״كار بۆ نەهێشتنی شوێنەواری دوو ئیدارەیی دەكەین، بەڵام بەداخەوە كۆسپ بۆ حكومەت دروستكراوە״ ئەمە وتەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە 15/1/2023 لە سایتی رەسمی حكومەتی هەرێم بڵاوكراوەتەوە، ئەو لە لێدوانەكانیدا لەگەڵ داننان بە بوونی دوو ئیدارەیی، باس لە هەوڵەكان دەكات بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، لە میدیای رەسمی حكومەتدا بە ئاشكرا هەست بە جیاكاری لە نێوان دەڤەری سەوز و زەردا دەكرێت.
بەپێی ئامارێک لە 1/1/2024 بۆ 30/6/2024 پەیجی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار 87 پۆستی لەسەر سنووری هەولێر كردووە، لەبەرامبەردا تەنها 21 پۆستی لەسەر سنووری سلێمانی كردووە بە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانیشییەوە، بەمەش جیاكارییەكەی زەق دەبینرێت لە پۆستەكاندا
ئەگەر چاوێك بخشێنیتەوە بەو پەیجە رەسمییانەی حكومەت سەرپەرشتی دەكات دەبینین لە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و بابەتەكانیاندا لە ڤیدیۆ و وێنەكاندا بە روونی پێوەیان دیارە ریكلام بۆ هەولێر دەكەن و سلێمانیان پشتگوێ خستووە، ئەگەر پەیجی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار وەربگرین بە نمونە كە وەزیرەكەی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە لە بڵاوكردنەوەی بابەتەكانیدا لە پەیجی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی هەولێر دەچێت نەك وەزارەتی شارەوانی.
ئێمە لەناو پەیجەكانی سەر بەحكومەت سامپڵێكی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵی پەیجی وەزارەتی شارەوانیمان وەرگرت بۆ پۆستانەی كردویانە، بەپێی ئامارەكە لە 1/1/2024 بۆ 30/6/2024 پەیجی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار 87 پۆستی لەسەر سنووری هەولێر كردووە، لەبەرامبەردا تەنها 21 پۆستی لەسەر سنووری سلێمانی كردووە بە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانیشییەوە، بەمەش جیاكارییەكەی زەق دەبینرێت لە پۆستەكاندا.
ئەو پۆستانەشی كە وەزارەتی شارەوانی كردوویەتی لەسەر هەولێر بەگشتی بریتیبوون لە (قیرتاوكردن و سەوزكردنی شەقامەكان، چاندنی نەمام، چارەسەركردنی خاشاك، خەرجكردنی پارە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، دروستكردنی پارك و قوتابخانە و نەخۆشخانە، كردنەوەی پێشانگا، چارەسەركردنی كێشەی زەویوزار، پیشاندانی دیمەنی ناوچە گەشتیارییەكانی...هتد) من دەپرسم ئەو جۆرە چالاكییانەی دانراون لە سنووری سلێمانی-ش بوونیان نییە؟ یان خۆتان جیاكاری دەكەن و ناتانەوێت باسی بكەن.
بەپێی پۆستەكانی پەیجی وەزارەتی شارەوانی بێت زۆری ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانە لە هەولێر مانای ئەوە دەگەیەنێت كە لە رووی دانانی پرۆژەكانەوە غەدر لە سنووری سلێمانی كراوە، ئەگەر واش نییە ئەوا لە پۆستەكانیاندا دوو ئیدارەیی پەیڕەو دەكەن و باسی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنووری سلێمانی ناكەن و تەنها پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە سنووری هەولێر زەق دەكەنەوە.
ئەم جیاكارییە تەنها لە پەیجی وەزارەتی گەشت و گوزاردا نابینرێت بەڵكو گشت پەیجەكانی حكومەتی هەرێمی گرتووەتەوە، كە تەنها ریكلام بۆ دەڤەری زەر دەكەن، تەنانە بڕۆن سەیری پۆستەكانی پەیجی رەسمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن، هەموو چالاكییەكانی سەرۆك وەزیران بڵاودەكاتەوە، تەنانەت بە یەك هەواڵ باسی كار و چالاكییەكانی جێگری سەرۆكی حكومەتی نەكردووە، وا باشترە ئەو پەیجە ناوبنرێت پەیجی سەرۆكی حكومەت نەك حكومەتی هەرێمی كوردستان.
بەڕێز مەسرور بارزانی ئەگەر ئێوە دەڵێن، رێگری دەكرێت لەوەی ئاسەواری دوو ئیدارەیی نەهێڵین فەرموو لە پەیجەكانی حكومەتەوە دەستپێبكە، خۆ ئەمەیان جێبەجێكردنی بریار و رێنماییەكان نییە كە هێشتا ئاسەواری دوو ئیدارەیی پێوە دیارە، بەڵكو ئەو پەیجانەیە كە لای خۆتانەوە بەڕێوەدەبرێن.