دوو قەڵەم، لە ستایشێكی پێویستدا!

10:19 - 2024-07-14
مەریوان مەسعود
363 خوێندراوەتەوە

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، دوو دیاردەی نوێم لە ناوەندی رووناكبیریی كوردیی بەدیكرد، كە جێگای دڵخۆشی و دەستخۆشییە لە یەككاتدا، ئەویش فرۆشتنی موڵك و ماڵی شەخصییە بۆ چاپكردنی كتێب و بەرهەمی رووناكبیریی كە ئەم دیاردەیە تا ئێستا لە مێژووی رووناكبیریی و نووسینی كوردییدا بێ‌ وێنەیە و نەمبیستووە روویدابێت، چونكە بەداخەوە بەردەوام توێژی نووسەران و هونەرمەندان و رۆژنامەنووسان، یان باشترە بڵێم رووناكبیران بە گشتی، توێژێكی هەژارن و هەرگیز نووسەری دەوڵەمەندم نەبینیوە، بەڵكو بەداخەوە بەردەوام چاویان لەوە بووە دامەزراوەیەك یان كەسایەتییەك بەرهەمەكانیان بۆ چاپ بكات !.
بەڵام هەریەك لە مامۆستایان، مومتاز حەیدەری و نەجمەدین عەزیز سمایل، توانیان هەنگاوێكی گەورە و بێ‌ پێشینە بهاوێن، لەم ناوەندەدا چونكە هەردووكیان خانوو و زەوی تایبەتی خۆیان فرۆشت و كتێبیان پێ‌ چاپكردو  كتێبەكانیشیان كردە دیاری بۆ خوێنەران بە خۆڕایی !.
ئەگەرچی ئەم دوو زاتە و نووسەرە هەولێرییە، كارەكەیان جیاوازە، بەڵام لە ئەنجامدا هەردووكیان موڵك و ماڵی خۆیان بۆ كتێب چاپكردن فرۆشتووە !. چونكە مامۆستا مومتاز حەیدەری كتێبێكی (19) بەرگی بەناوی (رەوسەی قەڵەمەكەم) چاپ و بڵاوكردەوە لە بۆكسێكی ناوازەدا، كە سەرجەم بەرهەمە رۆژنامەوانی و رووناكبیرییەكانی خۆی لە خۆگرتووە و یەكێكە لەو (بۆكس كتێب)انەی كە دەبێتە سەرچاوە بۆ چەندین نەوەی داهاتوو. 
بەڵام كارەكەی مامۆستا نەجمەدین عەزیز سمایل، كە یەكێكە لە بێژەر و رووناكبیرە دێرینەكانی ئێزگەی كوردی لە بەغدا لە حەفتاكان، جیاوازە و پیرۆزیی خۆی هەیە، كە بە فرۆشتنی موڵك و ماڵی خۆی، كتێبێكی (10) بەرگی چاپكردووە بەناوی (خۆم و ئەستێرە گەشەكان)، كە یەكێكە لە ئینیسكلۆپیدیا مەزنەكان كە هەمووی تەرخانكراوە بۆ ناساندن و پێناسەكردنی ژیان و بەرهەم و بەخششەكانی نووسەر و هونەرمەند و رووناكبیر و منەوەرانی كورد، چ ئەوانەی كۆچیان كردووە، چ ئەوانەی لە ژیاندا ماون، ئەم (10) بەرگە، مامۆستا نەجمەدین بە جوهدی خۆی و لە رێگەی پەیوەندی خۆیەوە بۆ رووناكبیران ئامادەی كردووە، نووسین و چاپكردن و دیزاینكردن و تا دەرچوونی لە چاپخانەش هەمووی لەسەر ئەركی خۆی بووە، كە ئەمەش بێ‌ وێنەیە لە مێژووی نووسین و چاپ لە كوردستاندا.
مامۆستا مومتاز حەیدەری، كە قەڵەمێكی هێمن و پڕ ئەزموون و رۆژنامەنووسێكی دێرین و پڕ زانیارییە، بەم كتێبە (19) بەرگییەی توانیویەتی ببێتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ هەموو رۆژنامەنووسان و نووسەرانی كورد كە چۆن بنووسن و كەی بنووسن و بۆ بنووسن ؟.
بێگومان، ئەزموونەكەی مامۆستا نەجمەدین عەزیز سمایل-یش جگە لەستایش هیچی تر هەڵناگرێت، كە بەهیوام هەردووكیان تەمەندرێژ و تەندروست بن، چونكە پێمخۆش بوو تا هەردووكیان لە ژیاندان و لەژێر سێبەری قەڵاكەی هەولێردان، ئەم نووسینە بچووكە، بۆ گەورەییان بنووسم .

وتارەکانی نوسەر