارەکانیش بووە. هۆکاری ئەم دوو رۆڵە جیاوازەی کورد پەیوەستن بەو هۆکارانەوەی لە پێناویدا کەسەکان دەستی ئاشتیی درێژ دەکەن یان دەجەنگن، هۆکاری جەنگ بۆ میللەتێکی وەک میللەتی ئێمە زۆربەی جار بەرگریی کردن بووە لە خاک و زمان و مۆرکی نەتەوەییمان. هەر بۆیە دەبینین کورد کەم و دەگمەن نەبێت هێرشی نەکردۆتە سەر هیچ وڵاتێکی دی، بەڵکو بەردەوام هێرش کراوەتە سەری و چاوی تەماعی بەردەوام لەسەربووە. لە شوێنی دیکەی دنیا هەنگاوی ئاشتیی گۆڕانکاریی بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام کە دەگاتە لای کورد تووشی (فەنتەڕناش) دەبێت، ئێمە هەموو شتێکمان کردووە بۆ ئاشتی و ئامادەین زیاتریش بکەین، بەڵام سەر سنوورمان هێشتا هەر بۆمباران دەکرێت و ئاسمانیشیان بەڕووی فڕکەوانیماندا داخراوە! خەڵکمان بێ مووچە ژیان بە کولەمەرگیی بەڕێ دەکات و نە هێزەکانی دەرەوەی خۆمان دڵیان لە ئێمە پاکبۆتەوە و نە خۆشمان لە ناوخۆی کوردستان بەرامبەر بە کتر نیازپاکین، باشە ئەمە چۆن کەشێکی ئاشتییە هاوڕێیان؟ وێڕای هەموو ئەمانە هەقمانە خەون بە ئاشتیی راستەقینەوە ببینین و دەبێت داماڵینی وشەکە لە مانای راستەقینەی خۆی، مایەی بێدەنگیی هەڵبژاردنمان نەبێت. لەبەرئەوەی ئەگەر هەموومان لە پێناوی ئاشتیداین، دەبێت ئاشتییش لە پێناوی هەمووماندا بێت بە یەکسانیی.