هـێزی نه‌رم

زۆربەی ئامێرەکان کۆن بوون تەلەفزیۆن نەبێت

09:49 - 2025-07-28
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
834 خوێندراوەتەوە

تەمەنم هەروا چوار پێنج ساڵ دەبوو کە ماڵی دایەگەورەم تەلەفزیۆنێکی رەش و سپی بچکۆلەیان کڕی و لەسەر مێزێکی تەختە لە حەوشە فێنک و فراوانەکەیان دایاننا. هەر لە عەسرەوە دایەگەورەم بە دایکم و پوورەکانمی وت: کچینە دەستوبردێکی لێبکەن و زوو خواردنی ئێوارە دابنێن، ئەم بەڵایەی کڕیوومانە گەڕەک و بانی سەرسام کردووە و هەمووان دەیانەوێت بێن و بزانن چییە. ماڵی نەنکم خۆیان خێزانێکی گەورە و کوڕ و کچەکانیشیان بە خۆیان و منداڵەکانیانەوە کە منیش یەکێک بووم لەوان، هەموو رۆژێ لەوێ بووین، کە خواردن دروست دەکرا وەک ماڵە مەولود جمەی دەهات، بەڵام ئەوە هیچ نەبوو لە چاو ئەو هەرایەدا کە دواتر تەلەفزیۆنەکە دروستی کرد. ئێوارەی یەکەم هێشتا سفرەمان کۆنەکردبۆوە، چەند منداڵ و مێردمنداڵێک وتیان سەلامو عەلەیکم!
پاش چارەکێک وەک باخچەی منداڵان و پۆلەکانی سەرەتایی تێکەڵ کرابن، لەبەردەم شاشەکەدا هەمووان بە بێدەنگی دانیشتن و سەیری ماوەی منداڵانیان کرد. هەندێ لە دراوسێکان لە دەرگاوە بە شەرمەوە سەرەتاتکێیان لە ئامێرە نوێکە کرد. ئەو رۆژە بڕوات و نەیەوە، چونکە منداڵەکان هەندێکیان تینوویان بوو، هەندێکیان توالێتیان پێویست بوو، هەندێک ئەوەندەی خۆڵەپەتانێ کردبوو کە رۆشت زەوییەکەمان سڕییەوە، نەخۆشیان تێدابوو رشایەوە و سەری دەئێشا کەچی هێشتا قایل نەدەبوو بەر لە تەواوبوونی (ئەفلام کارتۆن) بڕوات. نیوەشەو ماڵی (شێخژن) واتە دایەگەورەم دەرگایان داخست و لەگەڵ خاڵم تەلەفزیۆنەکەیان بردە ژوورەوە و ئەتەمینێکیان پیادا و وتیان تا ئێرە و بەس، ئیدی دایان نەگیرساند و کە خەڵکەکە بە لێشاو بەدوای یەکدا لە دەرگایان دەدا لە وەڵامدا وتیان بردمانەوە بۆ دوکانەکە. ئەمە وایکرد ئێمەش لە سەیرکردنی تەلەفزیۆن بێبەش بین، کە درەنگێکی شەو دایان دەگیرساند بێدەنگ دەکرا بۆ ئەوەی ئارامییەکەمان لێ تێکنەچێت و بەرپرسیارێتی چەندین منداڵی نەدیوو نە ناسیوو نەگرینە ئەستۆ، کە کەسوکاریان لێیان نەدەپرسینەوە و نەیان دەپرسی ئاخۆ لە کوێن. ئەم یادەوەرییە جەنجاڵەم لەگەڵ ئامێری تەلەفزیۆن وایکرد، هەرگیز وابەستە نەبم و دڵ و مێشکمی پێوە پەیوەست نەکەم، تەنانەت ئەو کاتەش کە تەلەفزیۆنی رەنگاورەگ داهات و هەر لە یەکەمەکان بووین لە بەدەستهێنانیدا. هەموو ئامێرێکی نوێ سەرنجمان رادەکێشێت و وایدەبینین لە قۆناغێکەوە دەمانبات بۆ قۆناغێکی پێشکەوتوو تر، بەڵام ئامێرەکانیش چەکێکی دووسەرەن، کاریگەریی باش و خراپیشیان هەیە. تەلەفزیۆن بۆ سەردەم و زەمانی خۆی کەسەکانی بەرەنگی خۆی رەنگڕێژ کردووە و دەکات، هەروەها کۆمپیوتەر و مۆبایل و لابتۆپ و تاب و هەموو داهێنراوە تەکنۆلۆژییە پێشکەوتووەکان، هەروەها درۆن و فڕۆکە بێ فرۆکەوانەکان و کۆمپانیاکانی زیرەکیی دەستکرد و هتد، هەموو ئەمانە بەردەوام گۆڕانیان بەسەردا دێت و شتی نوێ جێگەیان دەگرێتەوە، کەچی تەلەفزیۆن هەروەک خۆیەتی و کاریگەرییەکەی بەڕادەیەکە دایکم کە سەیری زنجیرەیەکی هیندی دەکات، دەڵێت: خەمتان نەبێت ئێستا (دایکە کریشنا) پاڵەوانی چیرۆکەکە رزگار دەکات. ئێمەش هەموو پێدەکەین و ئەویش دەڵێت: ئەوە خۆ خەریکە دەبم بە هیندییەکان!

وتارەکانی نوسەر