فریای خێزانی منداڵانی ئۆتیزم بکەون

09:45 - 2024-08-07
ئەسرین محەمەد
128 خوێندراوەتەوە

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی زیاتر لە چوار هەزار منداڵی توشبوو بە ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و ژمارەکە بەردەوام لە زیادبووندایە.
بۆ ئەو ژمارە توشبووە تەنها شەش سەنتەری راهێنانی حکومی هەیە و لەبەرئەوەی توانای وەرگرتنی منداڵیان سنووردارە، تەنها %10 توشبووانی ئۆتیزم دەتوانن لەو سەنتەرە حکومییانەدا راهێنان وەربگرن، باقی منداڵانی دیکە بۆ راهێنان یان دەبێت بچنە سەنتەری ئەهلی یان دۆخی دارایی خێزانەکان باش نییە و لەماڵەوە دەناڵێنن.

 لەسەر لایەنی بەرپرس لە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی پێویستە، کاربکات بۆ دابینکردنی مووچە بۆ منداڵانی  ئۆتیزم

دۆخی منداڵانی ئۆتیزم تایبەتە و حاڵەتی توشبوویەک لە دانەیەکی تر ناچێت، لەبەرئەوەی توشبووەکان گرفتیان هەیە لە مامەڵەی رۆژانەدا لەگەڵ چواردەوریان، ئەوەش دۆخی خێزانەکانیانی قورس کردووە کە ناچارن کەمتر تێکەڵاو ببن و بەردەوام لە ماڵەوە لەگەڵ دۆخی نا ئارامی منداڵەکەدا بژین، ئەوەش کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر دەروونی دایک و باوکەکان دروست کردووە، هەروەها بەهۆی فشاری کۆمەڵگە و قورسیی دۆخی ژیانیان، دەیان خێزانی خاوەن منداڵی ئۆتیزم لەیەک هەڵوەشاونەتەوە.
بە وتەی شارەزایان تاکە رێگەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ توشبوانی ئۆتیزم راهێنانە، لە هەرێم دەیان سەنتەری ئەهلی بە جۆر و کوالێتی جیاواز هەیە بۆ راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم، کە نرخ بۆ هەر منداڵێک بە وتەی  کەمال جەباری سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان״ لەنێوان 300 دۆلار بۆ 1200 دۆلاردایە״. ئەمە دۆخی خێزانی منداڵانی ئۆتیزمی زۆر گران کردووە، لەبەرئەوەی هەموان دەزانین بژێوی ژیان چەندە قورس بووە و ئاستی دارایی زۆربەی خێزانەکان باش نییە، خۆ ئەگەر منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتیشت هەبێت ئەوە دۆخەکە دوو ئەوەندە گرانتر دەبێت.
 ئەوە لە کاتێكدایە بەپێی لێدوانی سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، رێژەی 11 % منداڵانی ئۆتیزم مووچەی مانگانەیان هەیە، لە ساڵی 2012ەوە راییکردنی مامەڵەی پێدانی مووچە بۆ منداڵانی ئۆتیزم لە وەزارەت راگیراوە کە 150 هەزار دینارە، لەگەڵ ئەوەی بڕەکەی لە ئاستی پێویستدا نییە، بەڵام هاوکارییەکی باشە بۆ خێزانەکان بۆ ئەوەی بتوانن بەشێک لە پێداویستییەکانی منداڵەکەی پێ دابین بکەن.
بۆیە لەسەر لایەنی بەرپرس لە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی پێویستە، بە زویی کاربکات بۆ دابینکردنی مووچە بۆ منداڵانی ئۆتیزم، حکومەت ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرێت و ژمارەی سەنتەرە حکومییەکان زۆر بکات لە شار و شارۆچکەکاندا، هەروەها پێداچوونەوەیەکی ورد بە کوالێتی سەنتەرە ئەهلییەکاندا بکاتەوە و نرخێکی دیاریکراویان بۆ دابنێت، بۆ ئەوەی چیتر نەتوانن بازرگانی بە منداڵانی ئۆتیزمەوە بکەن.

وتارەکانی نوسەر