خۆمانە و خێزانیی

ئەی تۆ چۆنی؟

10:25 - 2024-07-14
رۆزا دڵشاد مەریوانی
154 خوێندراوەتەوە

(10)

زۆرجار باس لە کێشە و ناکۆکییە خێزانییەکانی نێوان ژن و مێرد دەکرێت کە تاچەند کاریگەریی خراپی لەسەر منداڵ هەیە، بێگومان ئەو راستییە نکوڵی لێ ناکرێت، بەوەی منداڵ ئەگەر لە تەمەنێکی بچووکدا بێت لە دۆخێکی ناسکدایە، چونکە بەشێکی زۆری کەسێتی مرۆڤ لەو پێنج ساڵەی تەمەنیدا دروست دەبێت، بۆیە کێشە خێزانییەکان کاریگەریی وێرانکەریان لەسەر منداڵ دەبێت، بەهەمانشێوە ئەگەر هەرزەکار بێت بە جۆرێکی دیکە کاریگەری دەبێت و دووچاری چەندین کێشەی دەروونیی و رەفتاریی دەبێت، بەڵام ئەوەی زۆرجار لەو دۆخانەدا لەبیر دەکرێت ژنە.
ئایا ئەو ژنەی بەشێکی زۆر لە ساڵانی گەنجێتی لە کێشە و ناکۆکیی و بگرە توندوتیژیدا بەسەر دەبات دۆخی چۆن دەبێت؟ زۆربەیجار نە خێزان و نە کۆمەڵگە بیر لەو ژنە ناکەنەوە، لەوەی ئەو هەموو ناجێگیرییە لە ژیانی خێزانیدا تووشی چ جۆرە گرفتێکی دەروونی کردووە، هەمیشە دەوترێت لەبەر منداڵەکان ئەمە بکە و ئەوە مەکە، بەڵام کەسێک نییە بڵێت بیرێک لە خۆت بکەرەوە لەو ژیانەی یەکجار تێیدا دەژیت و گەنجێتیت تێیدا بەهەدەر رۆیشتووە، کەسێک ناپرسێت ئەی تۆ چۆنی؟ رەنگە زۆرێک لەو ژنانەی لەو دۆخەدان کاتێک بەڕاستیی لێیان دەپرسیت «ئەی تۆ چۆنی؟» دەریایەک لە ناخیاندا بتەقێتەوە و زۆرێک لە خەم و ئازارەکانیان هەڵبڕژن و بەشێکی زۆر لەو بارە قورسەی بەسەر شان و دەروونیانەوەیە سووک ببێت.

 

ئەو ژنانەی لە پەیوەندییەکی ژەهراوی رزگاریان بووە، چارەسەری دەروونییان بۆ دەکرێت، زۆرجاریش تەنیا گوێگرتنە لێیان بۆ هەڵڕشتنی ترس و ئازارەکانیان

 

ئەوەی لای ئێمە هێشتا عەیبەیە و لە وڵاتان ئاساییە، ئەوەیە ئەو ژنانەی لە پەیوەندییەکی ژەهراوی رزگاریان بووە، چارەسەری دەروونییان بۆ دەکرێت، ئەوەش زۆرجار تەنیا گوێگرتنە لێیان بۆ هەڵڕشتنی ترس و ئازارەکانیان، هاوکات تێكەڵاویی خێزانەکان یان بوونی هاوڕێ لە کۆمەڵگەیەکی وەک ئێمەدا بە رای من دەکرێت ئەو رۆڵە بگێڕێت و تەنیا رێگەچارە بۆ ژیانی منداڵەکانی دانەنرێت، وەک ئەوەی ئەو ژنە لە گۆشت و خوێن نەبێت و جگە لە دایکایەتی هیچ رۆڵێکی دیکەی نەبێت، بەڵکو وەک مرۆڤێک دوور لە هەموو بابەتەکانی دیکە کەسێک هەبێت گوێی لێبگرێت بۆ هەڵڕشتنی ناخی خۆی و دۆزینەوەی رێگەچارە وەک ژنێک دوور لە مەسەلەی دایکایەتی، چونکە دواجار ئەوە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی ژنەکە وەک مرۆڤێک پاشان وەک دایکێک کە بتوانێت بە دەروونێکی تەندروستەوە درێژە بە ژیان و پەروەردەکردنی منداڵەکانی بدات.  

وتارەکانی نوسەر