پاڵنەرەكانی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا

10:03 - 2024-07-11
فەرید دڵشاد
244 خوێندراوەتەوە

لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا سوپای توركیا دەستی بە ئۆپراسیۆنێكی نوێ كردووە لە ناو خاكی هەرێمی كوردستاندا، لەگەڵ بەردەوامی هێرش و لەشكركێشییەكانیش، رۆژ بە رۆژ بنكە سەربازی و هەواڵگرییەكانی توركیا لەسەر خاكی هەرێم زیاتر دەبن و هەمووشیان  لە نزیكی سنووری نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندان، پێشبینییەكانیش بەو ئاڕاستەیەن كە ئەم ئۆپەراسیۆنە جیاوازتر دەبێت لەوانی تر.

خراپیی رەوشی ئابووریی توركیا، پاڵنەرێكی ترە بۆ ئۆپەراسیۆنەكە، هەڵئاوسانێكی زۆر و دابەزینی بەهای لیرە و قەرزی دەرەكی كە هیچ بانکێكی دەرەوە ئامادە نەبوون قەرز بدەنە توركیا

توركیا ئەمجارە بۆ لەشكركێشییەكەی هاوپەیمانیی فراوانی دروستكردووە، تەنانەت هاتنی ئەو هێزە زۆرە بۆ ناو خاكی هەرێم دەرخەری ئەوەیە، كە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكراوە، چونكە لە رابردوودا خودی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی عیراقی كردووە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی و هەندێک لە حزبە سیاسییەكانی عیراق و هەرێم و دەزگا هەواڵگرییەكان كۆبۆتەوە، كە ئەمانە رێگە خۆشكەربوون بۆ هاتنی سوپای توركیا بۆ خاكی هەرێم.
لەسەر ئاستی ئیقلیمی، توركیا هەنگاوی نوێی ناوە بۆ ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سوریا و تەنانەت پێدەچێت لە كاتی سەردانەكەی ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا بۆ ئەنقەرە و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان بەشار ئەسەدیش ئامادەی كۆبوونەوەكە بێت، ئامانج لەم هەوڵەی ئەردۆغانیش بۆ نزیكبوونەوە لە سوریا كردنە ئامانجی دامەزراوەكانی پەكەكە و پەیەدە و هەسەدە لە عیراق و سوریا و لەناوبردنی ئەو كیانەیە كە لە رۆژئاوای كوردستان هەیە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، توركیا دەیەوێت ئەو گرژیانەی روودەدەن لە بەرژەوەندیی خۆی بیقۆزێتەوە، بەتایبەتی توندبوونەوەی ئەو جەمسەر بەندییەی لە نێوان خۆرئاوا و خۆرهەڵات هەیە لە نێوان روسیا و ئەمریكا و بوونی جەنگی ئۆكرانیا كە مەترسی تەقینەوەی زیاتری دۆخەکەی لێدەكرێت. 
هەموو ئەو ئاڵۆزیانە كەلێنێكی بۆ ئەنقەرە دروستكردووە، كە خەریكی بەدیهێنانی ئامانجەكانی بێت لە ناوچەكە یەكێكیش لەوانە چڕكردنەوەی هێرشەكانە بۆ سەر پەكەكە و لەشكركێشی بۆ ناو خاكی هەرێم.
رەوشی ناوخۆی توركیا یەكێكی ترە لە پاڵنەرەكانی بۆ لەشكركێشییەكە، بە تایبەتی ئەو جەمسەرانەی لە دوای هەڵبژاردنەكانەوە دروستبوون و  نەخشەی سیاسی توركیای گۆڕی و پارتی كۆماریی گەل، وەك هێزی یەكەم دەركەوت و پارتی داد و گەشەپێدان شكستیهێنا، هەربۆیە ئەردۆغان دەیەوێت بەم لەشكركێشیە ئەو شكستە بیر خەڵك بباتەوە بە دروستكردنی دوژمێنكی دەرەكی و پێیان بڵێت مەترسی لەسەر ئاسایشی توركیا هەیە و تەنها ئەو دەتوانێت توركەكان بپارێزێت.
خراپیی رەوشی ئابووریی توركیا، پاڵنەرێكی ترە بۆ ئۆپەراسیۆنەكە، هەڵئاوسانێكی زۆر و دابەزینی بەهای لیرە و قەرزی دەرەكی كە هیچ بانێكی دەرەوە ئامادە نەبوون قەرز بدەنە توركیا، وایكردووە ئێستا ئەردۆغان نەتوانێت وەك رابردوو باسی گەشەی ئابووری بكات، تەنها دۆسێی پەكەكەی بەدەستەوە ماوە، بیکاتە کارتی خۆدەرخستنەوەی.
ئامانجی كاتیی توركیاش لە ئۆپراسیۆنەكە كۆنتڕۆڵكردنی هەردوو ناوچەی (هەفتانین ‌و مەتینا)یە كە هەردووكیان بە بەدوو ناوچەی ستراتیژی دادەنرێن بۆ جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە داهاتوودا.

وتارەکانی نوسەر