بۆ رەخنەمان بە زمانی گوڵ نابیستن؟

09:41 - 2024-08-29
ئەسرین محەمەد
92 خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە پەرۆشیی بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بۆ بەرچاوی لێپرسراوان لاپەڕەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە بۆ خستنەڕووی کەمیی خزمەتگوزاری کۆڵان، گەڕەک، شەقام، گوند، قەزا، ناحیە و شارەکانی هەرێمی کوردستان و لە ماوەی رابردوودا کێشە و گرفتی کەمیی خزمەتگوزاری 30 گوند و گەڕەکی جیاوازی خستووەتە بەرچاوی لێپرسراوان بە ئامانجی چارەسەرکردنیان.

مافی سەرەکی هەموو هاووڵاتییەکە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیانی بۆ دابین بکرێت، نەک هاوار بکات بۆ جێبەجێ کردنیان

سەرجەم گرفتەکانی هاووڵاتیان کەمیی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانە وەک، خراپی تۆڕی ئاو  و کەمی ئاوی خواردنەوە، نەبوونی موەلیدە و کەمی کارەبای نیشتمانی، خراپی رێگەوبان، قیرتاونەکردنی کۆڵان و گەڕەکەکان، نەبوونی ئاوەڕۆ، نەبوونی قوتابخانە و نەخۆشخانە و باخچە و چەندین گرفتی دیکە، کە مافی سەرەکی هەموو هاووڵاتییەکە ئەو پێویستییانەی بۆ دابین بکرێت، نەک هاوار بکات بۆ جێبەجێ کردنیان.
سەرجەم کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بە ئەسپایی ئاڕاستەی لایەنە بەرپرسەکان کراوە و ئەوەی دەبینرێت تەنها شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی هاتوونەتە سەر خەت و تاڕادەیەک بەدواداچوونیان بۆ گرفتەکان کردووە و بە رێژەیەکی کەم، دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاووڵاتیان، بەڵام بەشی زۆری فەرمانگە و وەزارەتە بەرپرسەکان هیچ گوێیان لە رەخنەگرتن بە زمانی گوڵ نییە.
لایەنە بەرپرسەکان لە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکانی، کارەبا، پەروەردە، تەندروستی، ئەوقاف، وەرزش و لاوان، رێگەوبان و هاتوچۆ، سەرەڕای خستنەڕووی گرفت و کێشەی سەدان هاووڵاتی لە شار و گوندەکان هیچ بەدواداچوونیان نەکردووە، وادیارە بە رەخنەگرتن بە توندی بەئاگا دێنەوە.
لەکاتێكدا ئەو بەرپرسە بەڕێزانە بۆیە پۆستیان پێ دراوە و لێپرسراوێتییان هەیە، بۆ ئەوەی خۆیان بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بکەن، بەبێ پێوتن و ئاگادارکردنەوە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، لەبەرئەوەی مێژوو رەحم بە کەس ناکات و تەنها ناو و ناوبانگی ئەو کەسانە بەباشی دەمێنێتەوە، ئەو ماوەیەی کارێکیان لە ئەستۆدایە دڵسۆزانە رایدەپەڕێنن.
بۆ ئەوەی گوندەکان رەنگین و ئاوەدان بێت و گوندنشینان چۆڵی نەکەن بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچن و خزمەتگوزارییان پێشکەش بکەن، هاووڵاتیان لەناوشار بۆئەوەی شارستانییانە بژین دەبێت بەدوای خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا رانەکەن، کەواتە بەرپرسان وەک ئەرکی سەرشانتان قۆڵی لێ هەڵماڵن و لە خزمەتی هاووڵاتیاندابن، با لەوە زیاتر دەنگ هەڵنەبڕن و رەخنەکان توند نەبن.

وتارەکانی نوسەر