هـێزی نه‌رم

ئەنجومەنی هێزی نەرم لە بەریتانیا و هەمان نیگەرانیی

11:10 - 2025-07-07
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
242 خوێندراوەتەوە

لە جیهانێكدا، كە دوای ئەوەی لە زۆرینەی وڵاتەكانیدا باوەڕبوون بە هێزی نەرم كراوە بە كردار  و لەو پێناوەدا دامەزراوە و رێكخراو و ناوەندی بەرفراوان دروست كراون، كەچی سیمای گشتیی جیهان زاڵكردنی هێزی توندوتیژیی و زبریی و شەڕە، بەسەر سیمای نەرموونیانیی و ئاشتی و لەیەكتر تێگەیشتندا. لە وڵاتێكی وەك بەریتانیا، (ئەنجومەنی هێزی نەرم) دامەزراوە كە ئەندامەكانی كەسایەتییە دیارەكانی بواری رۆشنبیرین، سایتی (المجلة) وتارێكی گرنگی (كریستۆڤەر فلیبس)ی وەرگێڕاوە بۆ عەرەبی و چێژم لە خوێندنەوەی وەرگرت و حەزم كرد بۆ ئێوەی باس بكەم، نووسەری وتارەكە  مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی كوین ماری لە لەندەن، لە وتارەكەیدا دەڵێت: «پاش چەند مانگێك لە دامەزراندنی ئەنجومەنی هێزی نەرم، ئەندامە دیارەكانی لە رۆژنامەی (گاردیان)دا نیگەرانیی خۆیان خستۆتەڕوو سەبارەت بە سیاسەتی ئابووریی وڵاتەكەیان، كاتێك دەبینن بڕە پارەی زۆر و زەوەند بۆ پتەوكردنی (هێزی رەق)ی وەك بە هێزكردنی سیستمی بەرگریی (واتە سەربازی) تەرخان دەكرێت، بەڵام ئەو ناوەندانە فەرامۆش دەكرێن كە لەڕووی داراییەوە لە خانەی هێزی نەرمدان، وەك بی بی سی، زانكۆ و ناوەندی رووناكبیریی». دەتوانین بڵێین ئەم نیگەرانییە گشتگیر و تا رادەیەكیش جیهانییە، خۆ ئەگەر مەڵبەندی لەدایكبوونی تێزەكە، كە ئەمریكایە، بێ باكیی نیشان بدات بەرانبەر بە هێزی نەرم و گەرم و گوڕبێت لە سەپاندنی جۆرەكەی دیكەی هێزدا، ئەوا دەتوانین وەك كریستۆڤەر فلیپس، پێشبینیی ئەگەری ئاوابوونی خۆری ئەمجۆرە هێزە بكەین كە باوەڕی بە هێزی راكێشانی نەرمە بە گفتوگۆ و قەناعەت پێهێنان و پێچەوانەی باوەڕ بوونە بە زەبر و زەنگ و شەڕ و خوێنڕشتن.
دۆخی شەڕ لە جیهاندا بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وا دەخوازێت، هەمووان پارەكانیان بدەن بە درۆن و فڕۆكەی جەنگیی و تەكنەلۆژیای بەرگریی لە ئاسمان و زەمینیان، ئەو بڕە پارانەش بێگومان لە پشكی ئەو دامەزراوانە كەمدەكرێتەوە كە لە بنەڕەتدا بۆ برەودان بە هێزی نەرم دامەزرێندراون. سەبارەت بە هەرێمێكی وەك هەرێمەكەی خۆمان، کە نە پارەی تەواو هەیە بۆ پتەوكاردنی دامەزراوەكانی هێزی نەرم و نە هەیە بۆ برەودان بە هێزی رەق، مەگەر ئەو بڕە پارانە نەبێت كە هێزی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی دەنێرن یان حكومەتی عیراق بۆ مووچەخۆری كوردستانی دەنێرێت كە ئێستا خیشی كردووە و ناینێرێت. كورد لایەنگری نەرمییە، هیچ نەبێت لەم قۆناغە سەختەدا، باوەڕیشی بەو ئیدیۆمە هەیە كە دەڵێت: "بۆئەوەی شت بۆگەن نەكات خوێی پێوە دەكرێت، ئەی ئەگەر خوێ خۆی بۆگەنی كرد چی بكرێت؟".

وتارەکانی نوسەر