دەستەبەری کۆمەڵایەتی پاراستنی مافە، باج نییە

09:46 - 2024-07-10
ئەسرین محەمەد
152 خوێندراوەتەوە

ئەسرین محەمەد

 

پێویستە هەڵمەتەکانی هۆشیاری لەسەر پاراستنی مافەکانی کرێکاران بە خۆتۆمارکردن لە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی چڕ و زۆرتر بکرێت

دەستەبەری کۆمەڵایەتی پاراستنی مافی هەموو ئەو کەسانەیە بەیاسا، کە لە کەرتی تایبەت کاردەکەن.
بەپێی یاسا ئەگەر کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرابێت، هەموو مافێکی کارمەندی کەرتی گشتیی هەیە، وەک قەرەبوو، خانەنشینی، پێکان لەسەر کار، پاداشتی کۆتایی خزمەت کە بریتییە لەو بڕە پارەیەی، بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەیدات بە کەسی دەستەبەرکراو لەکاتی کۆتایی هاتنی خزمەتەکەى لە کەرتی تایبەت، ئەگەر مەرجەکانی خانەنشینی نەیگرتەوە.
بەپێی یاسای ژمارە 39ی ساڵی 1971 کە بە یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2012 هەموار کراوەتەوە، هەموو ئەو کرێکارانەی کە لە کەرتی تایبەت کار دەکەن پێویستە دەستەبەرییان بۆ بکرێت، ئەو خاوەنکارەی خۆی لە دەستەبەری دەدزێتەوە بە سەرپێچی یاسایی بۆ هەژمار دەکرێت و سزادەدرێت.
لە یاسای دەستەبەریی کۆمەڵایەتیدا هاتووە: هەر کرێکارێکی ژن 20 ساڵ کاری کردبێت، دەستەبەریی بۆ کرابێت و تەمەنی گەیشتبێتە 55 ساڵ، هەروەها هەر کرێکارێکی پیاو 25 ساڵ کاری کردبێت، دەستەبەریی بۆ کرابێت و تەمەنی گەیشتبێتە 60 ساڵ وەک هەر فەرمانبەرێکی حکومەت خانەنشین دەبێت.
جگە لە مافی خانەنشین بوون، لە یاسای دەستەبەریی کۆمەڵایەتیدا باس لە کاتەکانی کارکردنی کرێکارانی کەرتی تایبەت کراوە و هەر خاوەن کارێک لە هەشت سەعات زیاتر کار بە کرێکارەکانی بکات، دەبێت پارەی ئەو کاتە زیادەیەیان بداتێ و پارەکە بۆ شەو و رۆژ جیاوازە، خۆ ئەگەر پێی نەدرا دەتوانێت لە دادگای کار سکاڵا لەسەر خاوەن کارەکەی تۆمار بکات.
بەپێی یاسا بۆ دەستەبەریی کۆمەڵایەتیی 5 ٪ لە مووچەی کرێکار دەبڕدرێت و خاوەنکاریش 12 ٪ی بۆ کرێکارەکە لێ دەسەنرێت و پێکەوە دەخرێنە سندووقی دەستەبەریی کۆمەڵایەتییەوە.
سەرەڕای ئەو هەموو باشییەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنی مافەکانی کرێکارانی کەرتی تایبەت، بەڵام بەهۆی نەبوونی هۆشیارییەوە لەناو کرێکاراندا وادەزانن ئەو دەستەبەرییەی بۆیان دەکرێت باجە بۆیە بەشێکی کەمیان پێوەی پابەندن و خۆیان تۆمارکردووە، یاخود لەکاتی گرێبەستی کار نایکەنە مەرج لەسەر خاوەن کار دەستەبەرییان بۆ بکات، هەندێک لە کرێکارانیش هیچ زانیارییەکیان لەسەر دەستەبەری کۆمەڵایەتی نییە و هیچی لەبارەوە نازانن.
بەپێی ئامارێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێم ، 144 هەزار و 930 کرێکار دەستەبەری کۆمەڵاتییان بۆ کراوە، لەکاتێکدا ژمارەی کرێکارانی کەرتی تایبەت زۆر لەو ژمارەیە زیاترە.
لەسەر بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە شارەکان پێویستە هەڵمەتەکانی هۆشیاری لەسەر پاراستنی مافەکانی کرێکاران بە خۆتۆمارکردن لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان چڕ و زۆر بکەن، بۆئەوەی سەرجەم فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت دوای چەندین ساڵ کارکردن دەستبەتاڵ نەبن، لەسەر حکومەتیش پێویستە بە یاسا رێکاری توند بگرێتەبەر بەرامبەر ئەو خاوەن کارانەی دەستەبەری بۆ کرێکارەکانیان ناکەن.

وتارەکانی نوسەر