وەزیری پەروەردە چاوت لە خوێندنی باڵایە؟

10:02 - 2024-11-05
ئەسرین محەمەد
108 خوێندراوەتەوە

ئەسرین محەمەد

بڕیاری داشکاندنی خوێندن لە پارالێڵ و زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکان، هاوکارێکی باشی خوێندکارانە بۆ بەردەوامیدان بە خوێندن و شایانی چاولێکردنە بۆ قۆناغەکانی دیکەی خوێندنیش

 

بە لەبەرچاوگرتنی خراپیی دۆخی دارایی هاووڵاتیان بەهۆی پێنەدانی مووچە لەکاتی خۆیدا و بێ بازاڕی و بێکاریی لە هەرێمی کوردستان، چەند ساڵێکە د.ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم بە فەرمانی وەزاریی تایبەت، بڕیاری داشکاندنی کرێی خوێندنی ئێواران و پارالێل بۆ دبلۆم و بەکالۆریۆس و دبلۆمی  باڵا و ماستەر و دکتۆرای لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم دەرکردووە بە رێژەی لە %40  و ئەم بڕیارە بۆ ئەمساڵی خوێندنیش بەردەوام دەبێت.
ئەو بڕیارەی وەزیری خوێندنی باڵا هاوکارێکی باشی خوێندکارانە، بۆ بەردەوامیدان بە خوێندن و شایانی چاولێکردنە بۆ قۆناغەکانی دیکەی خوێندنیش.
لە هەرێمی کوردستان تەنها زانکۆ و پەیمانگەی ئەهلی نییە، بەڵکو بەپێی یاسای ژمارە 14 ساڵی 2012 رێگە دراوە بە بوونی قوتابخانەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان. بەپێی ئامارێک ئێستا شەش هەزار و 810 باخچەی ساوایان و قوتابخانەی ئەهلی لە شارەکانی هەرێمدا هەیە کە خوێندکاران لە قۆناغی باخچەی ساوایانەوە تا پۆلی 12ی ئامادەیی لێی دەخوێنن.
لە هەرێم کرێی خوێندن لە باخچە و قوتابخانە ئەهلییەکان لە نێوان 300 دۆلار تا چوار هەزار دۆلاردایە، بڕی پارەکە بەپێی کوالێتی خوێندن تیایاندا جیاوازە، ئەوە جگە لە کرێی هاتوچۆی خوێندکاران، کڕینی جلوبەرگ و پێداویستی خوێندن، خواردن و هەندێک چالاکی دەرەوەی قوتابخانە کە ئەوانیش لە سەرووی کرێی خوێندنەوە ئەرکێکی دیکەن لەسەر شانی دایک و باوکی خوێندکاران و لە کاتی داواکردنیدا پێویستە بدرێتە ئیدارەی باخچە یاخود قوتابخانەکە.
بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2024 - 2025، یەک ملیۆن و 797 هەزار قوتابی بەشداریی پرۆسەی خوێندن دەکەن، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 132 هەزار و 135 قوتابی لە خوێندنگە ئەهلییەکاندا دەخوێنن.
 هەرچەندە سەرجەم خوێندکارانی هەرێم دەرفەتی خوێندیان بۆ رەخساوە لە باخچە و قوتابخانە حکومییەکاندا و خوێندن لە باخچە و قوتابخانە ئەهلییەکان بەپێی خواستی خێزانەکانە، بەڵام دایک و باوکی خوێندکارانی خوێندنی ئەهلی گلەییان لە زۆریی کرێی خوێندن هەیە و داوا دەکەن وەزیری پەروەردە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی هاووڵاتیان بڕیاری داشکاندنی کرێی خوێندن بدات و دەڵێن، تازە منداڵەکانمان لەو قوتابخانە ئەهلییانە، لەگەڵ هاوڕێ و مامۆستاکانیان راهاتوون و بە هەر نرخێک بێت پێویستە لەوێ درێژە بە خوێندن بدەن، بەڵام بەهۆی زۆریی کرێی خوێندنەوە دۆخێکی دارایی قورسمان بۆ دروست بووە و پێویستە لەسەر وەزیری پەروەردە هاوشێوەی خوێندنی باڵا بە رێژەیەک بڕیاری لێخۆشبوون بۆ کرێی خوێندن لە باخچە و قوتابخانە ئەهلییەکاندا بدات. 

وتارەکانی نوسەر