هـێزی نه‌رم

ئاوێنەی بێ رتووشی سەردەمەکان

09:39 - 2025-07-21
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
543 خوێندراوەتەوە

نوری سەعید خۆی کرد بە ژن هەر بۆ ئەوەی نەیکوژن

نەنکم دەیووت، ئەمە یەکێک بوو لە دروشمەکانی جەماوەری شاری سلێمانی، لە سەروبەندی راکردنی نوری سەعید پاشا -سەرۆک وەزیرانی عیراقی سەردەمی پاشایەتی و هەوڵدانیدا بۆ خۆشاردنەوە، کە ئەم کەسایەتییە لە 1930-1958چالاکێکی سیاسی و دەسەڵاتدارێکی ناو هەرەمی دەوڵەت بوو، بەوەش ناسرابوو کە لایەنگری ئینگلیزە. ئەوەی وایکرد باسی ساتی راکردنی نوری سەعید بە بیرمدا بێت و بیکەم بە بابەتی ئەم هەفتەیەی گۆشەکەم، تابلۆیەکی خانمە هونەرمەندی شێوەکار (ویداد ئۆرفەلی) بوو، بە ناونیشانی: ( هەڵاتنی نوری سەعید). لەسەر ئەم کارە هونەرییە سەرنجڕاکێشە د. موشتاق عیدان عوبێد لە نووسینێکیدا لە رۆژنامەی (الصباح الثقافي)دا، وتارێکی نووسیوە، تەنانەت سەبارەت  بەو تابلۆیە لە نیگارکێشەکەی پرسیوە: بۆچی ساتی راکردنەکەی نوری سەعید-ت هەڵبژاردووە، ویداد دەڵێت: «مێژوو لەسەر کاغەز نابینم، بەڵکو لە رەنگ و نیگای کەسەکان و وردەکاریی کۆڵانەکاندا دەیبینم»، ئەم وەڵامە راماندەگرێت بۆ بیرکردنەوە لەوەی تا ئێستا ئێمە هەر هەوڵمانداوە مێژوو لە دووتوێی کتێبەکاندا بخوێنینەوە، لە کاتێکدا کە ئەو کتێبانە هەرگیز هەموو شتەکان ناڵێن، یان بەو وردەکاریی و بەرجەستەکردنەوە نییە کە کارێکی هونەریی یان شاکارێکی ئەدەبی دەیخاتەڕوو. تابلۆکەی ئەم خانمە، بیجامە خەتخەتەکەی سەرۆک وەزیرانی لەژێر عەبا رەشە ژنانەکەوە خستۆتە تابلۆیەکەوە کە دوو ژنی تر ئەوانیش هەر بە عەباوە لەبەردەم نوری سەعید دا راوەستاون، بەڕوونیی دیارە پیاوەکەی دەیەوێت لە مردن و گۆڕانکارییە حەتمییەکەی عیراق رابکات لەم سێ کەسە کامەیانە، گۆڕانکارییەک کە عیراقی لە حوکمی پاشایەتییەوە دەبرد بەرەو کۆماریی. لە مێژووی هونەری وێنەکێشاندا ئەو وێنە نەمرانە زۆرن کە بڕگەیەکی مێژوویی گرنگ و هەستیار پیشان دەدەن. لەنێو تابلۆ جیهانییەکاندا (خوڵقانی ئادەم)ی مایکل ئەنجیلۆ، (دواین نانی ئێوارە)ی لیۆناردۆ داڤینشی، (مردنی سوکرات)ی هونەرمەندی فەڕەنسی جاک لوی دێڤد و زۆری دیکە. لای خۆمان (کچەی کافرۆش) یەکێکە لەو تابلۆیانەی چیرۆکی بە تاڵان بردنی هەموو جوانی و سامانێکی کوردستان لە لایەن وڵاتانی ترەوە نمایشدەکات.
هەروەها تابلۆی (عومەری خاوەر) کە تراژیدیای لێدانی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی بۆ جیهان دەگێڕێتەوە و لە کارە هونەرییە هەرە غەمبارەکانی جیهانە. بە رای من هونەر ئەگەر ویژدانێکی زیندوو، یادەوەرییەکی تیژ و توانایەکی داهێنەرانەی هەبێت کاریگەرییەکی گەورەتر لە کتێبەکانی مێژوو لەسەر خەڵک و سەردەمە نوێیەکەمان بەجێ دەهێڵێت، تابلۆکان وەک لاپەڕەی هەردەم کراوەی مێژووی مرۆڤایەتین بە دیوارەکانەوە. دنیا پێشکەوتووە و کەسەکان پەلەیانە و بێ ئۆقرەن، کاتیان کەمە بۆ خوێندنەوە بەڵام بە چاوەکانیان سەرقاڵی خوێندنەوەی تابلۆی سەر دیوارەکانن، بیرەوەیشیان وەک داینەمۆیەک دەکەوێتە کار و دوێنێ و هەستەکانی ئەم ساتە و روانینەکان بۆ ئایندە، بەیەکەوە گرێدەدات. با گرنگیی بە پەیکەر و کەڤاڵ(تابلۆ)ی هونەرمەندە مەزنەکان بدەین، کە زۆر بە نەرمیی، دەخزێنە ناو گەنجینەی هز و باخەکانی دڵ و مێشکمانەوە.

وتارەکانی نوسەر