دانا لوقمان بۆتانی
هەڵبژاردن دەبێتە دەرچەیەک بۆ گۆڕانکاری لە پۆستە ئـیدارییەکان و رێکخستنەوەی بەڕێوەبردن و پاراستنی ئـەزموونی سیاسیی هەرێمی کوردستان
قەوارەی هەرێمی کوردستان لەماوەی رابردوودا، زۆرترین گرفت و ئـاڵەنگاری رووبەڕووی بۆوە، لەلایەک پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند، لەلایەک ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پرسی مووچە و بەم دواییەش لەشکرکێشییەکانی تورکیا مەترسی نوێبوون و پرسیاری خستە سەر سەروەریی خاک و قەوارەی هەرێمی کوردستان.
نە کۆبوونەوەکان چارەسەری ریشەیی کێشەکانی کرد نە ئـیرادەیەکی باڵاش دروستبوو تا هەموو مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دوور بخاتەوە!
كەواتە چارەسەری سەرەکی بۆ ئـەم قۆناغە هەڵبژاردن دەبێت، هەڵبژاردنیش گرنگی تایبەتی خۆی دەبێت، چونکە دووبارە هەیکەلی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان دادەڕێژێتەوە.
کورد دەتوانێت لە حکومەتی نوێی ئایندەدا، لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە و رۆڵی هەبێت و بە کردەیی چارەسەری سەرجەم کێشە ناوخۆییەکانی خۆی بکات، چونکە بەهێزبوون و توندوتۆڵیی سیاسەتی ناوخۆیی، یارمەتیدەر بێت کە هەرێمی کوردستان لەسەر سیاسەتی دەرەکی و نێودەوڵەتی خۆشی بەهێزتر بێت .
گریمان، حکومەتێکی یەکگرتوو پێکهێنراوە و هەیکەلی حکومڕانی، سیاسەتێکی سەردەمییە و لایەنە سیاسییەکان پەڕاوێکی هاوبەشیان هەیە و کۆکن لەسەر بودجە و مووچە و سنوورەکان و تێکنەدانی ئـاسایشی هەرێم، بەڵام ئایا کێشەکان چارەسەر نابن و خەڵکی ناوچە دابڕاوەکان رووبەڕووی تەعریبی نوێ و ئـازاردان دەبنەوە؟ ئایا سەروەریی خاک بە لەشکر و فڕۆکە دەبەزێندرێت؟
بەدڵنیاییەوە نەخێر، چونکە حکومەتێکی یەکگرتوو زامنی خۆشگوزەرانی و ئـاسایشی تەواوەتی دەکات، گرنگیشە دەنگدەران بە رۆڵی خۆیان هەڵستن و گڕوتین بدەنە خۆیان و خانەوادەکانیان، تا رووبکەنە سندوقەکانی دەنگدان و کەسان و کادری بەتوانا هەڵبژێرن، چونکە ئـەم قۆناغە چەندە سەختە هێندەش ئـەرکی سەرشانی کاندیدەکان سەختر دەکات و دەبێت بێوچان هەوڵ بدەن متمانەی دەنگدەران لەدەست نەدەن و کاربکەن بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و خۆشگوزەرانی زیاتری هاووڵاتیان .
لە کۆتایشدا هەر هەڵبژاردن دەبێتە دەرچەیەک بۆ گۆڕانکاری لە پۆستە ئـیدارییەکان و رێکخستنەوەی سیاسەتی گشتی و پاراستنی ئـەزموونی سیاسیی هەرێمی کوردستان.